یەکێتی ترسی لەوە هەیە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک….

یەکێتی ترسی لەوە هەیە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، بە یەكجاری هەرەس بێنێت ”بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین یەكێتی واژۆی لەسەر بەپارێزگاربوونی راكان جبووری كردووە“

به‌رێز دكتۆر “كه‌مال كه‌ركووكی” بەرپرسی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، یەکێتی چۆن یەکەم دەنگی کەرکووکی هەیە، لە كاتێكدا بەربژێرێكی پارتی بە تەنیا بە قەد هەردوو بەربژێرەكەی یەكێتی دەنگی هێناوە؟
دكتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لەبارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی بەرپرسانی یەكێتی بۆ سەر پارتی و هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی قسەی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە باسی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان دەكەن راگەیاند: ”ڕیفراندۆم مافی گەلانە، ھەر گەلێك خاکی خۆی، زمانی خۆی، كولتووری خۆی ھەبێت و لەسەر جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێکەوە بن، ئەوا مافی خۆیەتی لە کەشوھەوایەکی ئازاددا بۆ بڕیاردان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ڕیفراندۆم بكات، ئەم مافە لە پەیمان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتییشدا دیاری کراوە، ئێمە زۆر پێی سەربەرزین، کە بۆ هەموو مافەکانی گەلەکەمان بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی تێدەکۆشین، جگە لەوەش، دڵخۆشین کە خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر خۆیان دەڵێن ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبووین، ھەرچەندە ئەو کاتە ماسکی گەورەیان بۆ خۆھەڵکێشان دانابوو و لە ڕاگەیاندن کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان باسی ڕیفراندۆمیان دەكرد.“
كەركووكی ئەوەشی خستە ڕوو: ”دڵسۆزانی کورد و بەرەی نەیار لە ڕۆژانی 16ی ئۆكتۆبەر بوونە دوو بەرە، تاقمی خیانەتکاری نێو ڕیزەکانی یەکێتی کە پێشتر ڕێککەوتنیان کردبوو، كەركووك و گشت کوردستان بکەوێتە بەردەستی ڕژێمی ئەوسای بەغدا و داوایان دەکرد خەڵك لەگەڵیان دۆمینە بکەن و ناوی پارێزگار لە گیرفانیاندایە، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەڵۆئاسا بەرگرییان لە ھەرێمی کوردستان دەکرد و ئابرامز و تانکی ھامەر و زرێپۆشیان تێكدەشکاند، بۆیە جیاوازییەکە زۆر باش دیارە كە کێ بوون خیانەتکار و سەرشۆڕی دنیا و قیامەت؟ کێش بوون ئەوانەی سەربەرز و باوەڕ بە خۆ و بە خوا و بە گەل و بە خاکی کوردستان و بە ڕەوایەتیی مافی گەلی کوردستان.“�سەرکردەکانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە مانەوەی پارێزگاری کەرکووک بە ویستی پارتی بووە، لەمبارەیەوە د. کەمال کەرکووکی گوتیشی: ”یەکێتی بۆ وا دەڵێ؟ ئێ ھەر خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر نەبوون دەیانگوت ناوی پارێزگار ئەوەتا لە گیرفانماندایە؟ ھەر ئەوان نەبوون لەگەڵ ڕاکان جبووری ئیمزایان کرد کە ڕاکان ھەم جێگری پارێزگار و ھەم پارێزگار بێت؟ ئێمە وێنەیەكی ڕێککەوتنەکە بە واژۆی بابەکر سدیق كە یەكێتییە، لەگەڵ ئەم نووسراوە بڵاو دەکەینەوە، فەرموون سەیری بکەن.“
ھەندێك لە سەرکردەکانی یەکێتی دەڵێن، پارتی سەغڵەتە بەوەی یەکێتی زۆرینەی دەنگی کەرکووکی هەیە و چی لەدەست هاتبێ بۆ کەمکردنی دەنگی یەکێتی کردوویەتی، لە بەرامبەردا، د.كەمال كەركووكی گوتی: ”ئەوان کەی قسەی ڕاستیان ھەبووە؟ باشە پرسیارێك، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا پارتییە یان یەکێتی؟ ھەموو کەسێك دەزانێت ئەو کادرێکی پێشکەوتووی پارتییە و لە هەڵبژاردندا یەکەم دەنگی سەر ئاستی کەرکووکی بەدەست ھێنا، یەکێتی دوو کورسی و پارتییش دوو کورسیی لە كەركووك هێنا، بەڵام د. شاخەوان عەبدوڵا بەتەنیا لە ھەردوو بەربژێرەکەی یەکێتی دەنگی زیاتری ھێنا، کەواتە چۆن یەکێتی زۆرترین دەنگی ھێناوە؟ لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەر باسی دیلان غەفوور دەکەن، ئەو خانمە وەک کەسێکی بێلایەن خۆی بەربژێر کرد، نەك وەک یەکێتی، ئەو بەڕێزانەی دەنگیان بەو خانمە داوە، دەنگیان بە کەسێکی بێلایەن داوە، نەک بە کەسێکی یەکێتی، فەرموو تەماشای لیستی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.“
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: ”بابەتی شێواندنی کەرکووک و رادەستکردنی بە دوژمن، دیارە ژمارەیەك خیانەتکاری نێو ڕیزەکانی یەکێتی ژێر بەژێر لەگەڵ داگیرکەران ڕێک کەوتبوون و ئیمزایان کردبوو، کە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و هەموو هەرێمی کوردستان بە ھەولێری پایتەختیشەوە ڕادەستیان بکەن، بافل تاڵەبانی لەسەر تەلەڤزیۆن کاغەزێکی پیشان دا و گوتی من و 38 ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو رێككەوتنەمان ئیمزا کردووە، کە ھێزەکانمان بکێشینەوە و بەرگری نەکەین و ھەمووی ڕادەستی حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی بکەین، بۆیە خیانەتکارانی نێو ڕیزەکانی یەکێتی تاوانبارن و ئەو ڕۆژەش دێت بدرێنە دادگا.“
کەمال کەرکووکی رایگەیاند: ”پارتی لەنێو دڵ و ھەستی کەرکووکییەکاندایە، بۆیە ھەموو کات پارتی لە کەرکووکە، ئەوان باش دەزانن پارتی ھێزێکی نیشتمانپەروەر و سەربەرزە و وەک ئەوان ئامادەی خیانەت دژ بە گەل و نیشتمان نییە، گەلی دڵسۆزی کەرکووك پشتوانی پارتی دەبن و بیر لەوە دەکەنەوە کە بارەگاشی لە کەرکووك نەبووە، كەچی یەکەم دەنگی ھێناوە، ئەگەر بارەگاکانیان بچێتەوە کەرکووك، یەكێتی مەترسیی ئەوەی هەیە ھەرەس بێنێ.“
لە كۆتاییدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند: ”باشە ئەوە نییە لێرەولەوێ دەڵێن ئێمە زۆرینەین و لە 2018 شەش پەرلەمانتارمان ھەبوو، پارتی ھیچی نەبوو، ئەگەر ئەوەندە زۆر و بەھێز بوون، ئەی چۆن پارتی کە ھیچ پەرلەمانتاری لە کەرکووک نەبوو، نەیھێشتووە پارێزگار دابنێن؟ ئەگەر وایە ئافەرین بۆ پارتی، کە وەکوو ئەوان ئەڵێن، کەسی لەگەڵ نییە و نوێنەری نەبووە و شەڕی حکوومەت و میلیشیای حەشد و سوپای کردووە، هەروەها نەیھێشتووە یەکێتی پارێزگار دابنێت، ئەمە شایانی ئەوەیە دەستخۆشی لە گشت پارتییەکان و پێشمەرگە و لایەنگرانیان بکرێت.“

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.