▪ گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی رەمەزان بۆ بازاڕکردن بە بەشداری 100 کۆمپانیا کرایەوە

کاتژمێر نۆی شه‌وی رابردوو، گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی رەمەزان بۆ بازاڕکردن بە بەشداری 100 کۆمپانیا کرایەوە.

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر ، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان و چەند بەرپرسی دیکەی حکوومی، پێشانگاکە له‌ پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان کرایەوە.

لە پێشانگا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی رەمەزان بۆ بەبازاڕکردن، 100 کۆمپانیا لە حەوت وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە بریتین لە میسڕ، تورکیا، ئێران، ئیمارات، ھیند، یۆنان و عێراق کە ماوەی 10رۆژ دەخایەنێت.

لە پێشانگاکەدا چەندین کۆمپانیای خۆماڵی کەلوپەلەکانیان تیادا نمایشکردووە بەشێک لەوانەش تایبەتن بە بەروبوومی خۆماڵی.

پێشانگاکە بە شەوانە دەکرێتەوە و کارگێڕی پێشانگاکەش لە میانی ئەو دە رۆژەدا پێشبینی ھاتنی دووسەد ھەزار سەردانیکار دەکات.

جیاواز لە پێشانگاکانی دیکە، بەھۆی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە، پێشانگاکە رۆژانە لە کاتژمێر ھەشتی شەو دەکرێتەوە و تا پارشێو بەردەوام دەبێت.

ھەر لە میانی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە، چەندین چالاکیی ئاینی و کولتووری جۆراوجۆر تایبەت بەمانگی رەمەزان بەڕێوەدەچێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.