▪ یادی شەهیدانی یەكی شوبات، چیمان لێ دەخوازێت؟

ئەسرین عاسی شوانی

هەردوو كردەوە تیرۆریستییە خۆكوژییەكەی ڕۆژی 1ی شوباتی 2004، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەو ساڵەدا، لەنێوان چەند چرکەیەکدا، لە دوو شوێنی جیاوازی مەبەستداری شاری هەولێر، لە دوو بارەگای سەرەکیی دوو حزبە گەورەكەی کوردستان، مەغزا و مانای زۆر هەڵدەگرێت، هەردوو تەقینەوەکە لە کاتێکدا بوو کە هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی)، لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، پێشوازییان لە دۆست و هەواداران و میوانانی لق و مەڵبەند دەکرد، لەو ساتانەدا بێ ئاگا بوون لەوەی کە هەردوو لایان بەبێ جیاوازی، لە لایەن ناحەزانی کوردەوە دەكرێنە ئامانج.

ئەوە جاری یەکەم نەبوو دوژمن كورد و كوردستان بكاتە ئامانج، بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، لای ناحەز و دوژمن و شەمشەمەکوێرەکان، کورد هەر کوردە، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگەکان، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، درککردنی دوژمنانە بەو واقیعەی کورد وەکوو نەتەوەیەک سەیر دەکرێت کە بەداخەوە ئێمە خۆمان تا ئێستا هەستمان بەو ڕاستییە نەکردووە، یان جوانتر بڵێین، زۆر لە حزبە کوردستانییەکان، درکیان بەو واقیعە نەکردووە، یان نایانەوێت درکی پێ بکەن، چونکە ئەوەی لەپشت ئەو کردەوانەوە كرایە ئامانج، کورد و كوردستان بوو، نەک بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی.

بۆیە پێویستە لەم رۆژەدا و لە یادی شەهیدانی یەكی شوباتی لق و مەڵبەندی پارتی و یەكێتی لە هەولێر، بە رژدبوونی زیاترەوە بیر لە یەكخستنی نێوماڵی كورد بكرێتەوە و كاری بۆ بكرێت و هەنگاوی عەمەلیی بۆ بهاوێژرێت، پێویستە ماڵی کورد ڕێک بخرێتەوە و بڕیاری كورد دروست بێتەوە و بە گوتارێکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بوەستنەوە.

ئاخر دوژمنان وەک پیشەی لەمێژینەیان، لە هەوڵی ئەوەدان ئاستەنگ دروست بکەن و درز بخەنە نێوانیان، تا ئەو ئارامییەی کە لە کوردستاندا هەیە بیشێوێنن و کورد و بزووتنەوەکەی بە شتی لاوەکییەوە خەریک بکەن، تا نەپەرژێتە سەر داواکاری و مافە ڕەواکانی، لە نموونەی هێرشەکەی یەکی شوباتی شاری هەولێر، کە دەیان قارەمان لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنیان بەناهەق ڕژێنرا.

ئەگەر بۆ ئەو ساتانە بگەڕێینەوە کە کورد یەکگوتار و یەکگرتوو بوون، هەمیشە دوژمنان بەرەیەکی دژە کوردیان پێکهێناوە لە ئێران و سووریا و عێراق و تورکیا، کە هەر سێ مانگ جارێک لە یەکێک لە پایتەختەکانی ئەو وڵاتانە کۆ دەبوونەوە و لەسەر چارەنووسی کورد دەدوان و هەر پێشکەوتنێکیش لە بزووتنەوەی کوردایەتی بەدی بکرایە، گورج ئەو لایەنانەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ دەکردەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ناکۆکییە دێرینەکانی خۆیان. بۆیە دەکرێ ئەو کردەوە تیرۆرستییەی یەکی شوباتیش لە خانەی ئەو کردەوە دوژمنکارییانەدا پۆلێن بکەین.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.