▪ ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغداد، تەنگەتاوبوونی ھەندێک لایەن

فرسەت سەید شکور

ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداد لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و محمد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ناوخۆیی نێوان ھەرێم و حکوومەتی مەرکەزی بوو، بەشێوەیەک کە بە ڕاددەیەکی زۆرباش کۆتاییان بە ناڕەحەتی و ڕەشبینی درێژخایەنی ماوەی ڕابردوو ھێنا بەشێوەک کە دەرەنجامی باشی بۆ ھەناردەی نەوت و کاریگەری لەسەر بوودجە و چارەسەری کێشەکانی دیکەدا دەبێت.

ڕێککەوتنەکە نەک لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەھا و بایەخی زۆری ھەیە، چونکە نۆرمەکانی دانووستان و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا بەلای دەوڵەتانی زلھێزی کاریگەر بەسەر عێراقەوە گرنگە، بەوپێیەی ھەموولایەک خوازیاری پەیوەندیی ھەماھەنگکارانەی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.

لە ھەرێم کەم نەبوون ئەو لایەنانەی کە خەونیان بە شکستی ئەم ڕێککەوتنە دەبینی، ھەموو ڕێگەکانیان تاقیکردەوە، چەندین جار لە دەرگای سەرۆک گرووپ و تاقمی جیاجیان لە بەغداد دا، ئاوات و خواستیان کەمکردنەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان بوو، دەیانوویست شتێکی وەھا بکەن؛ کە ھەرێم نەتوانێت بەھێزەوە وەک خاوەن ئابووری بەھێز بمێنتتەوە، بەڵام ئەوە ڕووینەدا، ھەرێم بەھێز و کاریگەری پێگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد و سەرکەوتوو بوو.

پرسیاری جدی بۆ تەنگاوبوونی ھەندێک لایەن ئەوەیە؛ ئەگەر ھەرێم نەوتەکەی تەسلیم کردووە بۆ دەبێت ڕێککەوتن بکات؟ لە کاتێکدا ڕێککەوتن لەنێوان دوولایەن دەکرێت کە ھەردوولا ڕازی بن بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتن، نەک خۆڕادەستکردن و تەسلیم بوون، ڕەنگە گووتاری سەرۆکوەزیرانی عێراق باشترین وەڵام بێت بۆ ھەموو ئەو چەواشەکاریی سەقاتەنەی دەستیان داوەتێ، واتا گرنگە خەڵکی کوردستان ئەوەی لەپێش چاو بێت، حەزی خۆڕادەستکردن لە فەرھەنگی ئەوانەدابوو کە ڕۆژانە باوەشیان بە گرووپە میلیشیایەکاندا دەکردوە و داوای مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سلێمانیدا دەکرد.

واقعی حاڵ ئەوەیە؛ مەسرور بارزانی سوارچاک و ئەندازیاری ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدادە، ئەو بوێرانە، جەریئانە داکۆکی لە مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستان کرد و لەپێناو ڕێککەوتن چووە بەغداد و لەسەر بنەمای؛
١-مانەوە و بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم
٢- ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور
پیلانی ھەموو ئەوانەی پووچەڵ کردەوە کە دەھۆڵی کەوتن و نەمانی قەوارەی ھەرێمیان لێدەدا.

وروژاندنی پرسیارگەلی بێ ماناش گووایە بۆ لە ڕابردوودا ئەم ڕێککەوتنە نەکراوە و ئێستا دەکرێت، ھۆکارەکە ڕوون و ئاشکرایە، لەماوەی ڕابردوو خواستی نەھێشتنی قەوارەی ھەرێم ھەبوو، خواستی سڕینەوەی پێگەی ھەرێم ھەبوو، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی؛ لە فەرھەنگی پارتیدا، خۆڕادەستکردن نییە بەڵام ڕێککەوتن و سازان ھەیە.

حەق نییە حیزبێکی سیاسیی لە ھەرێم ترس لە ھەڵبژاردن، ھێندە لەرزۆکی بکات کە پەلاماری سەرکەوتنانەکانی ھەرێمی کوردستان بدات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.