▪ چەكی تەبایی بەهێزترین و كاریگەرترینە


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی


مێژوو دوێنی وئێستا و سبەیش گەواهیدەرن كە نەتەوەیی كورد ،وەك گەلێكی ڕەسەن و ستەملێكراو وخاك و نەتەوە دابەشكراو هەمیشە خەباتی كردووە لە پێناو ئەوەی رووبەڕووی یەكتر بێتەوە و شكۆ و سەنگی یەكتر تێكبشكێنێت ، نەك لەبەر ئەوەی زیاتر كورد وكوردستان بەرەو دابەشكاری وناوچەگەرێتی وخۆپەرستی و حیزبایەتی بەرتەسك ببات ، بەڵكو هەردەم ستراتیژ و ئامانجی بۆ ئەوە بوو تا مافە زەوتكراوەكانی و ئینجا ئیرادە و شكۆ پارێزراو بێت ، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ وتێكۆشانانەشدا ، راستییەك هەیە كە نكۆڵی لێناكرێت ، دوژمنان وداگیركەران هەرگیز درێغییان نەكردووە لە دروستكردنی ناكۆكیی وناتەبایی ئەویش بۆ یەك ئامانج نەگەیشتنی كوردوكوردستان بووە بە ماف و ئاواتەلەمێژینەكانی.
بۆیە، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە كاتێك ناتەبایی وناكۆكییە لە نێو ریزەكانی خەباتی گەلی كورد دروست بوو بێت ئەو ناحەزانیش بەهەموو توانایەكەوە هەوڵی ئەوەیان داوە كە زیاتر ئاگرەكە و لێكترازان و زنجیری یەكریزی لێكبترازێنن ، ئەوەش وایكردووە كە زیانی گەورە لە گشت روویەكەوە بە دۆزی رەواییە گەلەمان بگات ، ئەگەر ئاماژەش بە سێ دەیە حكوومرانی لە هەرێمی كوردستان بكەین ، نموونەی دیار وبەرچاو شەڕی نەگریسی كورد دژی كورد بووە ، ئینجا بەكارهێنانی پەكەكە بووە بۆ شەری كورد و ریزەكانی خەباتی نەتەوەییمان ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەشدا سەركردایەتیی سیاسی گەلی كورد بە خوێندنەوەی وردبینانە و ژیرانە توانیویانە ڕێگە لەو بەریەككەوتن و شەڕە نەگریسانە بگرن و ڕەتی بكەنەوە و حەرامی بكەن وچونكە نەك هەر زیانی گیانی وخوێن ڕشتن بەڵكو زیان بە شوناس و سەنگ و خەباتی كوردیش دەگەێنێت ،ئەو خەونەی كە دوژمنان هەمیشە هەوڵیان بۆ داوە .
لەگەل ئەوەشدا ،ستراتیژی سەرەكیی گەلی كورد بەرابەرایەتیی بارزانی و هیوای هەموو دڵسۆزانی ئەم گەل و نیشتمانە لە پێناو تەبایی و یەكدەنگی نێوماڵی كورد بووە بە شێوەیەكی گشتی ، راستە كوردستان لە رووی جوگرافیا و سیاسییەوە لە ناوچەیەكی هەستیار و پڕململانێەوە ، ئەوەش وایكردووە كە چەندین ئاستەنگ و كۆسپ لەبەردەم كاروانی خەباتی دروست ببێت ، دوژمنانی زۆر نامەردانە و لە هەر دەرفەتێكدا هەوڵی پەڵاماردانی ئەم گەلە و دەستكەوتەكانی كردووە .
ئەوەی لە رابردوو و ئێستا زیانی بەدۆزی كورد گەیاندووە ، بەدڵنیاییەوە ناتەبایی بووە ، كە وایانكردووە كە داگیركەران و دوژمنان بەویستی خۆیان یاری بە چارەنووسی گەلی كورد بكەن ، چونكە كاتێك جەستەی نیشتمان لاواز بێت ، ئەوا بۆ نەیارانی زۆر ئاسانتر دەبێت تا كۆ پەڵاماری بدرێت ، پێچەوانەكەشی دروستە كە كاتێك یەكریز بین ئەو بەهێزترین و كاریگەرترین چەك دەبین بەرامبەر دوژمنان وداگیركەران.
بۆیە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە نەك تەنها لە چوارچێوەی بازنەی یەكریزی و تەبایی دا بخوڵێنەوە ، بەڵكو پێوستە هەنگاوەكان هەموو ئەو بەستەڵكەكانەی كە كاروانی خەبات و قوربانیدانی ئێمەیان بۆ گەیشتن بە مافە دەوڵەتبوون و سەربەخۆییە تێكبشكێنێت ، چونكە كاتی ئەوە هاتووە هەمووان بەرپرسیارانە و لۆژیكانە بەرامبەر بە دۆزی رەوایی گەلەكەمان مامەڵە بكەین ، كاتی ئەوەیە پشیتوانی هەنگاوەكانی حكوومەتی كوردستان بین و هەمووان بۆ یەك ئامانج و یەك ماڵ هەوڵ وتێكۆشان بكەین ، خزمەتی گەلەكەمان بكەین و دیموكراسی كوردستان بەرٍێگەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دوانەخستنی پەرەپێبدەین و بەكردەوە قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزین و داكۆكیی وڕژد بین لە سەر بەدەستهێنانی گشت مافەرەوا دەستوورییەكانمان لە عێراق وخۆمان بۆ قۆناغی داهاتوویی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە وجیهان بەتەبایی و یەكدەنگیمان ساز وئامادە بكەین كە كاریگەرترین و بەهێزترین چەكە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.