▪ چەند ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەكی گرنگ بۆ قوتابیان و دایكان و باوكان و مامۆستایان سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم

✅ ئەركی دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:

  1. پێویستە دایكان و باوكان پێش هەموو شتێك كەشوهەوایەكی ئارام و هێمن بۆ ڕۆڵەكانیان لە ماڵەوە بڕەخسێنن، هەروەها لە هەموو ئەو گوفتار و ڕەفتار و كردارە ناپەسەندانە دووربكەونەوە كە ئاڵۆزی و پەشێوی دروست دەكەن، وەك دەمەقاڵی و ناكۆكی و بۆڵەبۆڵ و شەڕ و توندوتیژی و…هتد. چونكە ئەمانە ڕاستەوخۆ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی منداڵ بەجێ دێڵن.
  2. ئەگەر لە توانادابوو، پێویستە دایكان و باوكان ژووری تایبەت بۆ منداڵەكانتان لە ماڵەوە دابین بكەن، چونكە هەبوونی ژووری تایبەت، زیاتر یارمەتی قوتابیان دەدات بۆ ئەوەی سەعی و كۆششێکی باشتر بكەن و چاکتر خۆیان ئامادە بكەن بۆ تاقیكردنەوە.
  3. پێویستە دایكان و باوكان سەرجەم پێداویستییەكانی تاقیكردنەوە بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن، وەك: قەڵەم و قەڵەمبڕ و مەساحە و مەستەرە و هیتر.
  4. پێویستە دایكان و باوكان بەیانی لەكاتی خۆیدا منداڵەكانیان لە خەو هەڵبستێنن، بۆ ئەوەی لەكاتی خۆی لە قوتابخانە ئامادەبن و لە تاقیكردنەوە دوانەكەون، چونكە زۆرجاری وا هەبووە قوتابی لە خەودا ماوەتەوە و تاقیكردنەوەكەی لەكیس چووە و ئەو ڕۆژە مافی بەشداریكردنی نەبووە.
  5. پێویستە دایكان و باوكان نانی بەیانیان بۆ قوتابییەكانیان ئامادە بكەن، چونكە لە ڕووی زانستییەوە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە سەلمێنراوە كە نانی بەیانی كاریگەریی هەیە لەسەر یادگە و مێشك و دڵ و دەروونی منداڵ و هۆكارێكیشە بۆ حزوری زەین و مێشك و بیرخستنەوە، هەروەها باشتر وایە ژەمی بەیانی خۆراكە وزەبەخشەكان بە منداڵ بدرێن، چونکە دەبنە هۆی بەهێزكردنی لەش و جەستە، وەك: هەنگوین و هێلكە و شیر و پەنیر و خامە و ماست و…هتد.
  6. پێویستە دایكان و باوكان یارمەتی منداڵەكانیان بدەن بۆ ئەوەی پلانێكی تۆكمە و باش بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە دابنێن، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەكانیان لە قۆناغی بنەڕەتی بوون، چونكە ئەوان بە تەنیا ناتوانن ئەو كارە لە ئەستۆ بگرن.
  7. پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە هەوڵبدەن كەمتر بچنە دەرەوە بۆ سەردانیکردنی کەسوکارەکان، یان گەشت و سەیران و بازاڕ، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئاستی زانستی مناڵەكانیان بەجێ نەهێڵێت.
  8. پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە گشت ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لەبەردەستی مناڵەكانیان دوور بخەنەوە، تەنانەت تا بكرێت خۆشیان كەمتر بەكاری بهێنن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سەرقاڵبوون و دووركەوتنەوەی قوتابیان لە كەشوهەوای خوێندنەوە و سەعیكردن.
    ✅ ئەركی قوتابیان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
  9. پێویستە قوتابی پێش هەموو شتێك پشت بە خوای گەورە ببەستێت، چونكە خوای گەورە لەبارەی ئەو كەسانەوە كە پشتی پێ دەبەستن دەفەرمێ: وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ.
  10. پێویستە قوتابی پلانێكی تۆكمەی هەبێ بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پلانە نەخشەڕێگای خۆی دابڕێژێت بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە و چۆنیەتی سەعیكردن و خوێندنەوە و خواردن و خواردنەوە و نووستن و پشوودان و ئامادەبوون لە تاقیكردنەوە و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و….هتد.
  11. پێویستە قوتابی ڕۆژانە ژەمی بەیانی بخوات، چونکە نەخواردنی ژەمی بەیانی زیانی پێ دەگەیەنێت.
  12. پێویستە قوتابی متمانەی بە خۆی هەبێت و كەسێكی ورەڕووخاو نەبێ، یاخود خۆی وا تەلقێن نەكات كە دەرناچێت یان نمرەی باش بەدەست ناهێنێت.
  13. پێویستە قوتابی لە ترس و دڵەڕاوکێ دووربکەوێتەوە، چونكە ترس و دڵەڕاوكێ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی قوتابی بەجێ دێڵێت.
  14. پێویستە قوتابی لە کاتی سەعی و كۆششكردن، خۆی بە بابەتە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ نەکات، بەڵکوو زیاتر تەركیز بخاتە سەر بابەتە گرنگترینەكان، ئینجا گرنگەكان، ئینجا بابەتەكانی دیكە.
  15. پێویستە قوتابی لە كاتی سەعیكردن، شوێنێکی ئارام و دوور لە جەنجاڵی، بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرێت، كە دوور بێت لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو.
  16. پێویستە قوتابی لە تەلەڤزیۆن و مۆبایل و ئەنتەرنێت و هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی و پەیوەندیكردن دوور بکەوێتەوە، تاكوو سەرقاڵ نەبێ پێیانەوە.
  17. پێویستە قوتابی شەو زوو بخەوێت، تاکوو بەیانی زوو لە خەو هەڵبستێت، چونکە خوێندنی بەیانیان لە خوێندنی شەوان بەرهەمدارتر و سوودبەخشترە.
  18. پێویستە قوتابی لە نێوان هەر نیو کاتژمێرێك سەعیکردن، (5-10) خولەك پشوویەک بدات، یان هەر كاتژمێرێک سەعیكردن، (10_15) خولەك پشوویەک بدات، بەڵام نابێ لەكاتی پشوو، خۆی بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە سەرقاڵ بكات، چونكە مێشك و زەینی ماندوو دەكات.
  19. پێویستە قوتابی بە تەركیزەوە بخوێنێتەوە و لە داڵغەڵێدان و هزرپەرتی دوور بكەوێتەوە.
  20. پێویستە قوتابی هەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوە ئامادە بکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ تاقیكردنەوە.
  21. پێویستە قوتابی لە کاتی دیاریکراو لە قوتابخانە ئامادە بێت بۆ تاقیکردنەوە.
  22. پێویستە قوتابی لە هۆڵی تاقیكردنەوە ڕێنمایییەکانی کارگێڕیی قوتابخانە و مامۆستایان جێبەجێ بکات.
  23. پێویستە قوتابی لەكاتی وەرگرتنی پرسیارەکان، نەشڵەژێت و ترسی لێ نەنیشتێت، بەڵكوو هەناسەیەكی قووڵ هەڵبكێشێت، ئینجا ناوی خوای لێ بهێنێت و دوای نووسینی ناوی خۆی و پۆل و هۆبەكەی، دوو سێ جار بە وردی سەرجەم پرسیارەکان بخوێنێتەوە، تا بەرچاوی ڕۆشن بێت ئاخۆ چی دەكات، ئینجا دەست بە وەڵامدانەوە بکات.
  24. پێویستە قوتابی سەرەتا ئەو پرسیارانە وەڵام بداتەوە، کە لە وەڵامەکەیان دڵنیایە، ئینجا بپڕژێتە سەر ئەوانی دیکە.
  25. پێویستە قوتابی هیچ پرسیارێک بەبێ وەڵام جێ نەهێڵێت، بەڵکوو دەبێ وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە، چونكە كاغەزی سپی نیشانەی تەسلیمبوونە.
  26. پێویستە قوتابی پەنا بۆ گزی و قۆپیەکردن نەبات و فێڵ لە خۆی نەکات.
  27. ئەگەر قوتابی پرسیارێكی نەزانی، یان لێی تێنەگەیشت، ئەوا پێویستە داوای ڕوونكردنەوە لە مامۆستای بابەتەكە بكات.
  28. پێویستە قوتابی پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، دووبارە هەموو وەڵام و پرسیارەکان بە وردی بخوێنێتەوە، نەوەک هەڵەیەکی کردبێت، یان شتێکی لەبیر کردبێت، بۆ ئەوەی هەڵەکەی ڕاستکاتەوە.
  29. پێویستە قوتابی پەلە نەكات لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، هەروەها نەكەوێت ژێر كاریگەری ئەوانەی زوو وەڵام دەدەنەوە و دەچنە دەرەوە، بەڵكوو بە باشی سوود لە كاتەكەی وەربگرێت.
    ‌✅ ئەركی مامۆستایان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
  30. پێویستە مامۆستایان کەشوهەوایەکی ئارام بۆ قوتابیان لە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی قوتابیان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەن.
  31. پێویستە مامۆستایان لە هەر جۆرە گوفتار و ڕەفتار و کردارێکی توندوتیژ و شەڕەنگێزانە دوور بکەونەوە و، بە نەرمونیانی هەڵسوکەوت و سەرەدەر لەگەڵ قوتابیان بکەن.
  32. ئەگەر قوتابی پێویستی بە هەر جۆرە هاوکارییەک بوو، پێویستە مامۆستایان بەپێی ڕێنمایییەکان یارمەتیی بدەن.
  33. تا کاتی تاقیکردنەوە تەواو نەبێ، نابێ مامۆستایان فشار بخەنە سەر قوتابیان و ناچاریان بکەن کە هۆڵی تاقیکردنەوە بەجێ بێڵن….

لە کۆتایی دا، هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان دەخوازم.

نووسین: م. محەمەدساڵح پێندرۆیی(جگەرسۆز).
٢٠٢٣/٤/٢٦

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.