▪ (ژینگە) و (گەشتو گوزار)
مەعرووف مەجید*
بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیا و جوانی سرووشتی هەرچوار پارچەی كوردستان و بوونی ژینگەیەكی خاوێن و تەندروست، كوردستان بە یەكێك لە ناوچە گەشتیاریەكان هەژمار دەكرێت.
سەرەرای بوونی دەیان شوێنی تایبەت بە گەشتكردن و دیمەنی دڵرفێن، بەڵام وەكو پێویست نەتوانراوە سوود لەو سامانە نیشتیمانییە وەربگیرێت ئەمە بەشێكی دەگەرێتەوە بۆ لایەنی حكومی و بەشەكەی تریش بۆ هاوڵاتیان.
ئەوەی من دەمەوێ لەم نوسینەدا بە كورتی ئاماژەی پێبكەم پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكانی باشووری كوردستانە، كە بە داخەوە زۆركات بۆ پەیداكردنی پارە و بەسەربردنی چەند ساتێكی كەم ژینگەكەی كراوە بە قوربانی و وێران كراوە.
دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر ژینگەیەكی جوان و خاوێن لەو ناوچانە فەراهەم نەهێنرێت، ئەوا هیچ كات گەشتیاران و سەیرانكاران سەردانی ئەو شوێنانە ناكەن كە واتە ئەگەر بمانەوێ رێژەی گەشتیار زیاد بكەین و بیر لە بەدەستهێنانی ئابووری بكەینەوە لەو كەرتەدا دەبێت پێش هەموو شتێك بیر لە پاراستنی ژینگەكەی بكەینەوە.
لەبەر ئەوەی گەشتوگوزار جۆرێكی گرنگە لەچالاكییە بازرگانی و وەبەرهێنانە زۆر قازانجبەخشەكان ، لەسەر ئاستی جیهان بۆتە پیشەسازییەكی سەرەكی ، گەشتوگوزار یەكێكە لەپیشەسازییە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهان ، ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لەكەرتە گرنگەكانی بازرگانی نێودەوڵەتی ، لەڕوانگەیەكی ئابوورییەوە كەرتێكی بەرهەمهێنەر و ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لەزیادكردنی داهاتی نیشتمانی و باشتركردنی هاوسەنگیی پارەدانەكاندا، سەرچاوەی هەلی كار و ئامانجێك بۆ بەرنامەكانی پەرەپێدان. لە ڕوانگەیەكی كۆمەڵایەتی و كولتوورییەوە..
گومانی تێدا نییە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە نەكەین لە كاتی سەیران و گەشتوگوزاردا ئەوا چەندین زیان بە ژینگە دەگەیەنین، بۆ نموونە دروستكردنی خانوو و ڤێلای زۆر دروستكردنی رێگای قیرتاو دروستكردنی كارگە و كۆمپانیا لە شوێنە گەشتیارییەكان و تێكدانی سرووشتی جوانی ناوچەكان ئەمانە دەبنە شێواندنی ژینگە، زۆر جار ئەو كارانەی مرۆڤ ئەنجامی دەدات دەبنە هۆی كۆچپێكردنی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكانی ناوچەكان كە ئەمەش زیان بە ژینگەی گەشتیاری دەگەیەنێت.
گرفتێكی تر كە لە كاتی گەشتكردن و سەیراندا بەرامبەر ژینگە سەرهەڵدەدات، نەبوونی هۆشیاری تاكە بەرامبەر ژینگە، بۆنموونە هەستنەكردن بەرامبەر بە جوانی سروشت و زیان گەیاندن بە دار و درەخت و جوانییە دەستكرد و سروشتییەكان، ئەمەش چەند ئەركێك دەخاتە سەر شانمان بۆ پاراستنی.
یەكەم: پێویستە لایەنی حكومەت چاودێری بەردەوامی هەبێ لەسەر ناوچە گەشتیارییەكان و یاسا و رێسای تایبەت بە پاراستنی ژینگەی هەبێ و تەنانەت ئەوانەی سەرپێچیكاری ژینگە دەكەن، سزایان بدرێت.
دووەم: بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پێدانی رێنمایی ژینگە لە كاتی هاتنی گەشتیار و سەیرانكاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، ئەویش دەكرێ هەر لە سەرەتای هاتنە ناوەوەی گەشتیاران بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی و شارەكانی تری عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، پێیان بدرێت و سوود لە زمانەكانی تر وەربگیرێت بۆ ئەوەی پەیامەكەیان بە باشی پێبگات، یاخوود بۆ پاراستنی ژینگە و فرێنەدانی رێنماییەكان دەكرێ سوود لە ئەپڵیكەیشنی تایبەت بە ژینگە ببینرێت یا لە ناوچە گەشتیارییەكان شاشەی ریكلام و هۆكاری تر دابنرێت بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی.
سێیەم: رۆڵی رێكخراوەكانی تایبەت بە ژینگە لەم كاتەدا ئەركێكی قورس دەكەوێتە سەرشانیان ئەویش هەڵ و كۆششی زیاتر بدەن بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و ئاشنا كردنی گەشتیاران و سەیرانكاران بە بنەما ژینگەییەكان و بابەتە هۆشیارییەكان.
ئەبێ هەموو لایەك ئەو راستییە بزانین، پاراستن و خزمەتكردنی ژینگە تەنها تایبەت نییە بە چەند لایەنێكی حكومی و رێكخراوە ژینگەییەكانەوە بگرە پاراستن و خزمەتكردنی ئەرگی سەرشانی هەموو تاكێكی كۆمەڵگایە.
ئەوەشمان بیرنەچێ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرترین پێشێلكاری و خراپەكاری بەرامبەر ژینگە هۆكارەكەی گەراوەتەوە بۆ بەشێك لەو گەشتیارە بەرێزانەی كە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە، بە تایبەتی فرێدانی پاشماوەكان و كردنەوەی ئاگر دواتر بۆتە هۆكاری سوتان و فەوتانی سەدان دۆنم پاوان و دارستان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا.
كەواتە پێش ئەوەی هەر كارەساتێكی ژینگەیی رووبدات با خۆمان بەخەمخۆری ژینگە بزانین و بیپارێزین.
٭سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.