▪ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ‘هەڵوەشێندرایەوە’

کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بڕیار بوو شەممە لە شاری هەولێر بکرێت، “هەڵوەشێندرایەوە”. سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی دەڵێت، “بۆمان سەلمێندراوە کە پارتی بە فەرمی بڕیاری داوە پشتگیریی لاهور شێخ جەنگی بکات بۆئەوەی لە سلێمانی گرژی دروست ببێت.”

بڕیاربوو رۆژی شەممە 04-02-2023، یەکێتی و پارتی لە هەولێر بۆ جاری دووەم کۆببنەوە، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن یەکێتییەوە “هەڵوەشێندراوەتەوە.”

رۆژی پێنجشەممە 02-02-2023 سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، “پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی پشتگیریی خۆیان بۆ لاهور شێخ جەنگی راگەیاندووە، ئەوان نایانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئاسایی ببێتەوە، بەڵکو دەیانەوێت لە سلێمانی گرژی دروست ببێت.”

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە، دادگەی هەولێر بڕیاری داوە بە یەکلاکردنەوەی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی کە دژی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی تۆماری کردبوو و سەرجەم مافەکانی لەنێو یەکێتی بۆ گەڕاندەوە و دوورخستنەوەی لە یەکێتی بە نایاسایی نێوبرد؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتیشی، “ئەوە بەڵگەیەکی روونە کە پارتی پشتگیریی لاهور [شێخ جەنگی] دەکات، بەڵام سکاڵاکەی بەغدا گرنگترە. لە بەغدا بڕیاردرا کە هاوسەرۆکی لەناو یەکێتی نەبێت و تەنیا سەرۆکێک هەیە کە بافڵ تاڵەبانییە.”

بڕیاربوو یەکێتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پۆستە حکومییەکانی بکات، لەوانەش گۆڕینی وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ. ئەو سەرچاوەیە دەشڵیت، “پارتی رەزامەند نین بە گۆڕینی لیوا چەتۆ، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتێکدایە ئەو پۆستە پشکی یەکێتییە و مافی گۆڕانکاریی تێدا هەیە، هەر ئەو پارتییە بوو لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لیوا چەتۆ، چەندینجار خۆیان داوایان لە یەکێتی دەکرد بیگۆڕن و کێشە دروستبووە، بەڵام ئێستا لەبەر داواکاریی لاهور جەنگی، نایگۆڕن.”

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.