▪ چی لە پشت هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێرەوەیە؟
فرسەت سەید شکور
لە دوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل-فەڵەستین، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئەو ووڵاتانەی کە لە هەردوو تەرەف نزیکن وەکو جوگرافیا و سیاسەت و ستراتیجیەت، پریشکی ئەم ئاگرەیان بەرکەوتووە. عێراق هەمیشە بەوە ناسراوەتەوە کە خاوەنی سەروەری خاکەکەی نییە، لەگەڵ ئەوەی حکوومەت و دامەزراوە یاسایی و سەربازییەکانی لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی هەرێمی ناوچەکەدایە، تەنانەت خاکەکەشی کراوەتە شوێنی یەکلایکردنەوەی جەنگ و ململانێکان.
تێوەگلانی عێراق لەم جەنگە بەهۆی کورتبینی هەندێک هێزی سیاسیی نزیک لە دەوڵەتێکی ناوچەییەوەیە، بە مەرامی خزمەتکردنی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەوان سەروەری عێراقیان لەناوبردووە و ووڵاتەکەیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، چەندینجارە گرووپە لە یاسا دەرچوو و بێناسنامەکان، هەولێری پایتەخت دەکەنە ئامانج لەڕێگەی درۆن و هێرشی دوورە دەست و ترسنۆکانەوە، گرووپە لە یاسادەرچووەکان هیچ بەها و نرخێک بۆ (حکوومەتی عێراق) دانانێن و بە ئاشکرا لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراقەوە بۆردوومانی هەولێر دەکەن.
هێرشە درۆنییەکانی گرووپە میلیشیاکان لەم خاڵانەدا کورت دەبنەوە، بەشێوەیەکی گشتیی:
یەکەم: گواستنەوەی دۆخی ناسەقامگیریی و شێواوی ئەمنییەت لە شارەکانی دیکەی عێراق بۆ هەولێر و تەگەرە دروستکردن بۆ خۆشگوزەرانییەکەی.
دووەم: تێکدانی سەقامگیریی و تەناهی هەولێر کە ئێستا نموونەی پێکەوەژیان و ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
سێیەم: بەجێگەیاندنی مەرامی دەوڵەتێکی ناوچەیی کە هەولێر ئامادەنییە لە ژێر سایەی حوکمی خۆسەپێنیدا پیلانەکانی بۆ جێبەجێبکات، ئەوەی لە شوێنی دیکە بۆی دەچێتە سەر لە هەولێر خەتی سووری لەسەرە.
چوارەم: بەردەوامیدان بە سیاسەتی خۆسەپاندن و فشارە ئابووریی و سیاسییەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەهێزی هەرێمی کوردستان شکستی بەم هەوڵانە هێناوە.
پێنجەم: سست کردنی دامەزراوەکانی عێراق، بەوپێیەی ئەم گرووپە بێناسنامانە، هیچ بەها و نرخێک بۆ حکوومەتی عێراق دانانێن و لەژێر دەسەڵاتی هێزە سەربازییەکانەوە ئەم هێرشە درۆنیانە ئەنجامدەدەن.
شەشەم: گرێدانی هەرێمی کوردستان بە جەمسەربەندیی هەرێمییەوە بە واتایەکی تر هەولێر لەبری بەغدا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی هەیمەنەیان بەسەر عێراقەوە هەیە.
حەوتەم: بەردەوامیدان بە بەرنامەی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و سڕینەوەی ناسنامە نیشتمانییەکەی.
هەشتەم: لە ڕاستیدا ئامانجەکە گورز وەشاندن نییە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەڵکو مەبەستیانە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە کوردستان لە مەترسیدا بێت.
پوختە
هەرچەندە فشارە ئابوورییەکان و ئابڵووقە نایاساییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر کراون، ئەم هێرشە درۆنیانەش بەشێکن لەو پیلانانەی بەردەوام دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشدا سەرجەم بەرنامە و پیلانی نەیارانی پووچەڵکردۆتەوە و ڕێگری لە تێکدانی ڕەوشی هەرێمی کوردستان داوە، ئێستاش ئەرکی حکوومەتی عێراقە ئەگەر وەکو حکوومەت ماوە! لەگەڵ نێردەی نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتان و نەتەوەیەکگرتووەکان، سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێنن کە لەبری شێواندنی سەقامگیریی هەولێر، عێراق بە دەوڵەتێکی بێ (سیادە) و شکستخواردوو لە قەڵام دەدات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.