▪  کوردستان هەرگیز دەستبەردارى مافەرەواکانى نابێ


رێبوار حەمەلاو شوانى
بە زۆر لکاندنى خاک و نەتەوەى کورد بە عێراقەوە یەکێک لە هەڵە وتاوانە مێژووییەکانى سەدە هەژمار دەکرێت کە بەرامبەر بە کوردستان جێبەجێکراوە ، بەڵام زیاتر لە یەک سەدەیە کە گەلى کورد هەروەها و بەئاسانى دانەنیشتیووە و ژێردەستى قبووڵ بکات ، بەڵکو دواى ئەو ستەمکارییە دەستى بەخەبات وبەرخودان کرد بۆ بەرگریکردن لە مافەرواکانى گەل و نیشتیماکەى و چۆکى دانەنا و دەستبەردارى نەبوو سەرەراى هەموو ئەو ئاستەنگ و کۆسپانەى لەبەردەم دروستکرا و پێشێڵکارى بەرامبەرى جێبەجێکرا.
شؤڕش و خەباتى کورد لە رابردوو و ئێستاش دەسەڵاتدارانى عێراقى ناچار کرد کە دان بە مافەکانى دابنێت و هەرچەندە هەر کاتێک لە گۆشەیەکەوە خۆیان بەهێز بینێێتەوە ، ئەوا بە توندترین و دڕندانەترین شێواز مامەڵەیان لەگەڵ گەلى کورد کردووە و ئازاریان داوە و جینۆسایدیان بەرامبەرى ئەنجامداوە بەڵام ئەو ئیرادە بەهێز وخۆڕاگرییە توانیوێتى چەک و پیلانگێرییەکانیان تێکبشکێنێت ، بەتایبەتى لە ماوەى 21 ساڵى رابردووى مامەڵەکردنى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى لەگەڵ عێراقى فیدراڵى بەهەمان شێوە هەر کاتێک بەغدا خۆى بەهێز بینێێتەوە هەوڵى لێدانى سەنگ وپێگەى هەرێمى کوردستان وپاشگوێ خستنى مافەدەستووریەکانى داوە ، بەڵام ئێمە هەر پێداگر بووین و دەستبەردارى مافەرەواکانمان نەبووین و کۆڵمان نەدا بۆ هەموو ئەو فشار و پەڵاماردان وقەیرانە دەستکردە دەرەکى و ناوخۆییانە ، چونکە مەرامى دوژمنان تەنها بۆ ناچارکردنى کردنى کوردستان بۆ ملکەچکردنمان و پێشێڵکردن و نەدانى مافەرەواکانمان .
شاراوانە نییە، لە بنەڕەتدا عێراق وەک دەوڵەت بە شێوازێکى زۆر ناڕێک وئیفلیج لەدایکبووبووە ودروستکراوە، هەر ئەوەشەکە لە ماوەى سەدەى رابردوو ، ئەوەى گرنگ نەبووە یاسا و مافى گەل و پێکهاتەکانى ناویی بووە، بە ئێستاى دواى رووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعسیشەوە، کە هەموو هێزولایەنەکان لە سەر دامەزراندنى عێراقێکى فیدراڵى و دیموکراسى وهاوبەشى کە تێیدا دەستوور مافەکان دیار بکات ڕێککەوتن بەڵام زۆرى نەخایاند جارێکى تر نەخۆشییە کوشندە تاکڕەوى و زۆرینەکە باڵى بە سەر عێراقدا کێشایەوە ، لە جیاتى هاوبەشى ودەستوور و فیدراڵى دەستوەردانى دەرەکى و بەکارهێنانى دادگا بۆ نادادپەوەرى و ئامرازێک بۆ نەهێشتنى دیموکراسى و لاوازکردنى دەستوور و نەهێشتنى فیدراڵى و هەموو مافەکانى مرۆڤ بەکارهێنرا.
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ئەو راستییەیە کە ، سەرەراى هەموو هەوڵە نێودەڵەتییەکان و هۆشدارییە دانەکانیان بۆ ئەوەى عێراق بچێتە سەر ڕێچگەى فیدڕاڵى و دیموکراسى و جێبەجێکردنى دەستوور و سەروەربوونى یاسا ، بەڵام عێراق رۆژ بە رۆژ عێراق بەرەو پێشێڵکارى دەستوورى و میلیشیایی مەزهەبى وتایفى هەنگاویی ناوە ، لەوەش مەترسیدارتر بەکارهێنانى دادگاى بەناو فیدراڵییە دژى هەرێمى کوردستان و مافەرەواکانى و لەگەڵ هەموو پێکهاتە جیاوازەکانى ئەوەش ئاماژەیە بە هەوڵدان بە شکستپێهێنانى سیستەمى فیدراڵییە لە عێراق ودروستکردنى مۆدیڵێکى حکومڕانى هاوشێوەى ئێران.
ڕوونە کە لایەنە دەسەڵاتدارە شیعەکان بە بیانووی ناڕوونی دەستووری و یاسایی هەریەک لە دادگای فیدراڵى وەک چەکێک دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن. ئەمەش دەکرێت وا سەیر بکرێت کە بیرۆکەیەکی ناوەندگەرایی لەناو کۆی سیستەمی حکومڕانی عێراق لە بەرگی دەستووری و یاساییدا دروست بێت، کە بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر سیستەمی فیدڕاڵی عێراق بەگشتی و مافەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دادەنرێت.
ئەوەش روونە کە هەموو ئەو لایەن وگروپە شیعى و میلیشیا لە یاسا دەرچووانە لە ژێر کاریگەرى و هەژموونى تایفى و مەزهەبى و دەرەکییدان و بەهەموو شێوەیەک پێکەوەژیان و دیموکراسى ڕەتدەکەتەوە بەتایبەتى کە قەوارەى هەرێمى کوردستان بە گەورەترین بەربەست و کۆسپ لەبەردەم ئەجێنداکانیان دەبینن و باوەریان بە گفتوگۆ و چارەسەرى کێشەکان بەرێگەى دەستوور وهاوبەشییەوە نییە ، بەڵکو تەنها خۆسەپاندن و تاکڕەوى وتاڵانکارى کە ئەوەش عێراقى گەڕاندۆتەوە خاڵى ژێر سفر.
بۆیە، هەموو کوردێکى دڵسۆز وئازادیخواز هەرگیز جارێکى تر ئامادە نییە ژێر دەستى و پاشکۆى عێراقى فاشیزمى قبووڵ بکات وبەو خۆڕاگرى و ئیرادە بەهێزەوە بەرگرى لە مافەرەواکانى دەکات تا بەدەستهێنانەوە ، بەتایبەتى کە لەماوەى 5 ساڵەى حکوومڕانى کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسروور بارزانى بە ڕێگەى بنەماکاکانى دەستوور و دیموکراسى و پێکەوەژیانى ئاشتیانە کوردستانى وەک سیمایەکى جوانى حکومڕانى وئیدارەدان لە سەر ئاستى ناوچەکە و دوونیا ناساندووە .ئەوەش بۆ ئەو هەنگاو و سیاسەت سەرکەوتووانەى سەرۆکوەزیرانى کوردستان دەگەڕێتەوە ، لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناسى نیشتیمانى و نەتەوەیی کە بنەماى هاووڵأتیی بوون و مافەرەواکانێتى .
بەدڵنییاییەوە، خەڵکى کوردستان جارێکى تر ڕێگە نادات تا دوژمنان ونەیارانى مێژوو و شووناس و ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانى بکاتە ئامانج و گشت هەوڵەکانى لە پێناو شکستپێهێنان بەو هەوڵە نەزۆکانەیە کە مەرامى سەرەکییان ڕێگریکردنە لە پێشکەوتن وگەشەسەندنى کوردستان وئینجا لاوازکردن و پەرتەوازەکردنى ، ئەو خەونەى کە سەدان ساڵە لە مێشکى فاشیزمەکانى عێراق دەخوڵێتەوە کە توانایی هەرسکردنى دیموکراسى وپێکەوەژیان و هاوبەشیان نییە ، بە پێچەوانەى ئەوان کوردستان شوێنى ئاشتى و سەقامگیرى و کۆمەڵگەجیاوازەکانە و نموونەى حکوومرانییەکى سەرکەوتووە و لە کۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ کوردوکوردستانە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.