تەندروستی جیهانی: برسێتی زیاتر لە ملیۆنێک منداڵ لە ئەفغانستان دەکوژێت


گوتەبێژی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ 3 ملیۆن و 200 هەزار منداڵ بەهۆی برسێتی و دابەزینی پلەی گەرماوە گیان لەدەستبدەن.

مارگرێت هاریس گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، شەڕی برسێتی ئەفغانستان دەگرێتەوە، نابێت جیهان واز لەو وڵاتە بهێنێت، چونکە وڵاتەکە بەتەنها ناتوانێت بەرگەی دەرئەنجامەکانی بگرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پلەکانی گەرما لەشەودا بۆ ژێر سفر دادەبەزن، پێشبینی دەکرێت ساردتر بێت لە ئێستا کە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە خۆشی زیاتر، ڕاشیگەیاند: لە هەندێک شوێن خەڵک دار دەبڕێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان.

هەروەها ڕایگەیاند، هەرچەندە ژمارەی ئەو منداڵانەی تا ئێستا بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە بەردەست نییە، بەڵام پێویستە ڕێێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەم مەبەستە.  

ڕاشیگەیاند: برسێتی وەکو سزای لە سێدارەدان وایە بۆ منداڵان، ئەگەر بەخێرایی بەهانایانەوە نەچن مەترسی قوربانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی پێشوودا هۆشداری لە دروستبوونی برسێتی و قەیران دراوە لە وڵاتەکەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ وەستاندنی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ وڵاتەکە لەدوای دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان، هەروەها زیانێکی زۆر بەر کەرتی تەندروستی ئەفغانستان کەوتووە، بەهۆی نەبوونی ڕێژەی پێویستی کارمەندی تەندروستی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.