▪ ڕێککەوتنی کاتی بەغدا و هەولێر ڕەنگدانەوە و کاریگەریەکانی

ڕاژان عەبدولڕحمان پیرۆ

سەرەتا وتارەکەم بە ئەوە دەست پێدەکەم کە عێراق لە ساڵی 2014 وە سکاڵای لەسەر هەرێمی کوردستان تومار کرد لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ، ئەوەبوو لەم ماوەی دواییدا دادگا بڕیاری دا کە نەوتی کوردستان دەبێ لە ڕێگەی عێراقەوە بفرۆشێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە داوای مافە دەستوریەکانی خۆی کردووە لە بەغدا و یەکێک لەو داوایانەش ئەوە بووە کە بنەماکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق بکرێتە پێوەر هەم سەبارەت بە مامەڵەکردن لە گەڵ دۆسیەی نەوت و غازدا، هەمیش لە گەڵ گشت دۆسیەکانی تر کە پەیوەندیان بە مافە ڕەواکانی گەلی باشوری کوردستانەوە هەیە.

بەڵام حکومەتەکانی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان دەدزیەوە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام بوو لە سەر پێداگیری کردنی مافە دەستوریەکان، تاکو لەم ماوەیەدا ڕێککەوتنێکی کاتی نێوان هەرێم و بەغدا واژوو کرا دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.

سەرۆک وەزیرانی ئێستای حکومەتی عێراق بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی باسی کرد هەرێمی کوردستان بە ناچاری نەوتی فرۆشتووە بە شێوەیەکی سەربەخوو لە ژێر ئەو گوشارە داراییەی کە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە هاتە کایەوە هەرێم دوچاری دوخێکی سەخت و دژواری دارایی و ئابوری بویەوە.

ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی فیدڕالی کوردستان بە پێی دەستور بەشێکە لە عێراق، کەچی گوشار لە دوای گوشاری سیاسی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەخرانە سەر هەرێمی کوردستان.

شایانی باسە ئەم ڕێککەوتنەی لەم چەند ڕۆژەدا واژوو کرا بەسەرپەرەشتی ھەر دوو بەڕێزان محەمەد شیاع سوودانی و مەسروور بارزانی، هەر وەک هەردوو بەڕێز ئاماژەیان بەوەدا لە کونفڕانسێکی ڕوژنامەوانیدا کە ئەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی گشت هاوڵاتیانی عێراقدایە و، سەرۆک وزیرانی هەرێمی کوردستانیش هیوای خواست کە بەپێی بنەماکانی دەستوری هەمیشەیی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێت.

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ڕەنگدانەوەیەکی زۆر ئەرێنی دروست کردووە لە سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا و هاوڵاتیان خوشحاڵی خۆیان دەربڕیوە لە سەر واژووکردنی، بەو مەرجەی وەک خۆی پڕاکتیزە بکرێت کە هاتووە ئەمەش لە ڕاستیدا کاریگەریەکی زۆری دەبێت لە سەر گشت بوارەکانی ژیاندا و سەرکەوتنێکی گەورەیە؛

ھەر چەندەش ڕێککەوتنەکە گۆڕانکاری باش بەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا دەهێنێت بە شێوەیەکی ئەرێنی بوژانەوە گەشەسەندنی زیاتر دێتە کایەوە و هەرێمەکەمان بە هێزتر دەکات.

بەڵام لە لایەکی ترەوە پێگەی بە هێزی هەرێم زیاتر لە نێوخۆی هەرێمدایە و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێویستە هەوڵی دروست کردنی گوتارێکی سیاسی نیشتیمانی یەکگرتوو بدەن و، پشتیوانی ئەم ڕێککەوتنە بن کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمدایە بە هاوڵاتیانی عێراقیشەوە بە گشتی
نەک پێچەوانەکەی.

لە کۆتاییدا هێژا مەسروور بارزانیش زۆر بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا: «ئەوانەی ئەمڕۆ لە گەڵمان ناوەستن با بەیانی خۆیان نەکەنە خاوەنی سەرکەوتنمان».

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.