▪  ڕۆژی ژینگەی جیهانی (World Environment Day)

ڕوناک فازڵ

ساڵانە لە ڕۆژی پێنجی حوزەیران هەموو ووڵاتانی جیهان یادی ڕۆژی ژینگە دەکەن. ئەم ژینگە دەگمەنە کە زەوی هەێتی ئەستەمە هاوتای هەبێت لە گەردووندا. هەرچەندە هەندێك لە توێژینەوەکان کە لە ڕووی ئیحصائیەوە ئاماژەدەکەن بە هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هەسارەی هاوتای زەوی بەڵام ئەوەندە دوورن کە تانانەت پەیوەندیش لە گەڵیان ئەستەمە.

بۆیە ئەوەی لە بەردەستمان هەیە یەك دورگەیە لە نێو ئەم بۆشاییە گەورەدا کە بۆ ماوەی ملیونەها ساڵانی ڕۆناکی کەس نییە گوێی لە هاواری ئێمەبێت لە کاتی لێقەومان. لەبەر ئەوە مرۆڤایەتی تەنها خۆی هەیە و ئەم زەوییەی هەیە. بۆیە دەبێت زۆر بە جوانی و ووریایی مامەڵەی لە گەڵدا بکات.

بابەتی ژینگە بابەتی گرینگ و سەردەمییە. بۆیە هەموو کەسێك حەزدەکات قسەی تێدا بکات یاخود کار لەم بوارەدا بکات. ئەوەتا گەورە بەرپرسانی ووڵاتان پاش تەواوبوونی ماوەی پۆستەکانیان دەبنە ژینگە پارێز وەك ئاڵ گۆڕ چێگری سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها ئەکتەرە بەناوبانگەکان وەك لیۆناردۆ دیکاپریۆ کە ئێستا یەکێکە لە باڵیۆزانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کاروباری پاراستنی ژینگە.

بەڵام ژینگە پارێزی تەنها بە دار چاندن و فڕێنەدانی بوتلی ئاو ئەنجام نادرێت. ئەم دوو بابەتە پەیوەندی بە رەوشت و هەڵسوکەوتی ئەم تاکەیە کە چ خێزان یان کەرتی پەروەردە سەرکەوتووبونە لەم بوارەدا بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی پاك و ڕەوشت بەرز. لەڕاستیدا کارکردن لە بواری ژینگە پەیوەندی بەشتی نەبینراو هەیە وەك تێکچوونی پێکهاتەی هەوا و ئاو و خاك واتە گۆڕینی کوالتی ئەم پێکهاتانە.  بۆ نموونە ئاشکەرایە کە کشتوکاڵ بابەتێکی زۆر گرێنگە بۆ بوژانەوەی ئابووری تاك یان هی ووڵاتان بە گشتی. بەڵام لابردنی جۆرەها درختی سروشتی بەمەبەستی چاندنی درختێکی خۆراکی بە تێکدانی هەمەچەشنی زیندەوەری لە قەڵم دەدرێت. دواتر بەکارهێنانی پەینی پیشەسازی کاریگەری راستەوخۆی هەیە لە سەر ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵان و بۆ مرۆڤ. هەر وەها کەرتی ووزە و بەکارهێنانی نەوت وەك سەرچاوەی سەرەکی ووزە بەتایبەتی لە حەفتا ساڵی ڕابردودا مرۆڤایەتی خستە مەترسییەوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی دەیان گازی ژەهراوی کە لە هەموویان بەناوبانگتر گازی دووەم ئۆکسیدی کاربوون و میثان و هتد.. لێرەدا پێویستە بزانین کە بۆ سوتاندنی هەر کیلۆگرامێك لە سوتەمەنی بانزین یان گازئۆیل سی کیلۆگرام دووەم ئۆکسیدی کاربوون دروست دەبێت.   

ژینگە خۆی لە خۆیدا شتێکی زیندووە، نەخۆش دەکەوێت و بریندار دەبێت بەڵام توانای چارەسەری خۆێ هەیە هەروەها برینەکانی ساڕێژدەکات بەتایبەتی لە و نەخۆشیانەی کە سروشتین. واتە گازی دووەم ئوکسیدی کاربۆن کە لە سوتانی دارستانێك یان هەڵچوونی گڕکانێك لە ژێر کۆنتڕۆڵی تواناکانی ژینگەدایە. بەڵام سوتاندنی نەوت و بڵاوکردنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاڕبۆن کە بەملیۆنەها ساڵە لەژێر زەوی قەتیسکراوە ئەمە ڕاددە بەدەرە لە تواناکانی ژینگە. بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی تووشی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی و ترشبوونی ئاوی دەریاکان و بەبیابان بوونی زەوی کشتوکالی و هتد..  

“بابەتی ژینگە بابەتی گرینگ و سەردەمییە”

ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش شۆرشی پیشەسازی واتە کەمتر لە ٢٥٠ ساڵی ڕابردوو، پلەی کەرمی زەوی ١،٣ پلەی سەدی زیادی کردووە و ئەم ڕێژەیە لە زیادبووندایە. بۆیە لە کۆنگرەی پاریس بڕیاردرا کەوا کاری خێرا ئەنجامبدرێت بۆ کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاڕبۆن بۆ ئەوەی کاردانەوەکان لە ساڵی ٢٠٥٠ بەدیارکەوێت. ئەویش بە وەستاندنی زیادبوونی پلەی گەرمی زەوی لە ٢ پلەی سەدی بۆ ئەوەی لە دواتر دەست بەکەمبوون بکات.

دواتر بڕیاردرا کە هەموو چالاکییانەی کە دەبنە هۆێ دروستبوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاڕبۆن دەبێت لە ساڵی ٢٠٣٠ کۆتاییان بێ بهێنرێت ئەجینا باری ژینگە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و ژینگە بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچێت. بەداخەوە پشتگوێخستنی پاراستنی ژینگە ژیان و ئایندەی منداڵەکانمان و نەوەکانمان دەخاتە مەترسییەکی زۆرەوە لە نەخۆشی و نەهامەتی و کەمی ئاو و خۆراك. ئەوکات تەنانەت پارەش ناتوانێت ژینگەیەکی خاوێن و خۆراکێکی پاك و ئاوی سازگار دابینبکات. بۆیە شتێك نامینێت بەناوی ووڵات یان نیشتمان یان سنوور. تەنها شەر لە پێناو مانەوە بۆ ماوەیەکی هەندێك درێژتر.

سەرەڕای زانینی ئەم هەموو مەترسیانە سەرجەم ئاراستە زانیارییەکان پێشانیان ئەدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ جیهان ٨٧ ملیۆن برمیل نەوت دەسوتێنێ و ئەم بڕە دەگاتە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل لە ساڵی ٢٠٣٠. بەڵام بەداخوە جیهان گەیشتە ئەم ڕێژەیە دە ساڵ زووتر واتە لە ٢٠٢٠.

ئێمە لە کوردستان تەنانەت وشەیەکمان نییە بەرامبەر بە (Pollution)، واتە زاراوەی پیسبوون بەکاردێنین بەڵام ئەوە ڕاست نییە. هیوادارم کە کۆڕی زانیاری کوردی کاری لە سەر بکات. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئۆتۆمۆبێلەکان بە سەدان جار زیادی کردووە بۆیە کوالیتی هەوا هەر بەرەو خراپی دەچێت. بەڵگەش بۆ ئەوە سەیری پێوەری جۆریی هەوا بکەن (Air Quality Index)، دەردەکەوێت کە هەوای شاری هەولێر هەندێك جار خراترینە لە سەر ئاستی جیهاندا، بۆیە:

  • خەلکێکی زۆر نەخۆشکەوتووە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی و دەرمان یاخود نەشتەرگەری هەیە یان چوون بۆ دەرەوەی ووڵات. ئەمانەش بە دۆلار دەکرێت واتە سەرمایەی ووڵاتمان دەچێتە دەرەوە.
  • زیادبوونی پلەکانی گەرما بەتایبەتی لە ناو شارەکان. بۆیە پێویستیمان بە کارەبای زیاتردەبێت بۆ فێنککردنەوە و هەروەها کڕێنی ئامێری فێنککەرەوە ئەمەش بە دۆڵار دەکرێت دیسان سەرمایەمان دەچێتە دەرەوە. و هەوا گەرمتردەبێت و ئەم سوڕە بەردەوامدەبیت.
  • باران لە شوێنی فێنك دەبارێت چونکە لە کەشی فێنك هەڵم دەبێت بە دڵۆپە دواتر باران. بەڵام گەرمی هەوای شارەکان وادەکات کە نەك باران نەبارێت بەڵکو ڕێژەی شێ لە ناو زەوی کەمببێت واتە دەبێت بە هەڵم و لە شوێنی دوور دەىێت بە لافاو لە کاتێکدا بیابانێکی بە دوای خۆی بەچێهێشتووە لە دەوروپشتی شارەکان و هەروەها کەمی ئاو و ووشکە ساڵی. دواتر دەبێت حکومەت قەرەبووی لێقەوماوان بکات. ئەوەش ئابووریمان دادەرمێنێت.
  • سەرجەم پڕۆژەکان لەسەر بنەمای قازانجی ماددی شیدەکرێت و بڕیاری لەسەردەدرێت. بەڵام لایەنی ژینگەیی تێیدا دراسەت ناکرێت. واتە هیچ قازانجێکی ژینگەیی تێدانییە.
  • تواناکانی تاك لە ژینگەیەکی نالەبار زۆر دادەبەزێت لە هەموو بوارەکان وەك خوێندن و کارکردن هتد.. ئەوەش کاریگەری پێچەوانەی دەبێت لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و ئابووری ووڵات.

بۆیە بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئابوورییەکی بەهێز و تەندروست لە نێو ژینگەیەکی پاك و خاوێندا پێویستە ئاستی رۆشەنبیری و مەعریفی تاك بەرزبکرێت لە ڕێگەی چاندنی خۆشەویستی ووڵات و ژینگە لە ناو ناخی هەر تاکێك. ئەوەش لە ڕێگای:

  • کەرتی پەروەردە

کەرتی پەروەردە تەنها بۆ پێدانی بڕوانامە نییە، بەڵکو بۆ بەرزکردنی ئاستی زانستی تاکە بۆ ئەوەی لا داهاتوودا کار بەم زانستە بکات و کۆمەڵگا بەرەو پێش ببات. هەروەها پێویستە ساڵانە چەندین خۆل بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان بکرێنەوە. ئینجا کار لە سەر پڕۆگڕامی خوێندن بکرێت کە بگونجێت لەگەڵ خواستی کۆمەڵگا و دواتر حکومەت.

  • ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندنی ئاراستەکراو بەرو پاراستنی ژینگە لە ڕێگای مێزگەرد و پڕۆگرام و بابەتی تایبەت بە ژینگە نەك تەنها پێشاندانی تابلۆ لاواز لە نێوان دەنگ و باسەکان.

  • توێژینەوەی زانستی

تەرخاندنی بودجە بۆ کردنەوەی جەندین سەنتەری تایبەت بە ژینگە لە سەرجەم شارەکان کە بە شێوەیەکی تەواوکەری یەکتر کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گۆنجاو بۆ کێشە ژینگەییەکان.

  • دامەزراندنی چەند دەزگایەك لە وەزارەتەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکانی تایبەت بەم وەزارەتانە ودواتر دروستکردنی بانکی زانیاری  بەمەرجێك کە ئەم زانیارییانە بەردەست بن بۆ زانکۆوەکان و سەنتەرەکانی تۆژینەوەی زانستی. ئەوە وادەکات کە چارەسەرەکان بە شیوەیەکی ئۆتۆماتیکی بدۆزرێنەوە.

لەکۆتاییدا ئاستی پێشکەوتنی نەتەوەکان بە پارەو دەولەمەندی هەژمارناکرێت بەڵکو بە تێگەیشتنی ژیانە و چونێتی پاراستنی ژینگەیە تاکو ڕادەستی نەوەکانمان بکەین بە پاك و خاوێنی و گەرەنتی مانەوەی مرۆڤایەتی و هەموو جۆرەکانی تری ژیان لە سەر زەوی بدرێت ئەجینا تەنانەت پەنجەمووریشمان نامینێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.