▪ ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان ڕێخۆشكەرن بۆ چارەسەری كێشەكان
كاشما فاروق، رۆژنامەنووس
ڕەخنە وەك مافێك بەپێی یاسا بە ڕۆژنامەنووسان دراوە ئەمەش لەپێناو نیشاندانی كێشەكان و ئاشكراكردنیان، تاوەكو بیر لە دۆزینەوەی ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشەكان بكرێتەوە و كۆمەڵگا و ئەو وڵاتەی گرفتەكانی تێدایە بەرەوپێش بچن چونكە وەك دەزانین بوونی كێشەی زۆر لەهەر وڵاتێك دەبنە بەربەست بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگا.
وەك چۆن ئەنجامدانی توێژینەوەكان هەم گرفتەكان دەردەخەن هەم چارەسەرەكانیشان بۆ دەدۆزنەوە، بەهەمان ماناش رەخنەیەكی مەعقولی رۆژنامەنوسێك هەمان بەهای دەبێت.
كێن ئەو رۆژنامەنوسانەی رەخنەكانیان هۆكاری دەرخستن و چارەسەركردنی كێشەكانە؟
-ڕۆژنامەنوسی بێلایەن واتا بێ ئیتیما بۆ هیچ لایەنێك و بێ بوونی بەرژەوەندی شەخسی رەخنە دەگرێت،وە ئەو رۆژنامەنوسەی بەرپرسیارانە كاردەكات و ئامانجی تەنها چارەسەری ئەو گرفتەیە.
چۆن رەخنە بگرین؟ چۆن بەها بدەین بە رەخنەكانمان؟
رەخنەكان دەبنە زەرەروو زیان بۆ كۆمەڵگا و رۆژنامەنوسەكەش ئەگەر لەسەر بنەماكانی رەخنەی رۆژنامەنووس نەوترا، هەندێ جاریش رەخنە قور بەسەر خاوەنەكەیدا دەكات! بۆیە باشترە سەرەتا بزانین چۆن رەخنە دەگرین پاشان دەری ببڕین.
-باشترە رۆژنامەنووسەكە تەواو بەئاگابێت لەوەی چی روودەدات و بۆچی روودەدات؟ تاوەكو هۆكاری كێشەكە و هەروەها دۆزینەوەی چارەسەرەكەشی بۆ دەربكەوێت، پاشان ئەگەر گرفتەكە لەناو دەسەڵات یان شێوازی بەرێوبردنێكی خراپی دەسەڵات بێت یان زۆری باج و نەبوونی مووچە و ….هتد بێت، باشترە زانیاری تەواوی لەسەر كۆبكاتەوە و پاشان كێشەكە و چارەسەركردنی كێشەكەش بەجوانی پۆلێن بكات.
-زمانی دەربرین هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی پەیامی رەخنەكە بە باشترین شێواز بگاتە جێی مەبەست، ئەوەیش لەڕێگای بەكارنەهێنانی وشەی نەشیاو و دووركەوتنە لە لایەنگری و دەرخستنی رووی كێشەكە هەروەكو خۆی.
بۆچی رەخنە وەك مافێك بە رۆژنامەنووس دراوە؟
-رۆژنامەنوس بەردەوام لە مامەڵەكردندایە لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگا، بەرچاو روونە لە ئامانج و داواكاریەكانی هەردوولا، مانەوە بەهاوسەنگی لەم نێوەندەدا بەئاگاتری دەكات لەوەی چی روودەدات لەلایەن هەردوولا، پاشان رۆژنامەنووسێكی بەرپرسیار لەپیشەكەی ئەركی ئەوەی هەیە لەكاتی كاركردن دۆخەكە وەك خۆی بگوازێتەوە هەركاتیش گرفتێكی بەرچاو كەوت قسە و بەدواداچوونی لەسەر بكات، بەدڵنیایەوە رۆژنامەنوسەكە بەرچاوكراوەی زیاتری هەیە لەوەی بۆچی كێشەكان روودەدەن، ئەمەش وای لێ دەكات هەم كۆمەڵگا هانای بۆ بنهێت بۆ ئەوەی دەنگی بگەیەنێت بەدەسەڵات هەم دەسەڵات رووی تێبكات و لەرێی ئەوەوە بزانێت لەناو ئەو كۆمەڵگایەی ئەو بەرێوەی دەبات چی روودەدات و گرفتەكان چین، بەدڵنیایەوە كاتێكیش رەخنەی ڕۆژنامەنوس بەهای لای دەسەڵات دەبێت كاتێك ئەو دەسەڵاتە نیەتی چاكسازی و بەرەوپێش بردنی وڵاتەكەی هەبێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.