▪ چەند سەرنجێك دەربارەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوشتن
ئەزیزانم گەرچی بابەتەکە تۆزێک دوور و درێژە بەڵام بەپێویستم زانی بەوردی تیشک بخەمە سەر گرنگترینی بابەتەکان، تۆی بەڕێزیش گەر توانای هەڵگرتنی بەرپسیارێتیت هەیە بەرامبەر دەوروبەرت، دڵنیابە ئەم بابەتە سوودی زۆری دەبێت بۆت.
خۆکوشتن بریتیە لە کۆتایهێنانی خودکارانەی مرۆڤ بە ژیانی خۆی، ئەم کارەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خۆیەتی بۆ ژیانی، کە زۆر جار ئەم کارە سەرکەوتوو دەبێت و کۆتایی بەژیانی دیت و زۆر جاریش سەرکەوتوو نابێت و کەسەکە لە ژیان دەمێنێتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهاوکاری کۆمەڵەی نێودەڵەتی بۆ رێگریکردن لە خۆکوشتن و فیدراسیۆنی جیهانی دەروون دروستی لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاریاندا رۆژێک دیاری بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن، ئەوەبوو ١٠ی سێپتێمبەری هەموو ساڵێک بە ( رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوشتن) دیاریکرا، کە ساڵانە کۆمەڵێک چالاکی جۆراو جۆر لەم رۆژەدا ئەنجام دەدرێت.
بەپێی داتا و ئامارە جیهانییەکان خۆکوشتن دووەم هۆکاری گیان لەدەستدانە لە جیهان و لە سەدا ٣٠٪ بۆ ٧٠٪ ی خۆ کوشتنەکان پەیوەندیان هەیە بە خەمۆکی و تەنگژەی دەروونی و زەبری دەروونی چونکە لەم کاتانەدا مرۆڤ بیرکردنەوەی دەشێوێت و ناتوانێت ژیرانە دروست بیر بکاتەوە، ئەگەر ئەم حاڵەتەش چارەسەر نەکرا ئەوا هەست دەکات کەسێکی بێ هیوا و بێ نرخە و بیر لە کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی دەکاتەوە.
لە دەرەنجامی ئەم داتایانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە گرنگە رۆژێک بۆ ئەم بابەتە دیاریکراوە بەڵام رۆژێک بەس نیە و پێویستە لە هەموو کاتێکدا کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی بکرێت بۆ پاراساتنی ژیانی مرۆڤ.
هەندێ بیر و باوەری هەڵە هەن دەبارەی خۆکوشتن کە بەداخەوە زیاتر هانی کەسەکە دەدا بۆ خۆکوشتن یاخود گرنگی کەسانی دەوروبەر بۆ حاڵەتە کەم دەکاتەوە
بیر و باوەرەهەڵەکان ئەمانەن :
*ئەو کەسانەی کە باس لە خۆکوشتن دەکەن یاخود هەڕەشەی خۆکوشتن دەکەن، خۆیان ناکوژن.
*/ خۆکوشتن لەناکاو روودەدات بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت.
*/ ئەوکەسانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن جارێکی تر، هەوڵی بۆ نادەنەوە.
*/ هەموو ئەو کەسانەی بیر و باوەری خۆکوژیان هەیە، نەخۆشی دەرونیان هەیە.
ئەمانەی سەرەوە کۆمەڵێک بیر و باوەڕی هەڵەن و پێویستە ئێمە بە وریاییەوە مامەڵەبکەین، بابەتە بەهەند وەربگرین و ئەوەی تەنانەت بۆ جارێکیش باسی ئەم بابەتە بکات نابێت بایەخی پێ نەدریت و دەبێت بە گرنگیەوە لێی بڕوانیت چونکە، بەداخەوە بابەتی خۆکوشتن بە چەند قۆناغێک گوزەر دەکات ئینجا دەگاتە قۆناغی تەواوەتی و دەبێ تۆی ئازیز لێی بەئاگا بیت و بیانزانیت
قۆناغەکانی ئەنجامدانی خۆکوشتن ئەمانەن:
١/ هزر یاخود بیرکردنەوەی خۆکوشتن:بیرکردنەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە خۆکوشتن یان خۆ ئازاردان، بەڵام بەبێ دەربڕینی نیەتێکی راست و هەبوونی رەفتاری خۆکوژی.
٢/ هەڕەشەکردن بە خۆکوشتن: راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەرێگای دەربرینی قسە یان نوسینەوە هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات، بەڵام بەشێوەی کرداری هیچ ناکات.
٣/ رەفتاری خۆکوژی: هەندێ رەفتار دەکات بە مەبەستی خۆ ئازاردان کە دڵنیایە نابێتە هۆی مردن وەکو هەوڵدان بۆ بڕینی دەماری مەچەکی بە چەقۆیەکی پلاستیک، یاخود خواردنی چەند دەنکە حەبێک کە زیاترە لە چارەسەر بەڵام کوشندە نیە.
٤/ هەوڵی خۆکوشتن: زیان بە خۆ گەیاندن کە لەوانەیە ببێتە هۆی برینداری بچوک یان گەورە، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی ئەنجامی دەدات، وەکو بریندارکردنی جەستەی خۆی.
٥/ خۆکوشتنی تەواوەتی: بە تەواوی کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت لە رێگات گرتنە بەری یەکێک لە رێگاکانی خۆکوشتن، وەک ( بەکارهێنانی چەک، خۆ سوتاندن، خۆ خنکاندن، دەرمانخواردن….هتد).
ئەمانە کۆمەڵێک قۆناغن کە ئەم کەسانە پێی دا تێپەڕ دەبن و گرنگە هەستیان پێ بکریت و بزانرێت کەسەکە نیازی چی هەیە، رەنگە بڵێن چۆن بزانین؟
هەموو کردارێکی خۆکوشتن کۆمەڵێک ئاماژەی پێشوەختەی هەیە و دەگمەنن ئەو کردارانەی بێ ئاماژەن، ئەگەر هاتوو توانیمان ئاماژەکان بناسینەوە ئەوا هەنگاوێکی گرنگ دەبیت بۆ رزگارکردنی کەسەکە،
کە خۆی لە چوار شێوازی ئاماژە دەربڕین دەبینێتەوە:
شێوازی یەکەم: ئاماژەی راستەوخۆی زارەکی: کەسەکە لێرەدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە دەوروبەرەکەی دەڵێت ( خۆم دەکوژم)، یاخود لە کاتی توڕەبوون دا بە بەرامبەرەکەی دەڵێت لە داخی تۆ خۆم دەکوژم یانیش فلان شتم بۆ نەکەن خۆم دەکوژم.
شێوازی دووەم/ ئاماژەی ناراستەوخۆی زارەکی: ماوەیەک پێش هەوڵی خۆکوشتن چەند وتەیەک دەردەبڕێت کە ئاماژەن بە بێزاری و نائومێدی وەکو ( کەی ئەمە ژیانە، مردن خۆشترە لە ژیان، من ئیتر کەسێکی بێ سودم و نرخم نیە)، لەگەڵ ئەمانەشدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی یان هاوڕێکانی هەندێ وتە دەردەبڕێت وەکو ( ئەگەر یەکترمان بینیەوە جارێکی تر، گەردنم ئازاد بکەن، رەنگە قەدەر رێگە بە بینینەوەمان نەدات).
شێوازی سێیەم: ئاماژەی راستەوخۆی نازارەکی: بە شێوازی کرداری ئاماژە دەداتە چوار دەوری خۆی کە نیەتی خۆ کوشتنی هەیە وەکو ( پەیداکردن و تاقیکردنەوەی چەک، کۆکردنەوەی حەب، پەیداکردنی ماددەی ژەهراوی، ئامادەکردنی نەوت یان بەنزین، چونە شوێنی بەرز).
شێوازی چوارەم: ئاماژەی ناراستەوخۆی نازارەکی: ماوەیەک پێش هەوڵی خۆکوشتن هەڵدەستێ بە رێکخستنی شتە تایبەتەکانی خۆی وەکو شتی ناوماڵ، قەرزدانەوە،یان بەخشینی شتەکانی) یاخود پێشتر کەسێکی گۆشەگیر بووە بەڵام لەم ماوەیەدا سەردانی زۆربەی خزم و کەس و هاوڕێکانی دەکات، وەکو خواحافیزی کردنێک.
ئەمانەش کۆمەڵێک ئاماژەی تر بوون کە کەسەکە نیشانی دەدات کە دەیەوێت چی بکات و یارمەتی تۆ زۆر پێویست دەبیت بۆ ئەو و تا بۆت دەکریت پەیوەندیەکان بەهێز بکەن و هاوسۆز و هاوبەشی یەکتری بن لە پێناو یەکتر گوێ لە راز و نیازەکانی یەکتر بگرن و لەکاتی خەم و دڵتەنگی یاخود تەنگژەی دەروونی یان زەبری دەروونی زیاتر هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن و دۆستەکانتان بە تەنیا بەجێ مەهێڵن.
هەرکاتێک ئەم نیشانانە لە کەسێکدا هەست پێکرا، گرنگە پاڵپشتی دەرونی پێشەکەش بکرێت و ئەو هۆکارانەی کە دەبن بە هۆی خۆ کوشتن وەکو (چەک و چەقۆ و نەوت و بەنزین و پەت و دەرمان) لێی دوربخرێتەوە و بەشێوەیەکی دلخوازانە بەڵێنی لێ وەربگیرێت کە کارێکی وا ئەنجام نادات وهەتا بۆتان دەکرێت بە تەنیا جێی مەهێڵن تاوەکو دەبرێت بۆ لای پزیشکی دەرونی یاخود پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١١٩)ی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بۆ ئەوەی راوێژی یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتیان لێ وەربگرن و باشترین چارەسەر پێشکەش بکەن.
بەهیوای سەلامەتی و دەروون دروستیەکی باش بۆ هەمووان.
راهێنەر و راگەیاندکار/ جێگر رشید
بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن و سەرۆکی تیم مۆبایلی هەولێری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/ هەولێر
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.