نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ یادی 25ـی نۆڤێمبەر كە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، پەیامێكی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی تشرینی دووەم، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ 25ی نۆڤێمبەر لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، هەموو پشتگیرییەك بۆ كەمپەینی 16 ڕۆژەی كار و چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات دەكەینەوە. لێبڕاوانە بەرانبەر بە هەر جۆرە توندوتیژییەك دژی كچان و ژنان و هەراسانكردنیان لە هەر كوێ و بە هەر پاساوێك بێت، دەوەستینەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەم ڕۆژەدا یادی هەموو ئەو ئافرەتانە دەكەینەوە كە ستەمیان لێ كرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەنرایەوە. هیچ شتێك دادی ئازاری گەورەی خێزان و دایك و باوكانی ئەو قوربانییانە نادات. تاكە دڵنەوایی بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی دادوەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بكرێت. هەروەها بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی خانمانی چالاك و مامۆستایانی ئاینی و هەموو ئەوانە دەڕوانین كە بەهەر شێوەیەك بێت، بۆ باشتركردنی دۆخی ئافرەتان كار دەكەن.
لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لەم یادەدا پابەندیمان دووپات دەكەینەوە كە بە ئیرادەیەكی پتەو و بە رژدی بەرەنگاری هەموو توندوتیژی و پێشێلكاری و دەستدرێژییەك بەرانبەر بە ئافرەتان و مافەكانیان دەبینەوە. لە هاوئاهەنگی و كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین. هەرگیز له كار و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و دادپەروەر و یەكسان كۆڵ نادەین.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.