▪ گەلێک خوێن وگیانى بەخشیبێ هەرگیز باوەرى کوردپەروەرى و نیشتیمانپەروەرى لاواز نابێ
رێبوار حەمەلاو شوانى
لاپەرەکانى مێژوو دوورو نزیک دەرخەرى ئەو راستییەن کە بەهیزترین هۆکارى هەر گەل و نەتەوەیەک بۆ سەرکەوتن بە سەر نەیارانیدا ئەوا خۆشەویستى و بیروباروەرى نیشتیمانى و نەتەوەییە , بەتایبەت کە گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست باج و قوربانیی زۆرى بەخشیووە لە هەمان کاتیشدا رۆڵى ڕێبەر وسەرکردە مێژووییەکانى کورد و هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتیی لە کاتە قورس و سەختەکان دا و هەروەها دروستکردنى بیروباوەرى نەتەوەپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى و قوربانیدان لە پێناو ئازادى و سەربەست ژین مێژوویان تۆماڕکردووە و بەرچاویشە .
دەیان ساڵە نەتەوەیی کورد لەلایەن داگیرکەران و دوژمنانییەوە رووبەڕووى گەورەترین هەڵمەتى قڕکردن و هەوڵى ریشەکێشکردن بۆتەوە , هۆکارى سەرەکیشی بۆ ئەوە دەگەڕیێتەوە کە لە ژێر هیچ هەرەشە و پەڵاماردان و ئاگر و ئاسن ئامادە نەبووە نکۆڵى لە کوردبوون و کوردستانى بوونى خۆى بکات و هەروەها بوونى سەروەت و سامانێکى زۆر چ لە سەر زەووى و چ لە ژێر زەوى و هەروەها جوگرافیاییەکى لەبار لە هەموو روویەکەوە وایکردووە کە دوژمنانى چاچنۆکانە بەردەوام پەڵامارى بدەن و هەوڵى خامۆشکردن مەشخەڵى کوردایەتیی و دروستکردنى ئاستەنگ لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندن و بەدەستهێنانى مافەرەواکانى بدەرێت ، هەر ئەوەشە وایکردووە کە بەردەوام ئامادەى قوربانیدان و بەرگریکردن بووە لە شوناس و خاک و نیشتیمانى بەتایبەت کە لە ماوەى زیاتر لە یەک سەدەى رابردوویی دابەشکردنى خاک و نەتەوەەکەى بە دەستى زڵهێزان و لە ئەنجامى چەند ڕێککەوتننامەیەک بەسەر تورک وفارس و عەرەب دا رووبەڕووى هەڵمەتێکى چڕى جینۆسایدکردنى بووەتەوە تا بە ئێستاشەوە .
كورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن ماف لە هەمان کات چەندین سەرکردەى مێژوویی لە سەر ئاستى کوردستانى گەورە لێکەوتووە کە هەموویان لە پێناو یەک ئامانجى رەوا کە ئەویش ئازادى و مافى سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون و ڕەتکردنەوەى ژێر دەستى بووە خەبات یان کردووە و گیانى خۆشیان فیدایی نەتەوە و نیشتیمانەکەیان کردووە ، هەر لە سەر شێخ عەبدولسەلامى بارزان تا شێخ ئەحمەدى بارزان و قازى محەمەد و شێخ سەعیدى پیران و شێخ رەزا دێرسیم و مستەفا بارزانى نەمر و هتد .
دوژمنانى ئەم گەل و نیشتیمانە هەمیشە بەدواى دەرفەت و درز وناکۆکییەکى نێو ماڵى کوردستان گەڕاون تا لەو ڕێگەوە هەستى نیشتیمانپەورى و کوردپەوەرى لاواز بکەن ، هەمیشە سیناریۆ و بیانووەکانیان هەندێک کەس ولایەنی دروستکراویی خۆیان هەبووە تا بە ڕێگەى هەندێک زانیارییەوە بیکەنە خاڵى لاواز دژى گەل و نیشتیمانەکەمان بەکارى بهێنەوە , ئەگینا لە چ شوێنى ئەم جیهانە یەکسانى رەها و دیموکراسى و بەتەواویی یاسا و دیموکراسى پەیرەو دەکرێت ، لە چ شوێنکى ئەم جیهان گەندەڵى و قۆرخکارى بوونى نییە ، لە چ شوێنکى ئەم جیهان خیانەت لە گەل و نیشتیمان نەبووە , بەدڵنییایەوە لە هەموو شوێنکى ئەم دونیایە کەسانى خیانەتکاران وناپاک و گەندەڵکار بوونیان هەیە و بە پیێى کات و یاسا رووبەڕووى دادگە دەکرێنەوە سزا دەدرێن بەڵام هەرگیز کار ناگاتە ئەوەى کە نیشتیمان و خاک رادەستى دوژمن بکرێت و ژێر دەستى دوژمن و داگیرکەر پەسەندکراو بێت .
پارتى دیموکراتى کوردستان , ئەو قوتابخانە بیروهزرە کوردانەیە کە لە سەر ڕیبازى بارزانى بونیاتنراوە و تێید بیروباوەرى کوردپەورى و نیشتیمانپەوەرى لە سەروى هەموو بابەت و بەرژوەندییەکى ترەوەیە و بەرکردەوە سەڵمێنراوە ، ئەوانەى کە پروپاگەندە دەکەن و پێیان وایە باوەرى کوردایەتى و نیشتیمانپەوەرى لاواز بووە و بوونى نەماوە با ئاورێک لە مێژوو خەبات و قوربانیدانى گەلە کەیان بکەنەوە ، با ئاورێک لە خەبات و ماندووبوونى هەزاران پێشمەرگە بدەنەوە , با مێژوویی زیندانیی و ئاوارەیی گەلەکەمان بخوێنەوە و با دڕندەیی و ستەمى دوژمنان وداگیرکەران بەرامبەر بە کوردو وکوردستان بخوێنەوە .
گەلى کورد ، ئەو نەتەوەیە کە بەرگەى ئەنفالى بەد ناو و کیمیاباران و بۆمبى قەدەغەکراو و کۆڕەوەیی میلیۆنى گڕت ، بەرگەى برسێتى و پەنابەرى و گەمارۆى ئابوورى و دارایی لە دوێنى وئێستاى گڕت و دەنگى بە سەربەخۆیی و سەرەبەستى دا و بەرەنگارى دوژمنان وداگیرکەرانى ئەم گەل و قەوارەیە بووە کە ئایا ئەمە بیروباوەرى پیرۆزى کوردایەیی و نیشتیمانپەوەرى نییە ، بەڵکو بە دڵنییاییەوە , گەلێک لە پێناو ئازادى خوێن و گیانى بەخشیی بێت هەرگیز بیروباوەرى کوردپەوەرى ونیشتیمانپەوەرى لاواز نابێت،. بۆیە ,خۆشەویستى بۆ گەل و نیشتیمان کلیلى سەرکەوتنە و شکستى دوژمنانى کوردایەتى و کوردستانە .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.