▪ ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی و ئێکسپایەری فیفتی بە فیفتی

فرسەت سەیدشکور

دابەشکاری ئیداری پەنجا بە پەنجا لە ھەرێمی کوردستان و شەڕی ناوخۆیی ناوەڕاستی نەوەدەکان ناسراو بە شەڕی براکوژی. دواتریش دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ئیداری و دروستبوونی دوو زۆنی زەرد و سەوز.
خاڵی چارەسەریی کێشە و ئاڵۆزییە مێژوویەش “ڕێککەوتنامەی ستراتیژیی” بوو کە سەدی سەد ئامانجەکەی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و یەکگرتوویی لە کوردستان پێکا، لەوەوەش “سەرۆک بارزانی” و خوالێخۆشبێت “جەلال تاڵەبانی” کارەکتەری سەرەکی ئەم لێکتێگەیشتنە مێژووییە بوون کە خزمەتی بە تەواوی خەڵکی کوردستان و ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێم کرد.

بەپێی ئەو خاڵانەی لە بەشی خوارەوەدا ئاماژەی پێدەدەین، یەکێتی مافی ئەوەی نییە باسی دوو ئیدارەیی یاخود دابەشکاری دەسەڵات و بەڕێوەبردن بە پێودانگی خۆی بکات؛

یەکەم: یەکێتی نیشتمانی لەو قۆناغەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە حیزبییەکانی ھەبێت، ئامادەیە ھەموو سازشێک بۆ لایەنی بەرامبەری بکات، بەڵام کاتێک “پارتی” لە پرسێکی ناوەخۆی ھەرێمدا بە تایبەتیش بەڕێوەبردن و ئیدارەدا پێویستی بە یەکێتیە پێیان وایە؛ تەنھا پارتی بەرپرسیارە و ئەوان لە دەسەڵاتدا نین!

دووەم: کاتێک ڕێککەوتنامەی “دەباشان” بە سەرپەرشتی خوالێخۆشبووان ( مام جەلال ) و (نەوشیروان مستەفا) بەسترا، ئامانج لێی بە قەولی خۆیان ڕاستکردنەوەی باڵانسی ھێز بوو لەگەڵ پارتی، بەڵام رێکەوتنەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و باڵانسی ھێزیان پێڕاست نەکرایەوە و لە ئەنجامدا بوو بەھۆی بچووک بوونەوەو لەقاڵبدانی گۆڕان.

سێییەم: بەشداریکردنی یەکێتی و گۆڕان بە یەک لیست لە ھەڵبژاردنی 10ی 10ی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خۆی دووپاتکردنەوەی کۆتایھاتنی ڕێککەوتنە لەگەڵ پارتی. یەکێتی دیسان لەم قۆناغە بانگەشەی تێپەڕاندنی دەنگەکانی “پارتی” دەکرد بە ھاوکاریی گۆڕان، کەچی سەدان ھەزار دەنگ کەوتنە دوای پارتی و بەھەردوو لا نیوەی ڕێژەی کورسیەکانی پارتیان ھێنا.

چوارەم: ھەڕەشەی دووئیدارەیی؛ یەکێتی نیشتمانی لە ھەر قۆناغێکدا کێشەی گەورەی ناوخۆیی ھەبووبێت، یان دەنگی خەڵکی لەدەستدابێت بە ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی و تێکدانی دۆخی ھەرێم و نەگەڕاندنەوەی داھات ھەڕەشەی کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەم حیزبە لەو دروشمەی خۆی لایداوە کە دیموکراسیی و سۆشیال دیموکراتە.

پێنجەم: گرنگترین بنەمای ڕێککەوتنامەی ستراتیژیی بریتیی بوو لە پرسی ھێزی سەربازیی و خاک و ئابووریی، بەڵام یەکێتی ئەم بنەمایانەی پێشێل کرد بە چەند کاردانەوەیەکی ناتەندروست و لە ڕێگای بێسەرو بەرەیی و نەبوونی یەک گوتاری سەرکردایەتییەکەی؛

أ-بابەتی سەربازیی: پێشنیاز و ھەوڵی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان “سەرۆک بارزانی” و پارتی خاوەنین، تا ئێستا “یەکێتی” ئامادەنییە ئەمە قبوڵ بکات، کە داواکاری ئەمریکا و ووڵاتانی ھاوپەیمانە، نەک ھەر ئەوە تەنانەت لەکاتێکدا پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لای یەکێتیە نەیانتوانیووە ئەو ئاڵایانەی یەکێتی لەسەر بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسنوری یەکێتی بھێنێتە خوارەوە و سیمای بارەگاکان لە بارەگای حیزبەوە بگۆڕێت بۆ بارەگای دامەزراوەی سەربازی ھەرێم، ھاوشێوەی بارەگا سەربازییەکانی پێشمەرگە لە سنوری پارتی بەدامەزراوەیی بکەن.
ب-پرسی خاک: ١٦ـی ئۆکتۆبەر و درز و کەلێن لە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگە باشترین نموونەی دابڕاندنی خاکن کە یەکێتی نیشتمانی بەرپرسە لەم کەلێنە، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتییە.
ج-پرسی ئابووری: لەو شوێنانەی کە داھاتی ناوخۆ لە سنووری زۆنی سەوزدایە، جیا لەوەی گەندەڵی زۆر و ناشەفافی تێدایە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەدواداچوون و لێدوانی بەشێک لە پەڕلەمانتارانە، ھەمیشە ئەو حیزبە ھەڕەشەی ڕاگرتنی ناردنی داھات دەکات کە ئەوەش بە زیانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەشکێتەوە.

‘”یەکێتی” بە پێی دەنگ و کورسی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە بەڵکو ڕێز لەو رێککەوتنە ستراتیژییە گیراوە کە لەنێوان ھەردوو حیزب مۆر کراوە، بەڵام پێشێلی ڕێککەوتنامەی ستراتیژیی و ھەوڵدان بۆ تێکدانی یەکڕیزیی و بیرکردنەوە بەسەردەمی “ھەشتاکان” و دوو ئیدارەیی کارتێکی سووتاوە, ڕەنگە بەرپرسانی یەکێتی خۆشیان لەو لۆژیکە گەیشتبن، بەو پێیەی لەم دەنگدانەی دوایی “یەکێتی” سەدان ھەزار دەنگی لەدەستداوە بەڵکو لەنێو ھێزە ئەمنییەکانی ئەو حیزبە دەنگێکی زۆر بۆ لایەنەکانی دیکە چووە، ئەمە جیا لەوەی دەنگی تەنھا ٪‏٨ خەڵکی سلێمانی لەگەڵدایە و لە کەرکوکیش سێ کورسی لەدەستداوە.
خستنەڕووی ئەم لۆژیکە ڕەنگە بۆ “یەکێتی” تاڵ بێت بەڵام ئەوە حەقیقەتێکە بۆ تێگەیشتن، حیزبیش کە سیاسەتی کرد دەبێت بەردەوام تێگەیشتنی بۆ گۆڕانکارییەکان ھەبێت و قەبارەی خۆی لەبەرچاو بگرێت.
یەکێتی و پارتی دوو ھێزن لەبەر سەقامگیری ھەرێم لە ھەموو حیزبەکان زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگیی و سازان ھەیە،

لە تەواوی عێراقیش ڕۆڵی یەکلایکەرەوەی لەپرسە سیاسییەکان ھەیە جیالەوەی گەورە بەرپرسانی ووڵاتانی ناوچەکەش دێنە لای “سەرۆک بارزانی” بۆ ئەوەی ڕۆڵی لە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ھەبێت.

کۆبەند

ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیار و چارەنووسسازی مێژوویدا تێدەپەڕێت، بەشێوەیەک کە دەبێت جیالەوەی ناوخۆکەی پتەو و بەھێز بکات لە ھەمانکاتدا خۆی لەگەڵ ھەژانە ھەنووکەییەکانی ئێستای جیھان بگونجێت، بەتایبەتیش لە ھەردوو بواری سەرەکی ئابووری و سیاسییدا، چونکە ڕوونە؛ ڕێککەوتنی دەوڵەتانی زلھێز و جەمسەردار بەردەوام پەیوەندییەکانیان دەگۆڕن بەپێی بەرژوەندییەکانیان، بۆیە لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی لەبەردەم قۆناغێکی گرندایە، بەوپێیەی ناکرێت دۆخی شێواو و شیرازەی تێکچووی خۆی بکاتە بیانوویی تێکدانی دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لەبری دروستکردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێویستە و گرنگە یەکێتی هاوکاری ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
ھەروەکو سەرۆک بارزانی ڕۆژی 29ی نیسانی 2023 لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرایەتی وڵاتان ئاماژەی پێدایەوە؛
“کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت”

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.