▪ گەنجی كورد هان مەدە، با شەریفی كوڕت تەشریف بەرێ بۆ غەزە

ئەسرین عاسی شوانی

ساڵ دێ و دەڕوات، ڕۆژانە عەلی باپیر و هاوئاوازەكانی لە كوردستان، ستەم و زوڵم و سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە دەبینن و بێدەنگ و بێهەڵوێستن و مێش میوانیان نیە، دەبینن كەركووك داگیر دەكرێ تەعریب دەكرێ، کەچی عەلی باپیر لێرەوە فرمێسک بۆ قوربانییانی حەماس دەڕێژێ و هانی گەنجانی کورد دەدا بۆ جیهاد دژی ئیسرائیل! بۆیە گرنگە بپرسین: ئەگەر جەنابت ئەوەندە پەرۆشی خەڵکی فەلەستینیت، کێ دەستی گرتوویت بچیت بۆ جیهاد؟ ئێ مادام ئەمە هەڵوێستتە، با شەریفی کوڕت واز لە ژیانی پڕ ناز و فیزی ئەورووپا بهێنێت و تەشریف ببات بۆ غەزە، كێ رێی لێ گرتوون؟

نەك هەر لە باشوور، عەلی باپیر ڕۆژانە لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانیش، دەیان کۆمەڵکوژی دەبینێ و متەقی لێوە نایەت، كەچی لە دووریی سەدان کیلۆمەتر فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی فەلەستین و حەماس و حزبوڵا دەڕێژێ، ئەمە ناو لێ دەنێی چی؟ ئەگەر هەر مەسەلە موسڵمانێتییە، خۆ كوردیش زۆرینەی هەرە زۆری موسڵمانن، خۆ خەڵكی كەركووك و خورماتووش موسڵمانن، خۆ ئەو چوار گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەی لە خۆپیشاندانەكانی كەركووكیشدا لە ٢ی ئەیلوول شەهید بوون، موسڵمان بوون، ئەوە بۆچی رشتنی خوێنی ئەوزان نەیهەژاندی و نەیجووڵاندی؟ تەنانەت ناڕەزاییەکیشت نەبوو.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆژی ڕووناک لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان مرۆڤی کورد و هاوخوێنەکانت بە دارەوە دەکرێن، بۆ تەزوویەک بە گیانتدا نایەت؟ لەو مەرزە دروستکراوانەی دوژمنان دروستیان كردوون، هەفتانە و مانگانە چەندین کۆڵبەر، کە بۆ بژێو و بەدەستهێنانی تیکەنانێ بۆ ماڵ و منداڵی برسی و ڕووت و ڕەجاڵیان، ڕێگەی مەرگ دەگرنە بەر و بە دەستڕێژی گوللە دەكوژرێن، ئەوانیش موسڵمانن، كوردن لە نەتەوەی خۆتن، ئەی بۆچی تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکانی حزبەکەتەوە شەرمنانەش باسی لێوە ناکرێت، ئەی لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان چی؟

هەموو ئەمانە نابینی، بەڵام خەمی چەكدارانی حەماستە! تۆیەکی داشۆراو لە هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی و كوردستانیەت، داوای جیهاد دەکەیت و هانی گەنجان و لاوانی برینداری کورد دەدەیت و ڕێگای مەرگیان پێ پیشان ئەدەیت، تا (لە ڕێی خوا!) بڕۆنە غەزە و خۆیان بەکوشت بدەن، ئەمە بۆ کێ دەكەیت و لەپێناو چی؟

جێگای خۆیەتی لە جەنابت بپرسین: کاتێ کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و 182 هەزار مرۆڤی کورد لە ژن و منداڵی هاوخوێن و هاودینت کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کران، کاتێ شاری هەڵەبجە نوقمی خەردەل کرا و پێنج هەزار هاووڵاتیی سڤیلی شەهید کران، کاتێ باشووری کوردستان بە شار و دێ و ڕەز و باخ و کانی و مزگەوتەکانیەوە، لەگەڵ زەوی تەخت كرا، رێبەرانی حەماس و هاوشێوەكانیان چ هەڵوێستێكیان هەبوو بۆ هاوسۆزی لەگەڵ كوردی موسڵمان؟

بەڕاستی ئەوەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەگوزەرێ مایەی خەمابارییە و هیودارین بە زووترین كات كۆتایی پێ بێت، چونکە لەو نێوەندەدا مرۆڤ دەکوژرێ، ژێرخان و سەرخان وێران دەبێت و ژن و منداڵ و بەتەمەن و خەڵكی سڤیل دەكەونە مەرگەساتەوە، بەڵام پێویست بوو عەلی باپیری کۆمەڵ دادگەری، كەمێك دادپەروەر بوایە و بەرلەوەی فرمێسک بۆ حەماس و حزبوڵای لوبنانی بڕێژێت، دڵنەوایی منداڵەکانی شەهیدانی كوردستانی بكردایە، ئەرێ لە شەڕی دژی داعشدا، كەس عەلی باپیری بینی سەردانی پرسەی شەهیدێك بكا؟ كەس عەلی باپیری بینی بچێت دەستێك بە سەری منداڵێكی شەهیدی پێشمەرگەدا بهێنێت؟ یان ئەودەم خەریكی زەماوەندی سێیەمین بووك گواستنەوەی بوو؟

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.