▪  کۆنفرانسى میونشن و گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازى کوردستانە بەهەموو جیهان


رێبوار حەمەلاو شوانى

بەشداریکردنى فەرمى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسى ئاسایش میونشن ، بۆ ئێمەى کوردستان زۆر گرنگە بەتایبەت ئەگەر کوردستان بیەوێت پشتگیرى هەبێ لە نێو وڵاتان بەتایبەت ئەمەریکا و ئەوروپا، ئێمە پێویستمان بە دۆستە، دۆستیش چۆن دروست دەبێت لەڕێگەى پەیوەندییەوە و دیدار وگفتوگۆوە کە دەبێ خۆمان نیشان بدەین، ئێمەى کورد کێین؟ بۆچى گرنگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق بوونمان هەبێ. ئێستا کە ناوچە بە کۆمەڵێک. کێشە وململانێیدا گوزەر دەکات و هەروەها ئەو کێشەیەى کە بەغدا دروستیکردووە لەسەر بودجە و نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و ئینجا دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە ڕێگەى دادگەى بەناوفیدراڵى بەڵام لە ژێر هەژموونى میلیشیا وگروپە نایاسایی و ئەوانەى کە فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن ، ئەو کێشانە لەبەردەم ماڵى ئێمەدان، بەڵام ئەوروپا ئاگادارى کێشەکان بێت دەتوانێ هاوکاریمان بکەن.
ئەم کۆنفرانسە کە لە پاییزى ساڵى 1963 وە دەستبەکاربووە وئەمساڵ 60هەمین ساڵیادێتى ، کەتێیدا بە گرنگترین کۆنفرانسى ئاسایشى لە سەر ئاستى نێودەوڵەتى هەژمار دەکرێت کە ، کە تێیدا دەیان سەرکردە و کەسایەتیی بریاربەدەست و دیپلۆماتکارى و پسپۆرانى بوارى ئاسایشى تێیدا بەشدارن و هەڵوێست و بیرۆکەى خۆیان کە تایبەن بە پرسە ئاسایشیەکان دەخەنە ڕوو ، دەتوانین بڵێن کە کۆنفرانسى میونشن دەرفەتێکىگ ونجاو و لەبارە بۆ سازدانى چەندین دیدار وکۆبوونەوەى گرنگ لە نێوان وەڵاتانى بەشداربوو ئەو کۆنفرانسەدا ، تاکو لە نزیکەوە ئەوانەى کە بریاردەر و دروستکەرى بریارن ، بیرۆڕاکانیان بە شێوەیەکى روون وئاشکرا ئاڵۆگەر بکەن ، بەتایبەت لەو گۆرانکارى و پێشهاتە نوێیانەى کەباڵیان بەسەر هەموو ناوچەکە و جیهاندا کێشاوە .
روون و ئاشکرایە، کە هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا رۆڵى گرنگى بینیووە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە و جیهانی لە چۆنێتى مامەڵەکردنى لەگەڵ پرس و هاوکێشەکان دا ، لە بەرامبەریشدا ئەو پاڵپشتی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، پەیوەندی بەو ڕایەڵە ئاسایشییەوە هەیە کە گەلى کورد و سەرکردایەتییە ژیرانەکەى لەگەڵ وڵاتانی زڵهێز و بەتایبەتى لەگەڵ ئەوروپا هەیەتی. هەر ئەوەشە وایکردووە بەشێکی زۆری دیداروگفتوتوگۆکانى لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، تایبەت بێت بە فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرى و ئینجا رووبەڕووبوونەوەى داعش و میلیشیا و گروپە لە یاسادەرچووەکان ، بۆیە ئەم کۆنفرانسى میونشن دەرفەتێکی گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە کەمترین ماوەدا زۆرترین کۆبوونەوە و چالاکی دیپلۆماسی لەگەڵ بەشداربوونى ئەو کۆنفرانەس ساز بکات.
بەشداریکردنى هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسى میونشن ، ئاماژەیەکى روونە بۆ بایەخ و سەنگىى هەرێمى کوردستان لەلایەک لەلایەکى تر گەشەسەندنى پرسى پارادیپلۆماسى لە سەر ئاستى هەموو جیهاندا کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی و دەزگاییە و زیاتر شێوەیەکە بۆ نزیکبوونەوە لە ئەکتەرەکان لە دەرەوەی دەزگاکان. ئەم دۆخە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە لە پەراوێزی دانیشتن و پانێل و گفتوگۆ فەرمییەکاندا، دانیشتن و گفتوگۆی نافەرمی و لابەلا دەکرێت و پرسە هەستیارەکان دەهێنرێتە بەر باس و پلانی تایبەتیان بۆ دادەنرێ. نێچیرڤان بارزانى ،سەرۆکی هەرێم تێڕوانین و روانگەی چارەخوازانەی هەرێمی کوردستان بۆ ململانێ سیاسییەکان باس دەکات.هەروەها مەترسی هەڕەشەکانی تیرۆر و میلیشیا چەکدارەکان و قەیرانە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتەڕوو.
ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکى گرنگە بۆ سازادنى چەندین کۆبوونەوەى گرنگ لە نێوان بەشداربوونى لە پێناو چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، لە ڕێگەی پاراستنی دیالۆگێکی بەردەوام و چاودێری کراو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا. هەروەها شوێنکە بۆ دانانى نەخشە وپلانى و دەستپێشخەرى دیپلۆماسیانە لە پێناو چارەسەرکردنى کێشە وململانێیەکان و بەتایبەت لەبوارى ئاسایشى ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بە گرنگترین شوێنى ئاڵۆگۆڕى بیروڕاکان هەژماردەکرێت لە هەمانکاتیشدا لە پەراوێز ئەم کۆنفرانسەدا ،چەندین دیداروکۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و وەزیرو پسپۆرانى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان ساز دەکرێت
ئێستا کێشە و هەڕەشەکانی ئاسایشی ناوچەکە بوونەتە کێشە و هەڕەشەی جیهانی و لە هەر کوێیەکی جیهان کێشەیەکی ئەمنی هەبێت، کاریگەری و رەنگدانەوەی بەسەر هەموو جیهانەوە هەیە؛ بۆیە میونشن گرنگترین کۆبوونەوەی ئەمنییە. بەدڵنییاییەوە متمانەکردن بە هەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق، خۆی رەوایی بەخشینێکی گەورەیە بۆ پێگە و کاریگەریی رۆڵی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن زۆر گرنگە وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە کۆنفرانسی میونشن و سازکردنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ دروستکەرانی بڕیاری سیاسی و ئاسایشی، شایەنی سەرنج پێدانە. چونکە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تاکوو ئێستا، بوون و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تاڕادەیەکی زۆر لە ڕێگه‌ی بنەماکانی سیستەمی نوێی جیهانی و پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گرێنتی کراوە. هەروەها پشتیوانى نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمى کوردستان لە جەنگى تیرۆریستانى داعش لە ساڵى 2014 و شەڕکردن لە پێناو فەراهەمکردنى ئاسایش و سەقامگیرى نەک تەنها کوردستان بەڵکو هەموو جیهان وەک ئەکتەرێکى نادەوڵەتیی متمانەپێکراو و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ، پارێزگاریکردن لە دیموکراسى و ئاشتى و پێکەوەژیان لە ناوچەکى پڕکێشە و نادیموکرات ، ئاماژەن بەوەى کە گەلى کورد و قەوارەکەى جێگەى گرنگى وبایەخە و بەتایبەتى کە ئێستا کێشە و هەڕەشەکانی ئاسایشی ناوچەکە بوونەتە کێشە و هەڕەشەی جیهانی و لە هەر کوێیەکی جیهان کێشەیەکی ئەمنی هەبێت، کاریگەری و رەنگدانەوەی بەسەر هەموو دوونیاوە هەیە؛ بۆیە کۆنفرانسى میونشن گرنگترین کۆبوونەوەی ئاسایشیە، بەو پێیەی کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن بووەتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەى وڵاتانى ناوچەکە وجیهان، بەشداری کردنی هەرێمی کوردستانیش دەچێتە خانەی ئەو پەرۆشی و ڕوانگەیەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پرسە جیهانییەکان هەیانە، بەتایبەتیش پرسە ئاسایشییەکان.
بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى ڕێزدار نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێم و لە نزیکەوە و چاوپێکەوتن و گفتوگۆى هاوبەش لە سەر ئاسایش و سیاسى و دیپلۆماسى و بەتایبەتى وڵاتانى بریارلەدەستى جیهان ، بەتایبەت لە رەوشى ئێستادا کە ناوچەکە و جیهان کەوتە ژێر هەڕەشە و شەردا و بەرەو گۆرانکارى و پێشهاتى نوێى هەنگاو دەنێت ، تێیدا وڵاتانى زڵهێز کار بۆ داڕشتنى سیستەمێکى نوێى چاوەڕوانکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو پێشهات و شەڕە نوێیە دەدەن ، هەرێمى کوردستانیش لەلایەک ئاگادارى ئەو گۆرانکارییە ئاسایشى و سیاسى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییانە دەبێ ولایەکیشى تریشەوە بەڕێگەى بەرچاو روونى لە کێشە وپرسەکانى لە عێراق وناوچەکە بەرچاوروونى و پشتیوانى ناوچەیی ونێودەوڵەتیی لەو کۆنفرانسە جیهانییە بۆ گەل و قەوارەکەى فەراهەم دەکات .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.