▪ پێناسەی نیشتیمان پەروەری لە سەردەمی جەنگی وڵاتاندا.

ژان ژاک رۆسۆی گەورە فەیلەسوف لە دایک بووی 28/1/1712 ی شاری جوانی جونێفی سویسرایە. بۆچونەکانی کاریگەریان لە شۆرشی فەرەنسا هەبوو لە کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتیدا دەڵێ( مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێ بەڵام کۆت و بەند لەهەموو لایەکەوە دەوری دەدات)
لەو سەردەمی جەنگ و کوشتاریەدا ئێمەی کوردیش ڕێک بەو کۆت و بەندە قوفڵ دراوین. چواردەورەمان پڕە لەو دوژمنانەی خەون بە نەمانی ئێمە دەبینین.
بەڵام ئایا ئێمە لەو بارودۆخە بە چ هزرێک پێناسەی نیشتیمانی خۆمان بکەین؟
دەڵێن (نیشتیمان خاکە لە شێوەی دایک و مەعشوقدا، یان دایک و مەعشوقە لە وێنەی خاکدا.)
منیش دەڵێم..
نیشتیمان: دایکە، ویژدانە،ئارامیە،شەرەفە.
نیشتیمان: سێبەرە،دەوایە،شکۆیە،هێلانەیە.
لەسەر هەر تاکێکی نیشتیمان پێویستە،دایکمان لەباوەشبگرین، بەویژدانەوە خزمەتی بکەین،بەئارامی بیخەوێنین و پارێزگاری لەو شەرەفە مەزنە بکەین. لەژێر سێبەری نیشتیمانی دایکمان وچانێک بدەین و دەوای دەردی برینەکانی بکەین و بەشکۆوە لێی بڕوانین، هێلانەکەمان لە هەر هێرشێکی دوژمن بپارێزین.
پاراستنی کوردستان ئەرکی سەرشانی هەموومانە، بەتایبەت لەو کاتە هەستیارەدا کە جیهان لە جەنگ و خوێندا وا نقووم دەبێ، ئەگەر بێت و لەو دیمەنانەی جەنگ ڕامێنین دەبێ ئەوەمان لە هزبێ کە ئەو قەلەڕەشانەی دوێنێ گۆشتی ئێمەیان دەخوارد ئەمڕۆ بونەتە خۆراک و نێچیری هەڵۆکان. بۆئەوەی ئێستا لەو قەلەڕەشانەی پەلەقاژەی مردن دەکەن پارێزراو بین دەبێ لەگەڵ هەڵۆکاندا بفڕین.
هەوڵدان بۆ پاراستنی شکۆی کوردستان، ئەو شەرەفە مەزنەیە کە مردن لەپێناویدا بۆ هەمیشە بە زیندووی دەتهێڵێتەوە، بە پێچەوانەشەوە فرۆشتن و خیانەتکردن لە نیشتیمان هەموو ڕۆژێک بە زیندووی هەزاران جار بە ڕووڕەشی مرۆڤ دەتوێنێتەوە.

“پاراستنی کوردستان ئەرکی سەرشانی هەموومانە”


کوردستان خاک و موڵکی ئێمەیە بوونی ئێمە لەسەر ئەو خاکە و پاراستنی بە ڕوحێکی پێشمەرگە ئاسا ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە لەهەر شوێنێکی دونیا بێت.
لەو بارودۆخەدا نە سزادانی نەوەکانمان بە بایکۆتی مامۆستا سوود بە نیشتیمان دەگەیەنێ، نە کوشتنی نەخۆشەکانمان لەلایەن دکتۆر و پەرستارەکان بەناوی بایکۆت دەتوانێ ئارامی بۆ کوردستان بهێنێ.
بۆیە لە کۆتایدا دەڵێم:خۆشویستنی نیشتیمان بە ڕاگرتن بە پاکوخاوێنیەتی و هەستکردنە بە بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەریدا. نەک سەماکردنە بە ئاوازی مەرگ لە ئاهەنگی قەلەڕەشەکاندا.

کلارا محمدامین.
١/١١/٢٠٢٣

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.