▪ کۆڕەوی ملیونی هاوارەکانی گەلی کوردستانی بەجیهان گەیاند

وەلید محەمەد

لە دوای ڕاپەرینی پیرۆزی کوردستان کەلە ڕانیە دەستی پێکردو لە کەرکوک کوتایی هات، ڕژێمی بەعسی دڕندە هێرشی پێچەوانە دەستی پێکردەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر کوردستان داگیربکاتەوەو گەلی قارەمانی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەڵام گەلی کوردستان بڕیاریدا چیتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دڕندە نەمێنێتەوە، بۆیە بە تێکڕا لە ڕۆژی ٣١ ئادار بڕیاری کۆرەوی ملیونیان دا،بەرەو سنورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان چوون. کۆڕەوی ملیونی هاواری گەلێکێ ناڕازی و زوڵم لێکراو بوو، هاوارەکانی گەلی کوردستانی بە جیهان گەیاند. کۆرەوی ملیۆنی کە پشتگیری نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا ھێناو نەیھێشت دەستکەوتی ڕاپەرین بە فیڕۆ بچێت لە ڕێگەی جووڵاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بوو کە ناچاری کرد پشتگیری لە کوردستان بکەن کۆرەو پەیامێک بوو بۆ جیھان کە گەلی کوردستان برسێتی و ئاوارە بوونی لە مانەوە لەژێر ڕژێمی سەدامدا بەلاوە پیرۆزترە (ناوچەی دژە فرین ئەو سنوورەیە، کە ئێستا لە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوكاتیش “دانیاڵ میتران” ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆكی ئەو كاتەی فەرەنسا، یەكێكە لەوانەی كە رۆڵی سەرەكی بینی بۆ ئەوەی فەرەنسا پرسی گەلی كوردستان بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وایكرد بڕیاری (٦٨٨)ی نەتەوەیەکگرتووەکان له‌بارەی “ناوچەی ئارام” دەربكرێت) بەھۆی کۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا کە ڕژێمی فاشیستی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتە سەر گەلی کوردستان و لە٥ی نیسانی ١٩٩١ (بڕیاری٦٨٨)درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەروی ھێڵی ٣٦ بۆ گەلی کوردستان دابنرێ، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لەبنکەی سەربازی (ئەنجەرلیک) لەتورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە). ناردنی ھێزی چەکداری بۆ پاراستنی خەڵکی لەکاتی گەڕانەوەیاندا ئەم بڕیارە بووە ھۆی دامەزرانی پەڕلەمانی کوردستان و حکوومەتی کوردستان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.