دادگایی شۆڤێنی و سیاسی زۆرینە عێراقە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات

رێبوار حەمەلاو شوانی

عێراقی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە 20 ساڵەی رابردوو و 18 ساڵەی بوونە خاوەن دەستووری هەمیشەیی كە تێیدا مافەرەواكانی گەلی كورد تێیدا جێگر كراوە و زیاتر لە هەشتا لە سەدای نەتەوە و پێكهاتەكان دەنگیان لەسەریداوە ، ئینجا هاوبەشی ، سازان و هاوسەنگی پێوەرن لە نێو پرۆسەی سیاسی حكومرانی لە عێراقدا ، بەڵام نەك هەر نەیتوانیی پابەندی دەستوور و پێوەرەكانن و هەرەسی دیموكراسی بكەن ، بەڵكو بێ بەڵێنی و ئاگر وئاسن بوون بە جێگرەوەی ئەو بنەمایانە و لەوەش مەترسیدارتر پەڵاماردانی سەربازی و میلیشایی و گەمارۆدانی سیاسی و دارایی دژ بە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری بووە مۆدێلێكی حكوومرانی و فەرهەنگی دەسەڵاتدارانی بەغدا كە ئەوە درێژە پێدەری زێهنیەتی دیكتاتۆرەكانی رابردوویە بە ئێستاشەوە ، ئەوەی ئێستا دەبینرێت بە كارهێنانی دادگایەكە بەناوی فیدراڵیی بەڵام لە بنەڕەتدا زۆر شۆڤێنیانە و لە ژێر كاریگەری وڵاتانی هەرێمی وەك چەكێك لە دژی گەلی كورد و مافە دەستوورییەكانی بەكار دەهێنرێت ، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ، شەپاندنی زۆرینەی سیاسیی حیزب و لاینە شیعەكان كە بە پاساویی دادگە و ویستەكانی خۆیان دەسەپێنن لە پێناو بنەمای تاكڕەویی و زَۆرینەی سیاسیی كە ئەوەش هەمان دەسەڵاتی دیكتاتۆرییە.
ئەوەی كە لە بەغدا هەستی پێدەكرێت بە تایبەت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەكارهێنانی دادگای بەناو فیدراڵییە وەكو میكانیزمێك بۆ ڕەوایەتیدان بەسیاسەتی هێزە دەسەڵاتدارە شیعیەكان بە فەرمانی وڵاتانی هەرێمی بەرامبەر هەرێمی كوردستان‌و هەموو نەیارەكانیان بەكارهێنراوە، ئەوە جۆرە بەكارهێنانی ئەو دادگاییە لەپرسە سیاسییەكان‌و بەتایبەت ئەو بڕگە یاسایی و دەستوورییانە و مافەرەوایانەیە پەیوەندییان بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە بەدڵنییاییەوە عێراق بەرەو ناسەقامگیریی ، ناكۆكیی ئاژاوەی سیاسی بڕوات.
ئەوەی لە عێراق دا دەبینرێت ئەو راستییە كە گەلی كورد وەك دووەم نەتەوە هەرگیز بەچاویی هاوڵاتییەكی پلە یەك مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە و ماف و شایستەكانی خۆی پێ رەوا نەبینراوە ، لە دەوڵەتێكی دەستكرد و دەواكەوتوو و نادیموكراسی وەك عێراق كە لە هەموو روویەكەوە دواكەوتووە و زێهینەتی شەڕانگێزی و بڕینی مووچە و بودجەی بووەتە كارتێكی فشاری دژە مرۆڤایەتیی كە وەك كەلتوورێك بە سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا دا زاڵە .
ئامانج و مەرامی سەرەكیی دەسەڵاتدارانی بەغدا ، شكاندنی ئیرادە و شكۆیی خەڵكی كوردستانە بە رٍێگەی بڕینی بەشە بودجەكەی كە وەك مافێكی دەستوورییە كە ئەوەش دژی هەموو بەها مرۆییەكانە كە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی عێراق ئەنجامی دەدەن كە ئەوە دوورە لە حكومڕانی دیموكراس و خاوەن هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی و مرۆڤدۆستی و پرٍە لە ڕەگەزپەرستی.
بۆیە، ئەوەی دەبینرێت ئەو راستییەیە كە دادگایی بەناو فیدراڵیی دوورە لە هەموو بنەما شارستانی و یاسایی و مرۆڤایەتییەكان و چەكێكە بە دەست زۆرینەی سیاسی عێراق بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان ، بۆیە ، كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان بەستراتیژی گونجاو كاریگەری لە رووی سیاسی وئابووری و بوارەكانی تر خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیاتری ئەو چەكە كە رەنگە زیاتر فشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بكات ئامادە بكات .
لە كۆتایی دا دەمهەوێت بڵێم ، پێوستە هەموو هێزولایەنە كوردستانییەكان خۆیان بۆ ئەو هەڕەشە و فشارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ئامادە بكەن ئەویش لە ڕێگە پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و چاكسازییەوە ناوێتی چونكە ئەزموونی وڵاتانی دەرخەری ئەو راستییانەن كە سیاسەتمەتداری وردبین و ژیر هەمیشە گەمارۆ و فشارەكان دەكەنە دەرەفەت بۆ بە دەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر كە بەدڵنییاییەوە ، هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ستراتیژ و بەرنامەكانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بەدڵنییاییەوە بە سەر ئەو پیلان و فشارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا زاڵ دەبێت و هەرێمی كوردستان بە سەر پیلانی دادگایی شۆڤێنی زۆرینە سەردەكەوێت ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.