▪ گرنگى پەیوەندى ستراتیژى هەولێر و واشنتۆن بۆ چى دەگەڕێتەوە ؟
رێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى كورد بەرچاو روونی هەبوو رۆژێك دێت لە چوارچێوەی عێراق و ناوچەكەدا ئەمەریكاى زلهێز پەنا دەبات بۆ گرێدانی كۆمەڵێك بەرژەوەندی هاوبەش و كاری هاوبەش پێكەوە، بڕیاری رووخانی رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 دەسپێكی گرنگی پەیوەندییەكە بوو، هاوكاری كورد لە ئێراق بۆ ئەمەریكا سەكۆیەكی باشتری رەخساند بۆ ئەوەی ئەمەریكا بە رژدى بیر لە كورد بكاتەوە وەك فاكتەرێكی گرنگ لە عێراق، چونكە ئەوان ئەمەریكادەیانزانی عێراق بە هۆی پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیە ئاڵۆزەكەیەوە رۆژێك دێت لە قەیرانێكدا گیرۆدە بێت، بۆیە بەشێواز و سیاسەتی جۆراروجۆر مامەڵەكەی لەگەڵ هەولێر دەستپێكرد، ئەگەرچی هەولێر روونتر و راشكاوانەتر هاتەپێشەوە، بەڵام سەرەتاییەكی بچووك لەلایەن ئەمەریكاوە بینرا، ئەویش لەسەردەمی حاكمیەتی مەدەنیی و دواتر لە كێشمەكێشمی دەستوور.
هەر لە دەستپێکى دامەزراندنى کابینەى نۆ بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، یەکێک لە ئەوڵەویاتەکانى گرنگیدان و پەرەپێدانى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى بووە لەبوارى جۆراجۆرى وەک پەیوەندى سیاسى ودیپلۆماسى نێوان وڵاتانى ناوچەکە و دیپلۆماسى ئابوورى و کشتووکاڵى ، گەشتیارى و وزە و بوارەکانى تر کە بەشێوەیەکى گشتى توانیویانە نەک هەر شوناس وپێگەى کوردستان بگەێنێە لووتکە بەڵکو هۆکارى سەڕەکیی بووە بۆ پشتیوانیکردنى دۆزى رەواى گەلى کورد و تاکە قەوارەى فیدراڵى و دەستوورى لە عێراقێکى شڵەژاو وناسەقامگیریدا .
بۆیە، دەتوانین بڵین کە هەموو ئەو بانگهێشت وسەردانە فەرمییانە لە سەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکە و ئەوروپایی ئاماژەن بەوەى کە مەسروور بارزانی سەرۆکى حکوومەتى کوردستان سەرکەوتوو بووە لەوەی گۆڕانێکی جۆری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەمەش پەیوەندییەکی زۆری بە سەرکردایەتییە ناوەزە و متمانەبەخۆبووکەى و، هەروەها پەیوەندییەکەی لەگەڵ وڵاتانى زڵهێزو ئەوروپایی و بەتایبەت وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا .بانگهێشتى فەرمى 25ى شووباتى 2024 بۆ ، مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لەگەڵ شاندێکى یاوەرى ، سازدانى چەندین دیدار وکۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانى کۆشکى سپى و کۆنگرێس و وەزارەتى دەرەوە ،ئاماژەیە بە گرنگیدانى واشنتۆن بە پەپوەندییەکانى لەگەڵ هەولێرى پایتەختى کوردستان وهەروەها راوێژو کۆبوونەوەى گرنگ لە سەر دوایین پێشهات و رەوشى عێراق وناوچەکەدا ، نهێنى ئەو گرنگیدانە بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە :
یەکەم ،، ئەو گرنگپێدانە بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە کە ئەمەریکا زۆرترین ژمارە سەربازی هەیە لە هەرێمی کوردستان، لەو هەرێمەدا پارێزراون و دوورە لە دەست گەیشتنى گروپ و هێزە میلیشیا لە یاسادەرچووەکانى ژێر هەژموونى ئێران ، بۆیە پەیوەندییەکی زۆر باش و ستراتیژی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هەیە.
دووەم ،، وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا زۆر بە یایەخ بە گرنگییەوە سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش. سەرکردەکانی ئەمەریکا هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی کوردستان دەکەن و بە هاوبەش و هاوپەیمانێکی ستراتیژی وڵاتەکەیان دەزانن، لە چەندین پرسیشدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
سێیەم ،، دروستکردنى گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا کە ماوەى 9 ساڵە کارى لە سەر دەکرێت لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئەمەریکا بەناوچەکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی دووردرێژ لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سەلماندوویەتی هاوبەشێکی جێ متمانەی ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چوارەم ،، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، چەندین بانگهێشت وسەردانی فەرٍمی لە سەر ئاستێكی بەرز بۆ هەولێر و واشنتۆن ئەنجامدراون ، ئەوەش وایكردووە ئاستی پەیوەندییەكان و متمانە لە نێوان هەر دوو گەلی كورد و ئەمەریكا بگاتە ئاستێكی زۆر بەرز . لەهەمانكاتیشد وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی كە هاوپەیمانی ئەو وڵاتەن ، بە گرنگی و بایەخێكی زۆرەوە دەروانێتە هەرێمی كوردستان و هەولێری پایتەخت وەك ناوەندێكی ستراتیژی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرٍاست، بە پێچەوانەی عێراق كە بەردەوام لە ژێر هێرش و گوشاری میلیشیا و هێزولایەنە كانی سەر بە ئێران و بینیمان كە ئەو كاتەی هەولێر لە ژێر هەڕەشەی تێرۆریستان بوو لە رێگەی پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەكان و ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە پشتیوانی هەرێمی كوردستانی كرد.
پێنجەم ،، روون و ئاشکرایە کە ، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ـەوە بوونی هەیە و لە ساڵی 2011ـشەوە واشنتۆن ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزکردەوە و لەوکاتەوە بووەتە ئەڵقەی پەیوەندی بەهێز لەنێوان هەرێمى کوردستان و ئەمەریکا .
شەشەم ،، هەر لە ساڵى 2003 ى دواى رووخانەى ڕژێمى سەدام ، ئینجا دواتریش ئەمەریکا وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی خۆی، سەیری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، ئەمەریکا لە ساڵی 2014 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لە 2016، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد بە مەبەستی، هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2022 پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتەکە دووپاتکردەوە.هەروەها لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکاش، مانگی ئاداری 2023 لە هەولێر ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند، پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و هەمیشە هێزى پێشمەرگەیان بە متمانەپێکراوترین هێز وهاوپەیمانى خۆیان لە ناوچەکە داناوە.
حەوتەم ،، یەکێکى تر لەو هەڵوێستە گرنگانەى کە ئەمەریکا بەرامبەر بە کوردستان نواندنى ، ئەوە بوو کە لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بوو لە داڤۆس، 16ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، جیک سولەیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکى حکوومەتى کوردستان مەسروور بارزانی ، ئەو هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێرى پایتەخت سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، “کوشتنی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکەین و پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس ئاماژەی بەوەدا، ” ئەمەریکا و سەرۆک بایدن، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی رژد وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەدەن.
هەشتەم ،، لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگ و کێشانەى کە لە دەسەڵاتدارانى عێراق لەسەر پرسی بودجە و هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان دروستیان کردووە ، کۆشکی سپی بەشێوەیەکى فەرمى هەڵوێستی خۆی ئاشکراکردووە و لە دوایین هەڵوێستیدا، دووپاتیکردەوە، “دەبێت بەغدا و هەولێر کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، دەبێ عێراقى فیدراڵى بەگوێرەی دەستوور شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و بەتایبەت کە واشنتۆن لە هەوڵى ئەوە دایە تاوەکو هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە.
لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە واشنتۆن لە هەولێری پایتەختی كوردستان بەرژوەندی ئابووری گرنگی هەیە و تا ئێستا چەندین پرۆژەی گرنگیان لە بواری جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان پەرەپێداوە و بەردەوام لە جوڵەدان مەبەستی كاری وەبەرهێنا و بازرگانی ، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە هاوشێوەی پەیوەندییە سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسییەكان . هەرێمی كوردستانیش وەك قەوارەیەكی دەستووری و سیاسی بەردەوام لە پێشكەوتنی سیاسی دایە. بە پێچەوانەشەوە دەوڵەتی عێراق رۆژانە لە داروخانی سیاسی و ئابوری و سەربازیدایە و سەرٍەرایی هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەوامی بەڵام توانیوێتی لە رووی سیاسی و دیپلۆماسیی و متمانەوە پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە كە ئایندەیەكی گەش لە چاوەروانی ئەو ناوچە سەقامگیرەی رۆژهەڵاتی ناوەرٍاستە ..
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.