20 ڕاسپاردە و ڕێنمایی گرنگ بۆ قوتابیان، لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە

بەیانی ٢٠٢٢/١٢/١٤ یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، بۆیە پێویستە قوتابیان ئەم (٢٠) خاڵەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن، تا ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنن:

۱- ڕۆژانە پلانی خۆیان هەبێ بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان، بە تایبەتی بابەتە گرنگەکان.
٢- گشت ئامێرەکانی تەکنەلۆجیا، وەک: مۆبایل و ئایپاد و تەلەڤزیۆن و …هتد لە خۆیان دووربخەنەوە.
٣- لە شوێنێک ئارام و دوور لە قەرەباڵغی و جەنجاڵی سەعی بکەن.
٤- لە نێوان هەر (٢٥) خولەک سەعیکردن، (٥-١٠) خولەک پشوو بدەن.
٥- لەکاتی سەعیکردن، هەوڵدەن دەروونێکی ئاسوودە و ئارامیان هەبێ، دوور لە هەڵچوون و تووڕەبوون.
٦- لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە، واز لە گەشت و گەڕان و میوانداری بهێنن.
٧- شەو زۆر بخەون، بۆ ئەوەی بتوانن بەیانی زوو لە خەو هەڵبستن.
٨- نانی بەیانی بخۆن، ئینجا بچن بۆ تاقیکردنەوە.
٩- لەکات و ساتی خۆیدا لە قوتابخانە ئامادەبن.
١٠- هەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە لەگەڵ خۆیان ببەن، وەک: قەڵەم و قەڵەمبڕ و مەساحە و ڕاستە و …هتد.
١١- کە چوون بۆ هۆڵی تاقیکردنەوە، تووشی ترس و شڵەژان و دڵەڕاوکێ نەبن و وەک تاقیکردنەوەی مانگانە بە ئاسایی وەری بگرن.
١٢- کە پرسیارەکانیان وەرگرت، پێش هەموو شتێک ناوی خۆیان و پۆلەکەیان بنووسن.
١٣- پێش وەڵامدانەوەی هیچ پرسیارێک، هەموو پرسیارەکان بە وردی بخوێننەوە.
١٤- سەرەتا ئەو پرسیارانە وەڵام بدەنەوە، کە دڵنیان لە ڕاستی و دروستی وەڵامەکەیان، ئینجا بچنە سەر وەڵامی پرسیارەکانی دیکە.
١٥- لەکاتی وەڵامدانەوە، بەقووڵی بیر بکەنەوە و خۆیان لە داڵغەلێدان و هزرپەرتی دووربخەنەوە.
١٦- قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی دەبێ بزانن (٩٠) خولەکیان لەبەردەستە، هەروەها قوتابیانی قۆناغی ئامادەییش، بۆ هەموو بابەتەکان (١٢٠) خولەک، هەروەها بۆ بابەتەکانی زمانیش (١٥٠) خولەکیان لەبەردەستە، بۆیە نابێ بە پەڵەپرۆزێ وەڵام بدانەوە، یان زوو بچنە دەرەوە، بەڵکوو دەبێ سوود لەکاتەکەیان وەرگرن.
١٧- کاتێک وەڵامی هەموو پرسیارێکیان دایەوە، دەبێ دووبارە گشت پرسیار و وەڵامەکان بخوێننەوە، نەوەک شتێکیان لەبیرچووبێتەوە، یان بە هەڵە وەڵامیان دابێتەوە.
١٨- لەکاتی تاقیکرنەوە بە هیچ جۆرێک ئاوڕ بۆ ئەملاو ئەولا نەدەنەوە و قۆپیە نەکەن.
١٩- دەبێ هەوڵدەن وەڵامەکان بە خەتێکی خۆش بنووسن، کە مامۆستا بتوانێ بیخوێنێتەوە.
٢٠- نابێ هیچ پرسیارێک بەبێ وەڵام بەجێ بهێڵن، تەنانەت ئەگەر وەڵامەکەشیان نەزانی، چونکە کاغەزی سپی نیشانەی تەسلیبوونە، هەروەها دەبێ قوتابیان بزانن ئەگەر کاغەزەکەیان سپی بێت، مامۆستا ناتوانێ هیچ نمرەیەکیان پێ ببەخشێت، بۆیە پێویست بۆ هەر پرسیارێک وەڵامێک بنووسن!

لەکۆتایی دا، هیوای سەرکەوتن بۆ گشت قوتابیان دەخوازم.

م. محەمەدساڵح پێندرۆیی
(جگەرسۆز)
یاریدەدەری کاروباری قوتابیان لە قوتابخانەی بەحرکەی هاوچارخی کچان
ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١٢/١٣

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.