▪ کۆماری کوردستان، وانەیەک بۆ ئێستا و داھاتوو

فرسەت سەید شکور

مێژووی نەتەوەی کورد بە درێژایی چەرخەکانی ڕابردوو، پڕاو و پڕە بووە لە ھەوراز و نشێوی و سەختی، ڕووبەڕوونەوەی دژواری و ئاڵنگارییەکانی ڕۆژگار، ستەم و زۆرداری نەیارانی کورد و چاوھەڵنەھاتن بە پێگە و کاریگەرییەکانی ئەم نەتەوە ئاشتیخوازە وایکردووە کە (کورد) نامۆ بێت بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیھانییەکان و بێبەری بێت لە ململانێی ناشەریفانەی ئەوان.
ڕەنگە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوە و جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی کەم کاردانەوە یان بزاوتی سیاسیی و سەربازیی ھێندەی کورد کاریگەرییان ھەبووبێت، ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵکەوتە جوگرافییەکەی کە بەردەوام سەکۆی یەکلاکردنەوەی ململانێی زلھێزانی سەردەمە جیاوازەکان بووە، یاخود باشتر بڵێین؛ گەلانی دیکەی ناوچەکە چونکە خۆیان تازە بوون، تەنانەت لەسەر ئەرز و خاکی کورد بوونەتە دەوڵەت و بنیادی نەتەوەیان ناوە، لۆژیکی پێگەی کوردیان بۆ ھەزم نەکراوە، بەشێوەیەک بیریان کردووەتووە کە چۆن دەکرێت نەتەوەیەکی وەھا خاوەن (مێژوو-زمان-کلتور-فەرھەنگ)ی دەوڵەمەند، بە ئارامی لەم ناوچەیە ھەبێت.
کاریگەرییەکانی ئەم چاوچنۆکییە پەڕیوەتەوە بۆ دژایەتی ھەموو پایە و بنەمایانەی سەرەوە کە باسکران، لەوەوە ئیدی کوردیش بۆ بەرگری لە مێژوو و کلتور و فەرھەنگی ڕەسەنی خۆی دەستەوەستان نەوەستاوە، لە ھەرکوێیەکی ئەو خاکە بۆی کرابێت و زەمینەی بارودۆخەکان ڕەخساو بووبێت، گورزی خۆی لە داگیرکەران وەشاندووە.

تەماحی زلھێزانی بێ ناسنامە و تازەپیاکەوتووی ناوچەکە بەردەوام بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ کورد، ناڕەحیەتیەک کە ئیدی کوردی لەوە گەیاندووە کە ئەگەر خۆپارێزی نەکات، بوونیەت و مانەوەی لەدەستدەدات، ھەر ئەوەش بوونەتە ھەوێنی دروستبوونی دەیان جووڵانەوە و شۆڕشی مێژوویی، کە ڕەنگە (شۆڕشی ئەیلول-شۆڕشی گوڵان-شۆڕشی سەعیدی پیران-شۆڕشی شێخ محمودی نەمر-شۆڕشەکانی بارزان-شۆڕشی سمکۆی شکاک) و ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 لەسەرەوەی نموونەی باڵای شۆڕشەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی ھاوچەرخی نوێی کورد بن.
لەو نێوەندە مێژووییە پڕ شانازییەی کورد «کۆماری کوردستان» لە مھاباد، بەھایەکی دیکەی باڵای شانازی کوردە بە درێژایی مێژووی نەتەوەی کورد.

کۆماری کوردستان
دوای چوار ساڵ و شەش مانگ رێکخستن، رۆژی دووی رێبەندان “22ی کانوونی دووەم”ی ساڵی 1946 بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم پارچەکانی کوردستان، پێشەوا قازی محەمەد لە مهاباد کۆماری کوردستانی راگەیاند و یەکەم کابینەی دەوڵەت لە 14 وەزیر پێک هات و سوپای کۆماری کردستان دامەزرا.

گەرچی دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری کوردستان نەیتوانی لە سنووری موکریان تێپەڕێت، بەڵام بیر و ئەندێشەی ئەو کۆمارە توانی لە سەڵماسەوە تا ئیلام بتەنێت و سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببڕێت و باشوور و رۆژئاوا و باکوری کوردستانیش بخاتە ژێر هەژموونی ئەو مۆدێلە ناسیۆنالیزمە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتە نێو بیر و ھزری تاک بە تاکی نەتەوەکەی.

کۆماری کوردستان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، سیاسی، کۆمەڵایەتیدا بووە پایەیەکی گرنگ و بە بەھا. زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی کۆمار. لەلایەکی ترەوە لە ژێر سێبەری کۆماردا کاری بەرگری ئەنجامدەدرا و سوپا دامەزرا. لەگەڵ ئەوانەشدا هەنگاوی گرنگ لە بوارەکانی ئابووری، ڕۆشنبیری، هونەری، ئەدەب و پەروەردەدا نران. ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکراوەی فەرمیی کۆماری کوردستان بوو.

“کۆماری کوردستان، وانەیەک بۆ داھاتوو”

ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی «کۆماری کوردستان» خەڵکانی “بەرژەوەندخواز” و چاوچنۆک بوون، کە پێکھاتبوون لە کۆمەڵێک لە خێڵەکان و سەرۆکەکانیان، ئەمانە تا کۆمار ھاوکاری لە “سۆڤیەت” وەردەگرت پشتیوانی “قازی محمد” و حکومەتەکەی کۆمار بوون، بەڵام کە ئەو ھاوکارییە نەما ھەر زوو بوونە نۆکەری نەیار و فاکتەرێکی سەرەکی ڕووخانی ئەم دەوڵەتە مێژووییەی کورد بوون.
ھەروەک مەلا مەستەفا بارزانی لۆژیکانە لەبارەی خیانەتی نیشتمانییەوە دەڵێت؛ (ئەگەر کوردایەتی گرانە، خیانەت نەکردن ئاسانە)

“پشتیوانی باشوور لە ڕۆژھەڵات”

لە سەروبەندی پەیوەندی و ھەماھەنگییەکان بۆ پێکھێنانی کۆمار، بارزانی نەمر، سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە باشوور دەکرد و تەنانەت ھاوکاری بەشەکانی دیکەی کوردستانی دەکرد. بارزانی نەمر کاتێک دەچێتە (مھاباد) داوای پلە و پۆستی گەورە ناکات، ئەو دەبێتە ژەنەڕاڵ و قەڵغانی پاراستنی کۆمار)، بەڵام خۆی و پێشمەرگەکانی دەبنە قەڵای پاراستنی کۆمار، نیاز پاکی و لە ڕاستیدا دڵی بێ خەوش و پاکی (بارزانی نەمر) ھۆکارێکە تا گشت سەرکردەکان وانەی لێوەرگرن، لە ڕاستیدا کاریگەرییەکانی بارزانی نەمر ھێندە کاریگەر و بەھێز بوون، داوای ھەر پێگەیەکی کردبایە ڕەد نەدەکرایەوە بەڵام ئەرکی پێشمەرگایەتی دەخاتە سەرو ھەموو داخوازییەکانیەوە.

کۆماری کوردستان ئەو وانەیەمان پێدەدات کە بەبێ یەکگرتوویی و کۆدەنگی نیشتمان، ئەستەمە جووڵانەوە و بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانمان بەرھەمیان ھەبێت، ئەگەرچی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دژی (ڕژێمی بەعس) بووە زەمینەی بەدەرکەوتنی ھەرێمێکی پێگەبەھێز و کاریگەر بەنێوی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ پاراستنی پێشکەوتنەکانی ئەم قەوارەیە و پارێزگاری لە دەستکەوت و شانازییە مێژووییەکانی دەبێت “یەکڕیزی” لەسەرو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت، پاراستنی کوردستان و چاندنی تۆوی خۆشەویستی نیشتمان کاری لەپێشینەی ھەمووان بێت.

ئەگەرچی تەمەنی «كۆمارى كوردستان» ته‌مه‌نێكى كورت بوو، بەڵام بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و، ئامانجى به‌رزى نه‌ته‌وه‌ى كوردى به‌بير داگیركەرانى خاكى كوردستان ھێنایەوە و كۆده‌نگى نەتەوەیی لەنێوان رۆڵه‌كانى كوردستان لە ھەرچوار پارچەی كوردستان دروست كرد.

٢٠٢٣/١/٢٢

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.