▪ گرنگی بەشداری مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیھانی حکوومەتەکان

فرسەت سەید شکور
١٣ی شووباتی ٢٠٢٣

سەرەتا

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە، میتۆدی سەرەکیی پێشکەوتن و مانەوە و بەھێزبوونی ھەر دەوڵەت و وڵاتێکن. بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگکارانەی بەردەوام، قورسە دۆخی ئابووری یان کەشی سیاسیی بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت یاخود بە جێگیری بمێنێتەوە، لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەرھەنگی ھتد..) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبێت ھەمیشە زیندوو بێت.

بەشداری (مەسرو بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لوتکەی جیھانی حکوومەتەکان شاری دووبەی لە وڵاتی ئیمارات، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و وەک ئەکتەرێکی کارای نادەوڵەتی بەھا و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کاریگەری ناوچەکەیە، پێگەی ھەرێم لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە پێودانگی خوێندنەوەی ڕۆڵەکانیەتی لە ڕووداو و گۆڕانکاریی ناوچەیی و جیھانییەکان لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراو و گرووپە جیھانییەکانەوە.

مەسرور بارزانی لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا بە گەرمی لەلایەن (شێخ محمد بن راشد ئال مەکتووم) جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حاکمی میرنیشینی دووبەی کۆبووەوە، برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیمارات، بنەمای داڕشتنی گفتوگۆکان بوو، ئەمە جیالەوەی چەندین بیرو ڕای تایبەتمەند بە بواری (وەبەرھێنان-بازرگانی) ئاڵوگۆرکران، ئەم دیدارە ڕاستەوخۆیە بەمانای گرنگیپێدانی دەوڵەتی ئیماراتە لە ئاستی باڵا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داھاتوودا، بێگومان ئەمەش دەبێتە دەرچەی گرنگی بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکانیدا لە دووبەی، ھەوڵی زێدەترکردنی ھاوئاھەنگی و نێوان ھەرێم و حکوومەتی ووڵاتان دەدات، بەشێوەیەک لە فراوانترکردنی ئەو پرۆژە (مرۆیی، ئابووری)یانەی کە لە ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لە ھەمانکاتدا کردنەوەی دەرگای نوێی ئابووری لەبوارەکانی بازرگانی و وەبەرھێنان.
لەلایەکی دیکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەی لە شاری دوبەی لەگەڵ (شێخ محەممەد بن زاید) سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. ھەروەھا لە دیدارێکی دیکەی گرنگدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی جۆرجیا (ئیراکلی گاریباشڤیلی) گفتوگۆی دەربارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا کردووەتەوە، بەتایبەت ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان و گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان تبلیسی و هەولێر. ئەمە و چەندین دیداری دیکەی گرنگ و ستراتیجی کە لەمیانەی لووتکەکەدا ئەنجامیان دەدات.

پێگەی ھەرێمی کوردستانە لە دیدار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا

ئەو پێکەوەژیان و ئاشتییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بووەتە نموونەیەکی بەھێز کە وڵاتانی دیکەی جیھان بەردەوام ئاماژەی پێدەدەن، دەکرێت ئەوەشمان لە پێش چاو بێت کە
پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.
دواین دوو سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و سەردانی پێشووتری سەرۆکی ھەنگاریاش و بەشداری کارای (مەسرور بارزانی) لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی داڤۆس و ھەموو مانۆڕە دیپلۆماسییە کاریگەرەکانی جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

فراوانترکردنی ڕەوتی دیپلۆماسییەتی ھەرێم

جیهانی سیاسەتی نوێ، دروستکردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش، بەندە بە مسۆگەرکردنی دانپێدانان، لە ڕێگه‌ی برەودانی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەت ڕوون و گشتگیری و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان، وریایی لە مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێدەکدەھێنێت، کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامە لەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.
ھەرێمی کوردستان بەردەوام و ھەردەم پێویستی بە پاراستن و بەھێزتکردنی پەیوەندییەکانی ھەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەم شێوەیە دەتوانێت، جیا لە زامنی مانەوەی قەوارە یاسایی و دەستوورییەکەی ھەوڵی پتەوکردنی پێگە ئابوورییەکەی لە ناوخۆ و دەرەوە بدات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.