▪ چی لە عێراق چاوەڕێ دەکرێ؟
ئەسرین عاسی شوانی
دەوڵەتی عێراق هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، لەسەر نەتەوەپەرستی دروست بووە، جا هەر گرووپێک لە عەرەب سوننە بێت یان شیعە، پێشکەوتنخواز بێت یان کۆنەپەرست، چەپ بێت یان ڕاست، هەروەک عەرەبی سەدەکانی ڕابردووی دوورگەی عەرەبی سەبارەت بە کورد و پێکهاتەکانی دیكەی عێراق بیر دەکەنەوە، چونکە سروشتی فەرمانڕەوایانی عێراق وایە، هەر لە سەرەتای دەسەڵات گرتنەدەستیان تا ئەمڕۆ، بە چاوی دوژمنکارانە لە گەلانی غەیرە عەرەب دەڕوانن و بە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی سەرخۆیانی دەزانن.
هەرچەندە نێوانی عەرەبی شیعە و سوننە باش نییە و دوژمنایەتیی لەمێژینەیان هەیە، تەنانەت نێو ماڵی شیعەش ڕێک نییە و بەرژەوەندیی جیاجیا پەرتەوازەیانی کردووە، بەڵام کاتێ کار دەگاتە سەر مافەکانی گەلی کورد و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو کۆنەقین و دوژمنایەتییان بەلاوە دەنێن و بە یەک پاکێج دژی کورد و هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە، هەر وەک دەبینین چەندین ساڵە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنەهات و لە هەوڵی ئەوەدا بوون تەگەرە بۆ حکوومەت و خەڵکی کوردستان دروست بکەن، دژی ئابووریی سەربەخۆی هەرێم و هەناردەی نەوت و پەیوەندیی بازرگانی و دیبلۆماسی و هەموو شتێکی کورد و کوردستان بوون، گوایە هەرێمیان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ داناوە، كە وەکوو عێراق شایستە داراییەکانیان ئەژمار بکرێت.
کەچی دوای ئەوەی هەناردەی نەوتیش ڕاگیرا و دۆسیەی نەوت ڕادەستی عێراق کرایەوە، کەچی دەبینین هەر بە ئاوازی ڕەبابەژەنین سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕۆژ دوای ڕۆژ کێشەی تازەتری بۆ دەنێنەوە. هەموو ئەمانە عەقڵیەتی دواکەوتووی فەرمانڕەوایانی عێراقە کە وای کردووە ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە وەک دواکەوتووترین وڵات دەرکەوێت و پشێوی و شەڕ و ئاژاوەی لێ نەبڕێت، چونکە ئەگەر فەرمانڕەوایانی ئێستای عێراق تۆزێک بیر و هۆشیان هەبێت، ڕابردووی دەسەڵاتدارانی بەر لە خۆیان ڕەچاو دەکەن و دەبینن، کە هەرچییان کردووە، نەیانتوانیوە کورد و دۆزەکەی بسڕنەوە.
پەلامار و هەڕەشە و تەعریب و زیندانی و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان لە ئاست خەباتی نەپساوەی گەلی کورد بوونە بە هەڵم و ئێستاش ئەگەر لە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە سەقەتەیان بن، دووبارە و چەند بارەی دیكە، لەجیاتی پێشکەوتن، عێراق بەرەو وێرانە دەبەن، بەڵام دەبێ کورد لەوە بگات، دەسەڵاتدارانی عێراق هەر کێ بن، بیری شۆفێنیزمی لەسەرووی هەموو فەلسەفەكەیانە و کورد وەکوو دوژمن سەیر دەکەن و بەرامبەر مافەکانی گەلی کورد سەرەڕای ناڕێکیی نێوماڵیان، دژی کورد یەک دەگرن و بە یەک دەنگ و یەک گوتار ڕووبەڕووی داواکارییەكانی کورد دەبنەوە، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراق خیانەت و ناپاكیی یەكێتیی نیشتمانییان قۆزتووەتەوە و ئەو ناڕێکییانەی نێوماڵی كورد بۆ خۆیان وەسوود دەهێنن و لە هەوڵی لاوزازكردنی هەرێمی كوردستاندان و هەر ڕۆژەی بە دەردێکەوە گیرۆدەی دەکەن، تا نەپەرژێتە سەر مافە دەستوورییەکانی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.