رێفراندومی سەربەخۆیی کوردستان 25 ی9ی2017

هوگر شەهاب

رۆژی چوارشه‌م رێكه‌وتی 7ی 6ی 2017 له‌ سه‌لاحه‌دین مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گشت هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مان جگه‌ (له‌ بزۆتنه‌وه‌ی گوران و كومه‌لی دادگه‌ری كوردستان-كومه‌لی ئیسلامی كوردستان كه‌ به‌شدار نه‌بوون) و نوینه‌ره‌ بالاكانی حكومه‌ت جێگیری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆك و جێگری كۆمسیونی بالای هه‌لبژاردنه‌كانی كوردستان كوبووه‌،له‌م كوبونه‌وه‌یه‌دا زۆر به‌وردی باس له‌ بابه‌تی ریفراندۆم و هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و بارودوخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و جیهان و ناوچه‌كه‌ كرا، ئاماده‌بوانی كوبونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌خوی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان به‌ تێكرای ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند خالێك رێككه‌وتن:
یه‌كه‌م: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی 9ی 2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.
دووه‌م: كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ سیاسیه‌كان له‌ پێناو یه‌كرێزی و یه‌كده‌نگی نیشتیمانی.
سێیه‌م: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئابورییه‌كانی هاولاتیانی كوردستان و چاككردنه‌وه‌ی بژیوی ژیانی خه‌لك .
چواره‌م: پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم به‌ سه‌ركردایه‌تی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها داوا له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان كرا كه‌ نوینه‌رانی خۆیان تاكو رێكه‌وتی 12ی 6ی 2017 ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ به‌شداربوون له‌ چه‌ند كومیته‌ی تایبه‌ت به‌ ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم.

“ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی 9ی 2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم”


هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ كوبونه‌وه‌كه‌ بریتی بوون له‌(پارتی دیموكراتی كوردستان- یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان- یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان- بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان- حزبی شیوعی كوردستان- حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان- حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان- پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستان- پارتی چاكسازی پێشكه‌وتووی كوردستان- لیستی هه‌ولێری توركمانی- به‌ره‌ی توركمانی عێراق- پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان- لیستی ئه‌رمه‌ن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان- بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری- ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی ئاشووری).
له‌ رێكه‌وتی 8ی 6ی 2017 به‌پێی فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌(106) كه‌ ئیمزای مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی ریفراندۆم (12) بریاریان ده‌ركرد كه‌ گرنگترینیان بریتی بوون له‌:
یه‌كه‌م: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی 9ی 2017 له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.
دووه‌م: پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ ریفراندۆم گشتی و نهێنی و راسته‌خۆ ده‌بێت.
سێیه‌م: به‌شداربووانی پرۆسه‌كه‌ بۆ دیاریكردنی مافی چاره‌نوسی خۆیان به‌ به‌لێ یان نه‌خێر وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌،ئایه‌ ده‌ته‌وێت هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ببێته‌ ده‌وله‌تێكی سه‌ربه‌خۆ؟
چواره‌م: كارتی ده‌نگدان به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و توركمانی و سریانی ده‌بێت.
پێنجه‌م: كۆمسیۆنی بالای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردن و راپرسی له‌ كوردستان سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات و هه‌ماهه‌نگیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی بالای راپرسی ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌.
له‌ رێكه‌وتی 8ی 7ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم یه‌كه‌م كوبونه‌وه‌ی خۆی به‌سه‌ركردایه‌تی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی نوینه‌رانی پارته‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه‌كانی ئه‌ندام له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌نجامدرا،له‌م كوبونه‌وه‌یه‌دا دوای باسكردنی بارودوخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و هه‌لویستی كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندم ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم به‌ تێكرای ده‌نگ(3)بریاری ده‌ركرد كه‌ بریتی بوون له‌:
یه‌كه‌م: به‌شداربووان پاپه‌ندی خۆیان بۆ بریاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی 9ی 2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم پشت راستكرایه‌وه‌ و پاپه‌ندی خۆشیان بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و باشتركردنی بژیوی ژیانی خه‌لك راگه‌یاند.
دووه‌م: بۆ ئاماده‌كاری كردن بۆ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆم هه‌یكه‌لیه‌تی كاری ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم و كومیته‌ فه‌رعیه‌كان دیاری كرا.
سێیه‌م: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی بالای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گشت پییداویستی یه‌كانی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
سه‌باره‌ت ئه‌م كوبوونه‌وه‌ مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رتوكی بۆمێژوو به‌م شێوه‌یه‌ باسی ده‌كات”هه‌ر له‌ كوبوونه‌وه‌ی 8ی 7ی 2017 ی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم و پارته‌ سیاسییه‌كان، رێكه‌وتنمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ حه‌وت كۆمیته‌ی فه‌رعی پێك بهێندرێن بۆ راپه‌راندنی ئیش و كاره‌كان كه‌ بریتی بوون له‌ كۆمیته‌ی یاسایی و كومسیونی هه‌لبژاردن،كومیته‌ی گفتوگو له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و ده‌شتی نه‌ینه‌وا،كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی و كاروباری راگه‌یاندن، كومیته‌ی سیاسی و ئابووری بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی ناوخویی هه‌رێم،كومیته‌ی دیپلوماسی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و روسیا و به‌ریتانیا و چین و ولاتانی تر، كومیته‌ی دیپلوماسی بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ولاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ئیران و توركیا،كومیته‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق”.
له‌ رێكه‌وتی 30ی 7ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم به‌ سه‌ركردایه‌تی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ كوسره‌ت ڕه‌سوڵ جێگیری سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان و نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان و نوینه‌رانی پارته‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه‌كانی ئه‌ندام له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كوبونه‌وه‌،له‌م كوبونه‌وه‌یه‌دا دوای باسكردنی بارودوخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌رێوه‌چوونی ریفراندۆم و هه‌لسه‌نگاندنی هه‌لویستی كومه‌لگه‌ی نێوده‌وله‌تی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم به‌ تێكرای ده‌نگ (3)بریاری ده‌ركرد كه‌ بریتی بوون له‌:
یه‌كه‌م: راسپاردنی هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێزان مسعود بارزانی و كوسره‌ت ڕه‌سوڵ بۆ پێكهێنانی شاندی دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بریاری دا كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا په‌رله‌مانی كوردستان كارابكریته‌وه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پشتیوانیكردنی كردنی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆم.
سێیه‌م: له‌ باره‌ی بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی پێكهاته‌ و سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم بیروبۆچوون ئالوگۆر كران.
له‌ رێكه‌وتی 7ی 8ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌خوی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان كوبووه‌،له‌م كوبونه‌وه‌یه‌دا له‌ دوای تاوتوێكردن و هه‌لسه‌نگاندنی هه‌لویستی ناوخویی و هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تی له‌باره‌ی به‌رێوه‌چوونی ریفراندۆم ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم بریاری پێكهێنانی شاندێكی دانوستانی له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌سه‌ند كرد و هه‌ر له‌م كوبونه‌وه‌شدا ئه‌جیندا و به‌رنامه‌ی كاری شانده‌كه‌ش بریاری له‌سه‌ر درا.
له‌ رێكه‌وتی 12ی 8ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌خوی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان كوبووه‌،له‌م كوبونه‌وه‌یه‌دا له‌ دوای باسكردنی سه‌ره‌دانی چاوه‌روانكراوی شاندی بالای هه‌رێم بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی گفتوگوكردن و وتوێژكردن له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسیه‌كان و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نیوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم هێله‌ گشتییه‌كانی دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا دیاری كرد.
له‌ رێكه‌وتی 14ی 8ی 2017 شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ د.رۆژ نوری شاوێس نوینه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ نوینه‌ری یه‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د نوینه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و رۆمیۆ هه‌كاری نوینه‌ری مه‌سیحیان و ماجد بازرگان نوینه‌ری توركمانه‌كان و ڤیان ده‌خیل نوینه‌ری كوردانی ئێزیدی بۆ گفتوگوكردن له‌گه‌ل حكومه‌تی عێراق و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان هه‌رێم و به‌غدا و پرۆسه‌ی ریفراندۆم سه‌ره‌دانی به‌غدایان كرد، له‌م سه‌ره‌دانه‌دا شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم كه‌ نزیكه‌ی سێ رۆژی خایاند له‌گه‌ل هه‌ر یه‌ك له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق(2014-2018) سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجۆمه‌نی نوینه‌رانی عێراق(2014-2018) و عه‌ممار حه‌كیم و نووری مالیكی و هادی عامری و بالیوزی ولاتانی ئه‌مریكا و ئیران و توركیا كوبوونه‌وه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یانه‌دا شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوه‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت،چونكه‌ بریاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بریارێكه‌ ته‌نیا به‌ ده‌ستی لێژنه‌ی بالا و لێژنه‌ی دانوستاندن نییه‌،به‌لكو بریاره‌كه‌ له‌ ده‌ستی گه‌لی كوردستانه‌،هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر زمانی گفتوگو و دانوستاندن كردبووه‌ له‌ نیوان هه‌رێم و به‌غدا،سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجۆمه‌نی نوینه‌رانی عێراق و بالیوزی ولاتان و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری عێراق ئه‌م سه‌ره‌دانه‌ی شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم به‌ ئه‌رێنی ناو بردبوو و به‌رده‌وام بوونی ئه‌و گفتوگویانه‌ش به‌ پێویست زانیبوون له‌ نیوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ناكوكیه‌كانی نیوانیان.
له‌ رێكه‌وتی 23ی 8ی 2017 ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتی مسعود بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی كوبووه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ره‌دانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا و هه‌لویستی هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تی له‌ باره‌ی ریفراندۆم و تاوتوێكرا،هه‌روه‌ها له‌ دوای گوێگرتن له‌ شاندی دانوستاندكاری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و بالیوزه‌كانی ولاتان به‌ كومه‌لێك ده‌ره‌نجام گه‌یشتن:
یه‌كه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ پێزانینی بۆ كار و ئه‌دای یه‌كگرتووی شاندی دانوستاندكار له‌ به‌غدا هه‌بوو و جه‌ختی له‌ به‌رده‌وامی گفتوگو و دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا كرده‌وه‌ له‌ باره‌ی ریفراندۆم و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان هه‌رێم و به‌غدا.
دووه‌م: دروستكردنی كومیته‌ و رێوشوێنه‌ پراكتییه‌كانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم خێراتر بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا،راگه‌یاندن و توانای حزبه‌كان بۆ پالپشتیكردنی ریفراندۆم هه‌ماهه‌نگ بن.
سێیه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ پشتگیریی خۆی دووپاتكرده‌وه‌ له‌ هه‌وله‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چاكسازی و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی مووچه‌ و باری گوزه‌رانی هاولاتییان.
چواره‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم وێرای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ مافی ره‌وای گه‌لی كوردستان له‌ دیاریكردنی چاره‌نووس،تێگه‌یشتنی ته‌واوی بۆ هه‌لویستی نێوده‌وله‌تی هه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ریفراندۆم و ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم هیچ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر شه‌ری داعش نابێت و گه‌لی كوردستان له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی شه‌ری تیرۆر ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ شه‌ری تیرۆردا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و گفتوگویه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یماناندا.
پێنجه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ بروای ته‌واوی به‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی كوردستان هه‌یه‌ و پشتگیریی هه‌موو جۆره‌ گه‌ره‌نتییه‌ك ده‌كات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان.
شه‌شه‌م: پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوستاندكار بۆ ولاتانی دراوسێ و جیهان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم.
حه‌وته‌م: له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا كونفرانسێك بۆ نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆژنامه‌نووسی ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌ هه‌رێمی كوردستان ساز بكرێت له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌ دیموكراتییه‌كان و مافی چاره‌ی خۆنووسین.
له‌ رێكه‌وتی 5ی 9ی 2017 به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراون بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێ كرا و تاوه‌كو 22ی 9ی 2017 واته‌ تا 48 كاتژمێر پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم درێژه‌ی كێشا.
له‌ رێكه‌وتی 10ی 9ی 2017 ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم به‌سه‌رپه‌رشتی مسعودبارزانی به‌ ئاماه‌بوونی هه‌ر یه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سۆل عه‌لی و كومسیونی بالای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كوبووه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و رێككه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌مه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دوایین هه‌لویستی ناوخویی و هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم تاوتوێكران،هه‌ر له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم به‌م ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌ گه‌یشتن:
یه‌كه‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانی له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا 25 ی 9ی 2017 له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كرده‌وه‌،ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ش ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ دواخستنی ریفراندۆمیان ده‌كرد.
دووه‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كرێزی و یه‌كگرتووی و هاوده‌نگی نیشتیمانی و هه‌ماهه‌نگی نیوان هێزه‌ سیاسیه‌كان بۆ هه‌لمه‌تی هاوبه‌شی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم كرده‌وه‌.
سێیه‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستن و ره‌چاوكردنی ماف و داواكاریی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی كوردستان له‌ گشت قوناغه‌كاندا كرده‌وه‌.
چواره‌م: حزب ولایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم رێككه‌وتن كه‌ رۆژی پێنچ شه‌ممه‌ 14ی 9ی 2017 په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌ و دانیشتنی ئاسایی خۆی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.
پێنجه‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم پشتیوانی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی كومسیونی بالای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌ربری و داوای له‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش كرد كه‌ هاوكاری كومسیونی بالای سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
شه‌شه‌م: ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم داوای له‌ رێكخراوه‌ بیانییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كومه‌لگای مه‌ده‌نی كرد كه‌ به‌شدار بن له‌چاودێریكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی بریاری ژماره‌(4)سه‌روكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكه‌وتی 11ی 9ی 2017 كه‌ ئیمزای مسعود بارزانی له‌سه‌ره‌ له‌سه‌ر روشنایی كوبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ 23ی 8ی 2017 و 27ی 8ی 2017 به‌مه‌به‌ستی زیاتر رێكخستنی كاروباری ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم كومه‌لیك بریار دران له‌وانه‌:
یه‌كه‌م:پێكهێنانی سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌ن به‌ سه‌رپه‌رشتی فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم،به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رێزان(هوشیار زێباری-سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌-خلیل أبراهیم،عبدالرحمان فارس(ئه‌بو كاروان)-به‌همه‌ن حسێن-نوینه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-دلشاد شه‌هاب نوینه‌ری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران-نوینه‌ری په‌رله‌مانی كوردستان)
ئه‌رك و كاره‌كانی سكرتاریه‌ت بریتین له‌(رێكخستنی كوبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم،ئاماده‌كردنی ئه‌جیندای كوبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم، بودواداچوون بۆ بریاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامه‌كان،هه‌ماهه‌نگی دروستكردن له‌گه‌ل حكومه‌تی عێراق و ولاتانی بیانی و دراوسێیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رێكخستنی سه‌ره‌دانه‌كانی شاندی دانوستاندن).
دووه‌م:پێكهێنانی لێژنه‌ى راگه‌یاندن به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌لا به‌ختیار به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رێزان(محمود محمد،یه‌حیا رێشاوه‌یی،هندرێن ئه‌حمه‌د،هیوا سید سلیم، عبدالله‌ انور عبدالله‌،زكری موسی وسو،نوینه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان).
ئه‌رك و كاره‌كانی لێژنه‌ى راگه‌یاندن بریتین له‌(ئاماده‌كردنی پرۆگرام و چالاكیه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخو و عه‌ره‌بی و جیهانی،ئاشناكردنی هاولاتییان ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆم،هاندانی هاولاتیانی كوردستان بۆ به‌شداری كردن له‌پرۆسه‌ی ریفراندۆم).
سێیه‌م:ده‌ستنیشانكردنی فوئاد حسێن وه‌ك وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم.
چواره‌م:ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی به‌لگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كان له‌ ده‌وله‌تی داهاتووی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی خه‌لیل ئیبراهیم.
پێنجه‌م:ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی راگه‌یاندنی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌وله‌ت له‌ ده‌وله‌تی داهاتووی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی د. كاوه‌ محمود.
شه‌شه‌م: ناردنی شاندێك بۆ سه‌ردانكردنی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌ كه‌ركوك.
له‌ رێكه‌وتی 17ی 9ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌خوی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان كوبووه‌، له‌ كوبونه‌وه‌كه‌دا له‌ دوای هه‌لسه‌نگاندنی پێشنیاره‌كانی كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی كه‌ ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كرابوون،ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم دوو بریاری ده‌ركرد:
یه‌كه‌م: پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌رده‌وام ده‌بێت،له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیارانه‌ی خراونه‌ته‌روو له‌لایه‌ن كومه‌لگای نێوده‌وله‌تیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی ریفراندۆم هیچ گره‌نتییه‌كی تێدا نییه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندی گه‌له‌كه‌مان بێت.
دووه‌م: درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی گفتوگوكردن و وتوێژكردن له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی.
له‌ رێكه‌وتی 21ی 9ی 2017 ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌خوی مسعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان كوبووه‌، له‌ كوبونه‌وه‌كه‌دا له‌ دوای تاوتوێكردن و هه‌لسه‌نگاندنی نوێترین هه‌لویسته‌كانی كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی و عێراق له‌ باره‌ی به‌رێوه‌چوونی ریفراندۆم ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم(4)بریاری ده‌ركرد:
یه‌كه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی تاكو ئێستا ئه‌لته‌رناتیفی ریفراندۆم نه‌گه‌یشتووه‌ و كاتی گونجاویش نه‌ماوه‌،ئه‌گه‌ریش گره‌نتی ته‌واو بۆ سه‌ربه‌خویی كوردستان نه‌درێت،ئه‌وا ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
دووه‌م: بریار درا كه‌ ده‌رگای گفتوگو و دیالوگ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ كراوه‌یی بهێلدرێته‌وه‌.
سێیه‌م: بریار درا بۆ روونكردنه‌وه‌ی دوایین هه‌لویست شاندی دانوستانكاری ئه‌نجومه‌نی بالای ریفراندۆم رێكه‌وتی 23ی 9ی 2017 سه‌ره‌دانی به‌غدا بكاته‌وه‌.
چواره‌م: بریاردرا سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی بالا هه‌ردوو پرۆژه‌ی مافی پێكهاته‌كان و ڕاگه‌یاندنی پره‌نسیپی گشتی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ پێش رێكه‌وتی 25ی 9ی 2017 بلاوبكاته‌وه‌.
په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 15ی 9ی 2017 دانیشتنی نائاسایی خۆی به‌ به‌شداری 68 ئه‌ندام په‌رله‌مان ئه‌نجامدا،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان بریاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریم 25ی 9ی 2017ى په‌سندكرد، هه‌ر له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا راسپارده‌یه‌كی پێنچ خالی بۆ كومسیونی بالای سه‌ربه‌خوی هه‌لبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و له‌ كوی 68 په‌رله‌مانتار به‌ ده‌نگی 65 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا، دواتر ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر پێنچ راسپارده‌كه‌ی خوێنده‌وه‌.
له‌ رێكه‌وتی 23ی 9ی 2017 شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم سه‌ره‌دانی به‌غدا كرد و به‌جیا له‌گه‌ل هه‌ر یه‌ك له‌ فوئاد مه‌عسوم سه‌روك كوماری پێشووی عێراق(2014-2018)عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه‌كان كوبوونه‌وه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یانه‌دا شاندی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبووه‌ كه‌ ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خویدا ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ ئێستاشدا ده‌ستی پێكردووه‌،هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ د.رۆژ نوری شاویس به‌ توری مێدیایی رووداوی راگه‌یاند كه‌ ئه‌مرۆ ئێمه‌ به‌ به‌غدا ده‌لێین گه‌لی كوردستان بریاری گشتپرسی داوه‌ و پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌،به‌لام ده‌رگای گفتوگو له‌ دوای 25ی 9ی 2017 له‌لایه‌ن ئێمه‌ كراوه‌یه‌ وئاماده‌ین به‌ ئه‌جێندایه‌كی كراوه‌ گفتوگو له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان بكه‌ین.
له‌رێكه‌وتی 23ی 9ی 2017 پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆم له‌ ده‌ره‌وه‌ی ولات ده‌ستی پێكرد و یه‌كه‌م ده‌نگیش له‌ ولاتی چین درا، هه‌روه‌ها له‌ رێكه‌وتی 25ی 9ی 2017 پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد، بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌ش 136 تیمی چاودێری نێوده‌وله‌تی و 142 ده‌زگای راگه‌یاندنی ناوخویی ونێوده‌وله‌تی بۆ رومالكردن له‌گه‌ل 15 چاودێری نێوده‌وله‌تی وه‌ك تاك به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌كه‌دا.
له‌ رێكه‌وتی 26ی 9ی 2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق(2014-2018) وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیران بریاری داوه‌ ده‌روازه‌ وشكانی و ئاسمانیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بخرێنه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی، بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌شیان سێ رۆژ موڵه‌تی دایه‌ هه‌رێمی كوردستان،موڵه‌ته‌كه‌ له‌ كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 29ی 9ی 2017 كوتایی دێت.
له‌ رێكه‌وتی 27ی 9ی 2017 ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاله‌بانی جێگیری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كوبووه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگو له‌ باره‌ی گشتپرسی و ئه‌و بریارانه‌ كرا كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ دژی حكومه‌ت و هاولاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ری كردبوون.
سه‌باره‌ت به‌ بریاره‌كانی حكومه‌ت و ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 30ی 9ی 2017 كوبووه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ وه‌لامی بریاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراقی داوه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا په‌رله‌مانی كوردستانی داوای له‌ ولاتانی دراوسێ كرد رێز له‌ یاساكانی هه‌رێمی كوردستان بگرن و مه‌سعود بارزانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم سه‌رپشك كرد بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌ره‌شه‌ی له‌سه‌ره‌،هه‌ر له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان پێنچ بریاری ده‌ركرد كه‌ بریتین له‌:
یه‌كه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی و مه‌ده‌نیدا خواستی خۆی به‌ جیهان نیشاندا به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌ما و یاسا و رێسا نێوده‌وله‌تییه‌كان و ده‌ستووری عێراق،هاوكات ده‌سه‌لاته‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راده‌سپێرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم كه‌ له‌ 25ی 9ی 2017 ئه‌نجام دراوه‌.
دووه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان په‌سند و پشتگیری ده‌قی راگه‌ێیندراوی ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌له‌ كوبوونه‌وه‌ی ژماره‌ 31ی رێكه‌وتی 28 ی 9ی 2017 وه‌ك به‌شێك له‌ وه‌لامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ بریاره‌كانی ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ،جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌بێت حكومه‌ت كار به‌ یاسا و بریاره‌ به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
سێیه‌م: داوا له‌ كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی و ولاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین رێز له‌ بریاری گه‌لی كوردستان بگرن،سه‌باره‌ت به‌ پیاده‌كردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین،په‌رله‌مانی كوردستان وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ریفراندۆمی كوردستانی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ره‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هیچ وڵاتێك،هه‌رێم فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ بووه‌ و ده‌بێت.
چواره‌م: یاسا بریاره‌كانی ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌پێی برگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی 121 له‌ ده‌ستووری عێراق و بریاری ژماره‌ 11ی سالی 1992 ی په‌رله‌مانی كوردستان،به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی جێبه‌جێكردن نین له‌ هه‌رێمی كوردستان،تاوه‌كو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان بریاری جێبه‌جێ كردنیان بۆ ده‌رده‌چێت.
پێنجه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان بریاری ئه‌نجۆمه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فیدراڵ له‌ كوبوونه‌وه‌ی ژماره‌ 23ی رێكه‌وتی 27ی 9ی 2017 كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌ و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بریاره‌كه‌ ناده‌ستووری و نایاساییه‌.
ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم له‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی ناوه‌كه‌ی گورا بۆ ئه‌نجۆمه‌نی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان – عێراق،بویه‌ له‌ رێكه‌وتی 1ی 10ی 2017 سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان-عێراق له‌ سه‌لاحه‌دین به‌سه‌رپه‌رشتی مسعود بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی كوبووه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان-عێراق كاردانه‌وه‌ی ناوخویی و هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی گشتپرسی تاوتوێكرد،له‌ دوای راگورینه‌وه‌ و گفتوگوكردنی هه‌لویستی ناوخویی وهه‌رێمی و نێوده‌وله‌تی ئاماده‌بووانی كوبوونه‌وه‌كه‌ به‌ كومه‌لێك ده‌ره‌نجام گه‌یشتن كه‌ بریتی بوون له‌:
یه‌كه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ سوپاسی هه‌موو هاولاتیانی كوردستان وپێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كرد كه‌ به‌ یه‌كرێزی و هاوده‌نگی و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نی به‌شداری پرۆسه‌ی ریفراندۆمیان كرد و پێرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مێژووییه‌ی له‌ گه‌لی كوردستان كرد.
دووه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ سوپاسی ئه‌رك و ماندووبونی ئه‌نجۆمه‌نی بالای ریفراندۆم ده‌كات كه‌ پاش راپه‌راندنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم كوتایی به‌ ئه‌ركه‌كانی هێناوه‌.
سێیه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی زمانی گفتوگو له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌لویست و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ عێراق و دراوسێكان ده‌كاته‌وه‌ و پێشوازی له‌ بانگه‌وازی ئایه‌توللا سه‌ید سیستانی له‌مه‌ر گرتنه‌به‌ری دیالوگ ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیش وه‌ڵامی ئه‌و بانگه‌وازه‌ی ئایه‌توللا سه‌ید سیستانی ده‌داته‌وه‌.
چواره‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ جه‌خت له‌ پاراستنی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و هه‌ر جۆره‌ هه‌ره‌شه‌ و سه‌پاندنی سزای به‌ كۆمه‌ل له‌سه‌ر خه‌لكی كوردستان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و پالپشتی خویشی بۆ وه‌لامی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رانبه‌ر بریار و رێوشوێنه‌ خێراكانی به‌غدا له‌ دژی خه‌لكی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.
پێنجه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ كومه‌لگه‌ی نێوده‌وله‌تی له‌وه‌ دلنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم و ده‌نگی ئاشتیانه‌ی گه‌لی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ره‌شه‌ی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی ناوچه‌كه‌ دروست نه‌كردووه‌ و ویستی سه‌ره‌كیی گه‌لی كوردستان ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ و داوای كرد كومه‌لگه‌ی نێوده‌وله‌تی رێز له‌ ئیراده‌ و ده‌نگی ئاشتی گه‌لی كوردستان بگرێت.
شه‌شه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ وێرای ده‌ربرینی ده‌ستخوشی و پێزانین بۆ رۆلی ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن كه‌ رۆلێكی باشیان له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا هه‌بووه‌،جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ رۆلی راگه‌یاندنی ناوخۆ له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی دا بێت و ئاماده‌بووانی كوبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاورا بوون كه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسا سنورێك بۆ ئه‌و هه‌ولانه‌ دابنرێت كه‌ به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تیكردنی مافی گه‌ل و به‌رپاكردنی شه‌ری ده‌روونی و پێشیلكردنی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان كار ده‌كه‌ن.
حه‌وته‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كرێزی و یه‌كگوتاری هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌ كلیلی پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی گه‌لی كوردستان زانی،جه‌ختیشی له‌ ره‌وایه‌تی بریاری گه‌لی كوردستان و پارێزگاری له‌و بریار و ده‌ستكه‌وته‌كان كرده‌وه‌،كوبوونه‌وه‌كه‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان خۆ راگرانه‌ سووره‌ له‌سه‌ر دیالوگ،به‌پشت به‌ستن به‌ میكانیزمی ئاشتیانه‌ و هیچ هه‌ره‌شه‌ و گوشارێك له‌ بریاری 25ی 9ی 2017 پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌.
له‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا كومسیونی بالای سه‌ربه‌خویی هه‌لبژاردن و راپرسی ئه‌نجامی به‌رایی راپرسی سه‌ربه‌خویی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بلاوكرده‌وه‌ كه‌ 92% خه‌لكی كوردستان ده‌نگی به‌ به‌لێ داوه‌،دواتر كومسیونی بالای سه‌ربه‌خویی هه‌لبژاردن و راپرسی به‌پێی نوسراوی ژماره‌(108)ی رێكه‌وتی 28ی 9ی 2017 ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی راپرسی سه‌ربه‌خویی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئاراسته‌ی ئه‌نجۆمه‌نی دادوه‌ری – سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان-ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌لبژاردن و راپرسی كرد به‌ مه‌به‌ستی په‌سندكردنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، ئه‌نجۆمه‌نی دادوه‌ری – سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان-ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌لبژاردن و راپرسی به‌پێی نوسراوی ژماره‌(1)ی رێكه‌وتی 4ی 10ی 2017 دوای تومارنه‌كردنی هیچ تانه‌یه‌ك له‌و ئه‌نجامه‌ له‌ ماوه‌ی یاسایی خۆیدا ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم په‌سندكرد و ئاراسته‌ی كومسیونی بالای سه‌ربه‌خویی هه‌لبژاردن و راپرسی كرد،دواتر كومسیونی بالای سه‌ربه‌خویی هه‌لبژاردن و راپرسی به‌ پشت به‌ستن به‌ خاڵی(6) له‌ برگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می یاسای ژماره‌(4)ی سالی 2014ی یاسای كومسیونی بالای سه‌ربه‌خویی هه‌لبژاردن و راپرسی،ئه‌نجۆمه‌نی كومسیاران ئه‌نجامی كوتایی و فه‌رمی په‌سه‌ندكراوی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم راگه‌یاند كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:
رێژه‌ی به‌شداربووان له‌ كۆی گشتی ده‌نگده‌ران 72.16%
ژماره‌ی ده‌نگده‌ران ژماره‌ی به‌شداربووان ده‌نگی سپی و پوچه‌لأ ده‌نگی دروست
4581255 3305925 219990 3085935

ده‌نگی دروست به‌ڵێ نه‌خێر رێژه‌ی به‌ڵێ رێژه‌ی نه‌خێر كۆی گشتی
3085935 2861471 224468 92.73% 7.27% 100%

ئه‌نجۆمه‌نی بالای سیاسیی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 11ی 10ی 2017 به‌سه‌رپه‌رشتی مسعود بارزانی كوبووه‌،له‌م كوبوونه‌وه‌یه‌دا دوای تاوتوێكردنی دوایین گورانكاری سیاسی و كاردانه‌وه‌ ناوخویی و هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تییه‌كان له‌مه‌ر گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاماده‌بووانی كوبوونه‌وه‌كه‌ به‌ كومه‌لێك ده‌ره‌نجام گه‌یشتن كه‌ بریتی بوون له‌:
یه‌كه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ پاپه‌ندی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی به‌شداربوون و ده‌نگدان له‌ گشتپرسی 25ی 9ی 2017 به‌ ئازادانه‌ ده‌ره‌بریوه‌،هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامه‌كانی گشتپرسی له‌ رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ دیالوگێكی بنیاتنه‌ر و لێپرسراوانه‌،بویه‌ كوبوونه‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌ربری بۆ ده‌ستپێكردنی دیالوگێكی كراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ بێ پێشمه‌رج و به‌بێ سزادان و ئابلوقه‌،هه‌روه‌ها ره‌خساندنی كاتی پێویست بۆ سه‌رخستنی.
دووه‌م: سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان نایاسایی ونابه‌رپرسیارانه‌یه‌ و گرژتركردنی بارودوخی سیاسی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌ك ناكات.
سێیه‌م: كوبوونه‌وه‌كه‌ به‌ رای گشتی جیهانی و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وله‌تی راده‌گه‌ێنێت كه‌ گه‌لی كوردستان رووبه‌رووی ئابلوقه‌ و سزادانی به‌ كۆمه‌ل و هه‌ره‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ بارودوخی مرۆیی و ژیانی خه‌لك و ئاواره‌كان له‌ عێراق و كوردستان ده‌باته‌ قوناغێكی مه‌ترسیدار و داوا ده‌كات سنوورێك بۆ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و ئابلوقه‌ و سزادانی به‌ كۆمه‌له‌ دابندرێت.
چواره‌م: ئاماده‌بووانی كوبوونه‌وه‌كه‌ بریاریان دا كوبوونه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ ژێر ناوی ئه‌نجۆمه‌نی بالای سیاسیی كوردستان به‌رده‌وام بێت.
له‌ رێكه‌وتی 11ی 10ی 2017 ئه‌نجۆمه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌هه‌ره‌شه‌ و خۆ ئاماده‌كردن بۆ هێرشكردن بۆ سه‌ر كوردستان له‌لایه‌ن سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند:په‌یامی مه‌ترسیدارمان پێ ده‌گات سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاری هێزه‌كانی عێراق و یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدرالی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی گه‌وره‌ له‌ باشوور و رۆژئاوای كه‌ركوك و باكووری موسل بۆ سه‌ر كوردستان.
له‌ رێكه‌وتی 11ی 10ی 2017 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌ و تومه‌ته‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌له‌ كونفرانسی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌دا له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كرد دایه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شێك له‌ راگه‌ینراوه‌كه‌دا هاتووه‌:ئه‌و بریارانه‌ی به‌ ناوی ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجۆمه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقه‌وه‌ ده‌ركراون و نێردراون بۆ وڵاتانی دراوسێ و جارێكی دیكه‌ به‌رێز حه‌یده‌رعه‌بادی دووپاتكردنه‌وه‌ بریاری سیاسین و به‌مه‌به‌ستی سزادانی به‌ كومه‌لی خه‌لكی كوردستانن به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ولاتانی بیانی،ئه‌وانه‌ بریاری ناده‌ستوورین به‌پێی ده‌ستووری عێراق مامه‌له‌كردن و داواكردنێكی ئاشكران له‌ ولاتانی بیانی به‌مه‌به‌ستی سزادانی به‌شێك له‌ گه‌لی عێراق،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور به‌شێك له‌ سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق نێردراون بۆ ولاتانی دیكه‌ بۆ ترساندنی خه‌لكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌شقكردن له‌سه‌ر داگیركردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌ یارمه‌تی هێزه‌كانی توركیا و ئیران،به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی چه‌ند جارێك له‌ قسه‌كانیدا هه‌ره‌شه‌ی له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ كرد كه‌ نابێ رێگری له‌ سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بكات له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم،ئێمه‌ به‌ هه‌موو جیهانی راده‌گه‌ێنین دوای ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ ئوبالی هه‌موو شه‌ر و ئاژاوه‌یه‌ك كه‌ له‌و ناوچه‌ سه‌قامگیرانه‌ دروست ده‌بێت،ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستوی به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی حكومه‌ت و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، هه‌رچیه‌ك به‌رێز عه‌بادیش ده‌لێت سه‌باره‌ت به‌ بوونی سوپای عێراق له‌ شار و سنووره‌كانیش به‌پێی ده‌ستووری عێراق ناده‌ستوورییه‌،ماوه‌یه‌كه‌ به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی و ده‌زگا مێدیاكانی حكومه‌تی عێراق به‌ مه‌به‌ست ناوی كوردستان ناهێنن و هه‌میشه‌ به‌ باكووری عێراق ناوی ده‌هێنن،ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌ و بووه‌ته‌ هوی ئیستیفزازكردنی گه‌لی كوردستان،له‌ كوتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌ به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راده‌گه‌ێنین چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌ گه‌مارۆ و سزادانی به‌ كومه‌ل به‌ یارمه‌تی ولاتانی دراوسێ ناێیته‌ كایه‌وه‌،چونكه‌ ئه‌وه‌ لێكه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت،هه‌روه‌ك چون پێشیلكردنی بنه‌مای هاوبه‌شی له‌ ده‌سه‌لات و پشتگوێخستنی بنه‌مای ته‌وافوق له‌ بریاردان و به‌رێوه‌بردنی كاروباری عێراقدا بوونه‌ هوی وێرانبوونی عێراق،له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ئێستادا پێویسته‌ ده‌ست به‌ گفتوگویه‌كی حكومی و سیاسی بكرێت له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی عێراقدا.
له‌ رێكه‌وتی 12 ی 10ی 2017 هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای به‌در وعه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌ نزیك سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باكووری عێراق و دووزخورماتوو ده‌ستیان به‌ جموجۆل كرد،ته‌نانه‌ت له‌ شه‌وی 13ی 10ی 2017 به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی ته‌قه‌یان له‌ دووزخورماتوو ده‌كرد،به‌لام فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ كوبووبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گرژیانه‌ی دووزخورماتوو بریاریاندا شه‌ر نه‌كه‌ن،هاوكات رایانگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان بریاریانداوه‌ شه‌ر نه‌كه‌ن،به‌لام ئه‌گه‌ر شه‌ر یه‌خه‌ی ئه‌وان بگرێت،به‌هه‌مان نه‌فه‌سی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی داعش به‌ره‌نگاریان ده‌بنه‌وه‌،له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك جێگیركران بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ره‌شه‌كانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 13ی 10ی 2017 له‌ راگه‌یه‌نراوێكداس له‌ باره‌ی هه‌ره‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق و خۆئاماده‌كردن بۆپه‌لاماردانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بانگه‌وازی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان و كومه‌لگای نێوده‌وله‌تی ده‌كات بۆ رێگریكردن له‌ هه‌لگیرسانی شه‌ر،له‌ به‌شێكی ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌:ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ به‌رێز ئایه‌توللا عه‌لی سیستانی و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان و هه‌موو رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌وله‌تانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانیه‌تی دژی داعش و ده‌وله‌تانی ئه‌ندامی ئه‌نجۆمه‌نی ئاسایشی نێوده‌وله‌تی و ولاتانی دراوسێ ده‌كه‌ین كه‌ رۆلی به‌په‌له‌ی خۆیان بگێرن وته‌داوخول بكه‌ن بۆ دوورگرتنی ناوچه‌كه‌ له‌ شه‌رێكی تازه‌ و داوا ده‌كه‌ین هێزه‌ عێراقیه‌كان و هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی هه‌ولی دروستكردنی ئه‌و شه‌ره‌ نه‌ده‌ن، چونكه‌ لێكه‌وته‌ی راسته‌وخوی زۆر خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر بارودوخی ناوخوی عێراق و هه‌موو ناوچه‌كه‌ و زه‌مینه‌ی به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا خوش ده‌كات،ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنێكی راسته‌قینه‌ی هه‌موو كێشه‌كان،ئاماده‌ییی خۆمان بۆ گفتوگویه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ نیشان ده‌ده‌ین وبه‌رپرسیارێتیی هه‌ر شه‌رێك و لێكه‌وته‌ خراپه‌كانیشی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستووی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی،ئێستاش دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگو و دژی ئه‌وه‌ین په‌نا ببرێته‌ به‌ر چه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان،ده‌بێ هه‌موو كێشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و به‌ گفتوگو چاره‌سه‌ر بكه‌ین،نه‌ك داواكاریی ئێمه‌ بۆ گفتوگو و لێكتێگه‌یشتن به‌ هه‌ره‌شه‌ و كوكردنه‌وه‌ی هێز و سوپا و هه‌نگاونانی كرداری بۆ شه‌ر وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.
فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 13ی 10ی 2017 راگه‌یه‌نراوێكی له‌ باره‌ی هه‌ره‌شه‌كان و خۆ ئاماده‌كردنی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بلاوكرده‌وه‌،له‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هاتووه‌: له‌ چه‌ند شه‌وی رابردوو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی سوپای عێراق ده‌ستییان به‌ جموجول و خۆئاماده‌كردن بۆ په‌لاماردانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌لاتی پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك كردووه‌،ئه‌و جموجوله‌ له‌ دوای هاندان و ده‌ست له‌ پشتدانی بیانی وهه‌روه‌ها لێدوانی هه‌ره‌شه‌ ئامێزی چه‌ند رۆژی رابردووی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازی وسیاسی عێراقی دێت له‌ دژی گه‌لی كوردستان و ئاماژه‌ی مه‌ترسیداری هه‌لگیرساندنی شه‌ر و په‌لاماردانی كوردستانی تێدایه‌،كۆمه‌لگه‌ی نێوده‌وله‌تی و هاوپه‌یمانان و رای گشتی جیهانی له‌وه‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ئه‌و دۆخه‌ ناله‌به‌ره‌ ده‌بێته‌ هوی كاره‌ساتی گه‌وره‌،ئێمه‌ دژی شه‌ر و خوێنرشتێنین،له‌ روانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ داوا له‌ حكومه‌تی به‌غدا ده‌كه‌ین له‌ جیاتی جولاندنی هێز و خۆسه‌پاندنی به‌زۆر بێت گفتوگو بكات و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت،به‌لام هه‌ره‌شه‌ و په‌لاماردان و شه‌ڕفروشتن قبوول ناكرێت و چاره‌سه‌ری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمه‌رگه‌ زۆر به‌ توندی به‌رگری له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كات و رێگه‌ نادات به‌ زمانی چه‌ك و خۆسه‌پاندنی به‌زۆر مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ كوردستاندا بكرێت،پێویسته‌ هه‌موو هێزی پیشمه‌رگه‌ی كوردستانیش له‌ ئاماده‌باشیی ته‌واودا بن بۆ به‌رگریكردن له‌ گه‌ل و خاكی كوردستان و به‌رپه‌رچی هه‌موو جۆره‌ هه‌ره‌شه‌ وپه‌لامارێك بده‌نه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتی 16ی 10ی 2017 رۆژی دووشه‌ممه‌ كاتژمێر 2:30 به‌ره‌به‌یان حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق به‌ پشتیوانی راسته‌وخۆی سوپای پاسدارانی كوماری ئیسلامی ئیران یه‌كه‌مین فیشه‌كیان له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ته‌قاند و هێرشیان بۆ سه‌ر كه‌ركوك راگه‌یاند،له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌وره‌یه‌كی پولاینیه‌وه‌ به‌ربه‌رچی هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقیان داوه‌ و بۆ ماوه‌ی(4)كاتژمێر رووبه‌رووی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بوونه‌وه‌ و توانیان زیانێكی باش به‌ هێزی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بگه‌ێنێن و (6)هه‌مه‌ریان لێ تێكبشكێنرێت،به‌لام به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ل به‌هێزبوونی رووبه‌روونه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان بی هیچ رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌ك شوێنه‌كانیان چولكرد و راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقیان كرد.
خورماتوو یه‌كه‌م شوێن بوو كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خیانه‌ته‌وه‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ست هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق،له‌م باره‌یه‌وه‌ كاوه‌ مه‌لا په‌روێز به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی خورماتوو به‌ره‌به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر راگه‌یاند، به‌هۆی پاشه‌كشه‌پێكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌،میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی چوونه‌ته‌ ناو گه‌ره‌كه‌ كوردییه‌كانی شاروچكه‌ی خورماتووه‌،له‌دوای جێهێشتنی خورماتوو خیانه‌تكاران ئه‌مجاره‌یان به‌ ته‌واوی سنووری داقوقیان چولكرد و ئیتر له‌ دوای ئه‌م رووداوانه‌ هاوسه‌نگی سه‌ربازی تێكچوو و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی پێشره‌وییان كرد كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم داگیریانكرد.
له‌ رێكه‌وتی 17ی 10ی 2017 حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق به‌بێ هیچ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و ناحیه‌ی سنونێ و گرعوزێر و ڕه‌بیعه‌دا گرت.
سنوری ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ی كه‌ له‌ له‌ رێكه‌وتی 10ی 6ی 2014 تاكو 16ی 10ی 2017 له‌ ژێرده‌سه‌لاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا بوون روبه‌ره‌كه‌ی 27200كم2 بوو،به‌لام له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و گه‌رانه‌وه‌ی سوپای عێراق ته‌واوی ئه‌م ناوچانه‌ كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی عێراق،ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ستی دان بریتی بوون:
یه‌كه‌م: پارێزگای كه‌ركوك ناوه‌ندی قه‌زای كه‌ركوك و ناحیه‌كانی(مولته‌قا-یایچی-شوان-قه‌ره‌ هه‌نجیر-له‌یلان-تازه‌ خورماتو)،دوبس و ناحیه‌كانی(پردێ-قودس)،داقوق.
دووه‌م: پارێزگای موصل قه‌زای شه‌نگال و ناحیه‌كانی زومار و عیازیه‌ و ره‌بیعه‌،قه‌زای مه‌خموریش به‌ ناحیه‌كانی(گوێر-دیبه‌گه‌-قه‌راج-عه‌دنانیه‌).
سێیه‌م: پارێزگای سه‌لاحه‌دین قه‌زای دوزخورماتوو
چواره‌م: پارێزگای دیاله‌ قه‌زای خانه‌قین و ناحیه‌كانی(جه‌له‌ولا-قه‌ره‌ته‌په‌-جه‌باره‌)ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تریش وه‌كو به‌دره‌ و جه‌سان و مه‌نده‌لی و شاره‌بان و حه‌ویجه‌ و حه‌مدانیه‌ و تلكێف و ته‌له‌عفه‌ر كه‌ رووبه‌ریان 17330كم2 له‌ پێش رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر له‌ ژێر ده‌سه‌لاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا نه‌بوون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.