▪ گرنگى بوونى (بەرەیەکى کوردستانیى بەهێز ) بۆ ئێستا وداهاتوو


رێبوار حەمەلاو شوانى

ئاشکرایە،هەلومەرج و بارودۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دونیا بە قۆناغێکى هەستیار و جەنگدا گوەرزدەکات و ئەگەرى گۆرانکاریی ریشەیی لە نەخشەى سیاسى ناوچەکە لە ئارادایە ، ئەویش بەرێگەى دانانى نەخشەى نوێى بۆ دەڤەرەکە ، لێرەدا گرنگە گەلى کورد و هەرێمى کوردستان کە لە نێو چەقى ئەو ململانێیە نوێیانەدایە ، لەلایەک پارێزگارى لە شوناس وقەوارەکەى و بەرژوەندییەکانى بکات و لەلایەنگى تریشەوە لە نێو ئەو کێش مەکێشانەدا کە ئامانج تێیدا یەکلاکردنەوەى سەنگ و هاوکێشەکانە مامەڵەیەکى ژیرانە و وردبینانە بکات .
لەماوەى زیاتر لە سێ دەیەى رابردوو ، سەڕەراى هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکانى بەردەمییدا ،ئەزموونى هەرێمى کوردستان لە هەموو رووى سیاسی و ئابوورى و بوارەکانى دیکەدا تردا چۆتە قۆناغێکى باشتر و پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش زادەى ئەو راپەرینە مەزنەى ساڵى 1991 بوو کە بەرەى کوردستانى رابەرایەتى کرد، ئێستاش بە گەواهیدەرى هەموان ئەو ئەزموونە هەنگاوى زۆر باشی لەچەسپاندنى ئارامى و ئاشتى و پێکەوەژیان و پێشکەوتن و ئاوەدانى و شارستانییەت بڕیوە و نوێنەرایەتیى وڵاتان بوونیان هەیە کە ئەم ئەزموونە بە چیرۆکى سەرکەوتن لە ناوچەکە دادەنرێت.
مێژوو گەواهیدەرە بە درێژایی قۆناغەکانى خەبات و تێکۆشانمان یەکریزى و تەبایی کلیلى سەرکەوتنى گەورە بووە بۆ گەلەکەمان ، بەتایبەت کاتێک لە سەر پێشنیارى شەهیدى سەرکردە ئیدریس بارزانى ، لە قۆناغێکى هەستیاروچارەنووسسازدا کە بە ئەندازیارى ئاشتى کوردستانییە ، توانى ( بەرەى کوردستانى) ، وەک چەکێکى بەهێز و هەوێنى تەبایی گەلى کورد ولایەنەسیاسییەکان و لەو قۆناغەسەختەدا کە ناوچەکەى پێیدا دەرباز دەبوو بووە داینەمۆ و بزوێنەرى خەبات وبەرخودانى گەلەمان و لەماوەیەکى کورتدا توانى دەستکەوتى مەزن و پڕشانازى بۆ کورد وکوردستان تۆماڕبکات ، هەر لە راپەڕینەشکۆمەندەکەى بەهارى ساڵى 1991 و ئینجا بانگەوازى سەرۆک بارزانى لە شارى کۆیە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان ودواتر دامەزراندنى پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە گەلى کوردى لە قۆناغیى خەباتى چەکدارى وسەبازى گۆڕى بۆ خەباتى شارستانى ودیموکراسىیی سەردەمییانە
لێرەدا و لە قۆناغى ئێستادا ، گرنگە هاوشێوەى ئەو قۆناغە ، سەرکردایەتیی سیاسى گەلى کورد وەک رابردوو ، بە خوێندنەوەى وردبینانە و ژیرانە ڕچاویی ئەو پێشهات و گؤرانکارییە چاوەروانکاروانە و بەتایبەت کە کاریگەرییان لە سەر دۆزى رەوایی گەلەکەمان و قۆناغى ئێستاى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ هەموو رووداوێکى نوێى سازا وئامادە بێت ، گرنگە ستراتیژى سەرەکییمان خۆئامادەکردن بێت بۆ وەلاوەنانى هەموو ناکۆکیی و بەرژوەندییەکى شەخسى و حیزبى ، گرنگە هەمووان وەک بەرەیەکى کوردستانى بەهێز خۆمان ئامادە بکەن بە بیروباوەرێکى نەتەوەیی و نیشتیمانى، پر لە هەست و سۆزو بیرى کوردانە لە ژێر یەک چەتردا ، لە نێو یەک سەنگەر سوود و قازانج لە رووداو وپێشهاتە نوێیەکان وەربگرین و دەرفەتەکان بە هەند وەربگرین چونکە رەنگە ئیتر جارێکى تر دووبارە نەبێتەوە وهەروەها بە پێچەوانەشەوە بە ئەگەرى هەر جۆرە ناکۆکى سەرقاڵبوون بە کارى خۆپەرستانە و حیزبایەتی بەرتەسک ئەوا ئەگەرى زیانبەرکەوتن بەر هەموو قەوارەى هەرێمى کوردستان بە بێ جیاواز هەیە ، گرنگە ستراتیژى سەڕەکیمان تەنها بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان و ئامانجەکانمان بێت بەڕێگەى بەرەیەکى کوردستانى بەهێزتر بۆ رووبەڕووبوونەوەى رووداو و پێشهاتە چاوەروانکراوەکانى ناوچەکە و جیهان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.