▪ ڕاستییەکی شیرین بۆ کورد…!

بێستوون سالەیی

ئەگەر هەندێ جار ڕاستی تاڵ بێت ئەمە بۆ کورد دەبێت زۆر شیرین بێت کە کورد هیچ بەدیلێکی دیکەی بۆ خۆی نیە جگە لە رێککەوتن و یەکگرتن، ئەمە ڕاستیێکە حاشا هەڵناگرێت…
بەڵام تاکەی کورد دەبێت ئەم وتەیە هەر بەگوێی خۆیدا بڵێتەوە؟!
ئەم قەوانە خۆشە هەمووان دەیزانن و لەبەریانە بەڵام کەس وانەیەی لێ وەرناگرێت و جێبەجێ ناکرێت…!
لە سەرتاپای جیهان ئاڵۆزی و پشێوی لە نێوان وڵاتاندا بوونی هەیە، ئەو ئارامیەی لە زۆرێک لە وڵاتاندا بوونی هەبوو، خەریکە نامێنێت و ناسەقامگیری باڵی کێشاوە بەسەر سیاسەت و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگاکان.
ئەمڕۆ وڵاتان لە دڵەڕاوکێی لەدەستانی ئاسایشی وڵاتەکانیان هەست بە مەترسی گەورە دەکەن، زۆرێک لەوانە خەریکی خۆپڕچەککردن و بەهێزکردنی لایەنی سەربازی و دەزگا سیخوڕییەکانیان.
بە گشتی متمانە و بڕوا لاواز بووە و بۆ یەکتر لە بۆسەدان، ئەم مەترسیانە بەجۆرێکە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی ئەوکۆمەڵگایانە، گرانی و ناجێگیری دۆخی ئابووری جیهان لە هەموو وڵاتاندا ڕەنگی داوەتەوە کە ئەمە یەکێکە لە کاریکەرییەکان.
دروشمی پاراستنی مافی گەلان کە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ باسی لێوەکردووە ، لە پراکتیکدا درۆیێکی گەورەی مرۆڤەو بە تایبەتتر درۆ و فریوی ئەو خاوەن دەسەڵات و زلهێزانەن کە هەمیشە بانگ بۆ ئازادی و دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەدەن..
زلهێزەکان، ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتی سەربازی بەهێز و ئەوانەی زەوی و ئاسمانیان لە نێوان خۆیان دابەش کردووە مەحاڵە مافی گەلانی جیا لەخۆیان بپارێزن و خاوەنی ڕێز بن بۆ خەڵکی تر..!
زلهێزەکان، باڵادەست و خاوەن ئابووریە بەهێزەکانی جیهان شەڕیانە لەسەر بەهێزکردنی دامودەزگاکانی خۆیان، دەیانەوێ باڵادەستترو بەهێزترینەکانی جیهان دەرکەون ، جا چۆن مافی گەلان دەپارێزن؟!

ڕکابەری و ململانێکان لەگەڵ گەلانی بێدەسەڵات و هەژارو لاوازەکان نییە بەڵکو ئەوان لەسەر حسابی ئەو گەلانە خۆیان بەهێزدەکەن، شەڕە گەورەکە لەنێوان بەهێز و بەهێزترینەکانە..
بەڵام ئەوەی دەکەوێتە بەر شاڵاوی بێهێزکردن و داپڵۆسین و ئازاردان گەلە هەژارو چەوساوەکانن کە بە ئاگری شەڕی نێوان بەهێزەکان دەسووتێن…
بۆ کورد، درۆکان درۆی زەقن و بە درێژایی مێژوو فریوی ئەو دروشمانەی خواردووە، کە بەداخەوە هەمیشە پشتی پێ بەستووە…!
بەدبەختی کورد لەوەدایە یەکبوون و تەباییبوون هەڵوێستێکی قوورسە، دەترسین لەوەی جێبەجێی بکەین بە شکستی لایەک بشکێتەوە یاخود دەترسێین لەوەی بەرژەوەندیەکان لەدەست بچن، دەترسێین لەوەی لایەک بەهێز و ئەوەی دی بێهێز دەرکەوێت، دەترسێین لەوەی ئاخۆ دەسەڵات لە دەست کێ بێت..!
یەکبوون و تەبایی تەنیا بەدیلێکە کە دەتوانێ لە بەرامبەر ململانێ و ڕکابەریە ئیقلیمی و جیهانییەکان بووەستێتەوە، دەتوانێ ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزێت. ئەم ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە و تەنها نییەت و ئیرادەی پێویستە، چونکە کورد هەر کوردە ئەگەر لەهەر شوێنێک بێت گەر مەبەستی بێت دەتوانێ لەگەڵ خۆیدا رێکبکەوێت…
بەهێزبوون هەمیشە لە یەکگرتن و یەکدەستی و تەباییدایە، بە پێچەوانەی ئەمە گەر کورد یەکریزی خۆی نەپارێزێت لاواز و بێهێزتر دەبێت، لەهەمان کاتدا داگیرکەرو زۆردارەکانیش بەهێزتر پەلامار دەدەن…

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.