▪ ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار، بەڵگەنامەی ئیرادە و خۆڕاگری

فرسەت سید شکور

53 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازاری 1970 لە نێوان حکومەتی ئەوکاتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و شۆڕشی ئەیلول لە باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت.
دەرەنجامەکانی ڕێککەوتنەکە “حوکمی زاتی” بوو بۆ گەلی کوردستان.
جاری یەکەم بوو، حکومەتی عێراق دان بەمافەکانی کورد دابنێت، به‌پێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو تاوەکو ساڵی 1977، له‌ڕێگه‌ی سەرژمێری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاریبکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکومەتی عێراق بکات.

دەستکەوت و مێژوو

ئەوڕۆ کە 53 ساڵ بەسەر واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە تێدەپەڕێت، كاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكە بەدەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لە مێژوودا لەقەڵەمدراوە، بایەخی ئەو ڕێككەوتنەكە لەوەدابوو، بۆ یەكەمجار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و یاساییدا لەلایەن یەكێك لەو دەوڵەتانەی، كە بەشێكی كوردستانی لەتكراوی پێوە لكێنراوە،
لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا بنرێت و خرایە نێو دەستوری عێراق، لەو ڕێککەوتنامەیە لە چەندی خاڵدا دانن بە مافەکانی کوردا نراوە ھاوکات گرنگی بە سنوری جوگرافی کوردستان و ئازادی و زمانی خوێندن بە کوردی و گەڕانەوەی قوتابیانی دەکراو، و گەرانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەشداریی لە یاسان دانان و كردنەوەی قوتابخانەی زۆر لە ناوچە كوردییەكاندا و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و قەبووڵكردنی قوتابیی كورد لە زانكۆ و كۆلێجی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە ڕێژەیەكی عادیلانە، ھەروەھا فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن و ھتد..

گرنگی ڕێککەوتنەکە

ڕێککەوتنامەی 11ی ئازاری 1970، دەرئەنجامی ئیرادەی پۆڵاین و خەباتی بێ ووچانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی (کوردستان) بوو، چۆک پێداھێنانی بەھێزترین حیزب و زلھێزترین سوپای ناوچەکە بوو لەو سەردەمەیەدا، (مەلا مستەفا) و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلول ڕێککەوتنامەی 11ی ئازاریان کردە گەورەترین ڕووداوی سەدەی بیستەم، کە ناچاری داننان بوو بە مافەکانی گەلی (کوردستان) و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی، ئەم ڕووداوە ھۆكارێکی سەرەکی زیندوو مانەوەی دۆزی نەتەوەیی کورد بوو.
گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا، خاوەن بە چەندین شۆڕش و سەدان سەروەری و داستانی نەبەردییە، ھەریەک لەو داستانانە، خەباتێکی دوور و درێژ و بێ وچانی بەدواوە بووە، ئەمە جیالەوەی چیرۆکی تراژیدی دایکە شەھید و پێشمەرگەی نەبەزیوویی سەنگەر و بست بە بەستی نیشتمانی پێوە نەخشاوە. گرنگی ڕێککەوتنامەکە لەوەدا بوو کە حکومەتی عێراقی لەوپەڕی بەھێزی خۆیدا بوو، بەڵام بەھێزی و توانستی گەورەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتی بارزانی، ئەو خەونە مێژووییەی کردە واقیع، کە ساڵانێک بوو کورد قوربانی بۆدەدا.

بەند و خاڵەکانی تەواو ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بوو، کورد لە قۆناغی بەگژداچوونەوە و یەکھەڵوێستی و یەک گووتاری لە زاخۆوە تا خانەقین بوو، ئەم یەکڕزییە وایکرد، شۆڕش لە سەرانسەری کوردستان ئارمانجەکانی بپێکێ و چۆک بە حکومەتی زلھێز و خاوەن چەکی پێشکەوتوو و سوپا و پشتیگریی وڵاتان بھێنێت.

ڕۆڵی مەلا مستەفا بارزانی

شۆڕشی ئەیلول لە مێژووی دێرێنی کورد درێژترین شۆڕش بوو بوو کە 14 ساڵ تەمەنی بوو، بەڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی، ئەو لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا تەنھا بۆ یەکجار نەچووە بەغدا، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانووستان خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادکراوەکان، مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی کوردستانی بوونی بە گیانی تاکی کوردا کردەوە.
لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی بارزانی، چوار ڕژێم لە عێراق گۆڕان، عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولرەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر، بەڵام شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خەبات تاوەکو ڕژێمی عێراق ناچاردەکات دان بنێت بە مافەکانی گەلی کوردا، دواتر ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار واژۆ دەکرێت، لە مێژووی کوردا بەفەرمی و لە 14 ماددە عێراق،.

“مەلا مستەفا بارزانی” لە ماوەی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەندەی توانی پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان پەرەپێدا، وەک وڵاتانی ڕۆژئاوای و ئیقلیمی، ھەرچەندە ئەوکاتە پێوەندییەکان سنورداربوون، ئەوکاتی دونیا کوردی زۆر نەدەناسی و گەیاندن ئەوکاتە حزووری نەبوو، بەڵام بارزانی توانی دەنگی شۆڕش و کورد بەدەرەوە بگەیەنێت و سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران بھێنێتە کوردستان”.
“بارزانی” و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەی کوردستانی بوونی بە گیانی تاکی کوردا کردەوە و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان لە دیدی بارزانیەوە سەیر دەکرا، ھەموو کوردی دڵسۆز پشتیوانیان دەکرد، کە دواتریش ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ی لێکەوتەوە.بەو رێککەوتنە، هەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرزبوویەوە. خۆشاردنەوەو بۆردمانی هەمیشەیی گوندەکانی کوردستان کە لە 1961 دەستیپێکردبوو، کۆتایی هات لەسەر ئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی، پرسی کورد لە کوردستانی عێراق تاڕادەیەکی زۆر بەرەوپیشچوونی بەخۆیەوەبینی.

لە ئێستاشدا”هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەکەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێکگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندیەکانی هەموو لایەکە.
ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، لای هەموو لایەک بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.