▪ چۆن ڕەخنەی بنیاتنەر بگرین؟
فرسەت سەید شکور
ڕەخنە بە گشتیی دیدێکە لە ھزری تاک لە ئاگایی بەردەوامی بۆ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری دروست دەبێت، کە ئەمەش حاڵەتێکی ئاسایی و گرنگی مرۆڤە بەشێوەیەک جیایی دەکاتەوە لەوانی دی، بەوپێیەی مرۆڤ تا بیرنەکاتەوە، تێگەیشتنی بۆ ڕووداوەکان نەبێت بە دڵنیاییەوە ڕەخنەشی بۆ دروست نابێت. ”فەرهەنگی ئۆکسفۆرد” ڕەخنە بەم شێوەیە وێنا دەکات: “بەیانکردن یاخود نیشاندانی ناڕازیبوون لە هەمبەر کەسێک یان شتێک بە تێگەیشتن لە هەڵە و کەموکووڕییەکانی” یەکهمین جار یۆنانییەکان ئهم زاراوه (ڕهخنه)یان داهێنا، که به زمانی یۆنانی پێی دهڵێن “کریتیکۆیێ”، واته هونهری ههڵسهنگاندن و لێکدانهوه. تاکی ھوشیار، ناکرێت لەھەمان کات تێگەیشتنی بۆ ئازادی و پرەنسیپە باڵاکانی دیموکراسی ھەبێت و ڕەخنەی قبوڵ نەبێت، بەبێ قبوڵ کردنی ڕەخنە تاک لەدۆخی ئاسایی خۆیەوە دەبێتە دیکتاتۆر و ڕەتکەرەوەی ھەموو شتێک، ئەمەش وادەکات کە لە ژیانی ئاسایی خۆیدا سوود لە دیدی جیاوازیی کۆمەڵگەکەی وەرنەگرێت و لە چوارچێوەیەکی تەقلیدی دووبارە بووەوەدا کاتەکانی تێپەڕێنێت. ئەم حاڵەتە بۆ پارت و سەرکردە سیاسییەکانش دروستە، ئەو سەرکردانەی ڕەخنەیان قبوڵ بووە، لەنێو خەڵک و نیشتمانیان خۆشەویست بوون، بەپێچەوانەوە ھەموو ئەوانەی کە دژی ڕەخنە و بیر و ڕای جیاواز بوون، مێژوو بە ناھوشیار و تێنەگەیشتوو بۆ گۆڕانکارییە عەقڵییەکانی مرۆڤ لە قەڵەمیان دەدات. (ئیمانوێل کانت) ڕابەری بزووتنەوەی فەلسەفەی ڕەخنەیی لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەرکی سەرەکی فەلسەفە وەک ڕەخنەیە نەک پاساودان بە زانین. لەم ڕووەوە، ھەمووان لەسەر ئەوە کۆکین کە وڵاتی سەرکەوتوو، کۆمەڵگەی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای ڕەخنەی دروست و لۆژیکی دروست دەبێت، بەڵام بنەڕەتی کێشەکە لەوێەوە دەستپێدەکات کاتێک خەڵکانی پۆپۆلیست دۆخەکان دەشێوێنن بەشێوەیەک ڕەخنە دەگرن کە دژی ھەموو بنەما جوان و ڕەوشتییەکانی مرۆڤایەتیی بێت لە بەرگی ڕاستەقینەی خۆی دەربچێت، ئەم ڕەخنانە نەک خزمەت بە کۆمەڵگە ناکەن بەڵکو دەبنە ئامرازگەلێک بەدەست نەیارانەوە کە سوود لە ناکۆکی و گرفتی ئەم دوو ڕەوتە وەردەگرن. گرنگە ڕەخنەگرتن، لەسەر بنەمایەکی عهقڵانی و بەپێی بەڵگە و داتا و لۆژیک بێت، هەروەها هێمنانە بەڕێوەبچێت و دۆخ شێوێن نەبێت، ئەو دەرفەتە بۆ ساخکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بابەتی مەبەست دێنێتە کایەوە. واتە کەڵکوەرگرتنی هۆشیارانە لە ڕەخنە، هەڵدان و گەشەی تاک، گرووپ و کۆمەڵگەی بەدوادا دێت. هەموو شتێک ڕێژەیییە؛ تەمەن، چالاکی، پێشمەرگایەتی، حزبایەتی، متمانە، ئازایەتی، ڕێبەرایەتی، سەرکردایەتی، کەسایەتی و کاری سیاسی. کەس ئەڵماس نییە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە. ڕەخنەگرتن بۆ باشتربوونە؛ بۆ هەڵدان و گەشەی تاک، گرووپ، حزبی سیاسی و حکوومەتە. بەهێزیی کۆمەڵگە و تاک، هەروەها کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی گفتوگۆ، دۆزینەوەی زمان و کۆدی هاوبەش، دیالۆگ و دانوستانی عهقڵانیدایە. بۆ ئەوەی گشت کێشە و گرفتەکان چارەسەر ببن، دەبێ هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت، چونکە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و گرنگیشە ڕەخنەکان لەچوارچێوەیەکی «بنیاتنەر»دابێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.