▪ مەترسی مادە هۆشبەرەکان لەسەر گەنجەکانمان

ڕەهێل دزەیی


ئەو گۆڕانکاریە زۆر و بەپەلانەی لە جیهان ڕوویانداوە چەندین داهێنانی گەورە و بەسوودی هێناوەتەکایەوە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو کرانەوە زۆرەی بە سەر جیهاندا ئەرکی خێزانی زۆر قورستر کردووە. ئەو سەردەمەی دایک و باوکەکان هەرزەکار بوون زۆر جیاوازە لەم سەردەمەی منداڵەکانیان هەرزەکارن، ئەو پەروەردەیەی دایک و باوکان لەسەری پەوەردە بوون ناگونجێ لەگەڵ ئەم سەردەمە، بۆیە ئەستەنگ و قورسایەکی زۆر ڕووبەڕووی دایک و باوکان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بە شێوازێکی باش پەروەردەکەن و مرۆڤێکی سوودبەخش پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن.
جگەرە و جگەرەی ئەلکترۆنی و نێرگەلە، خواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان و مادە هۆشبەرەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لەناو گەنجان، بەتایبەت ئەوانەی لە خوار ١٨ ساڵن.
ئەو هۆکارەنەی وادەکات سەرنجی هەرزەکاران بۆ ئەم بابەتانە ڕابکێشیت و وایان لێبکات هۆگری بن زۆرن، گرنگترین هۆکار ئاسان بەردەستبووینانە، منداڵێک یان هەرزەکارێک دەتوانێت بچێت لە هەر شوێنەک جگەرە یان تەنانەت خواردنەوە کحولیەکانیش بکڕێت، هیچ ڕێگریەک نییە، زۆر جار دایک یان باوک منداڵەکانیان دەنێرن جگەرەیان بۆ بکڕن. نابێ ئەوە لەبیرکەین منداڵ و هەرزەکارەکان چاو لە گەورەکان دەکەن.
مێدیای کوردی ڕۆڵی زۆری هەیە لە بڵاو بوونەوەی ئەم دیاردەیە، لە ڕێگای ئەو ڕیگلام و فیلمانەی پەخشی دەکەن تێدا هانی بەکارهێنانی ئەم بابەتانە دەدات.
هەرزەکار جگەرە و خوادنەوە کحولیەکان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، سەرەتا بۆخۆی دواتر بۆ دەورووپشتی کە گەورە بووە.
کاریگەری هاوڕێکان لەهەمووی مەترسیدارترە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم دیارەدەیە لە ناو گەنجان، بۆیە دەبێ هاوڕێی منداڵەکانمان و خێزانەکانیان باش بناسین و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز دروست بەکەن لەگەڵ یەکتر.
هۆگربوونی هەرزەکارەکان بە مادە هۆشبەرەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیاد بوون دایە، تا ئەو ڕادەیەی لە قوتابخانەکان بڵاو بۆتەوە و بوونی هەیە!!!
ئەو هۆکارانەی وا لە هەرزەکارێک دەکات هۆگری مادە هۆشبەرەکان بێت. هاندانیەتی لەلایەن هاوڕێکانی، حەزی سەرکێشی لەلایەن هەرزەکان، بوونی کێشە لەناو خێزان یان لە قوتابخانەکەی ….
لە هەمووان مەترسیدارتر و کاریگەری لەسەر ژیانی گەنجان هەیە، مادە هۆشبەرەکانە، کە لەو ساڵانەی کۆتایی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر هاتووتە هەرێمی کوردستان و ساغدەکرێتەوە و گەنجان و تەنانەت گەورەکانیش هۆگری بوونە.
ئەرکی دایک و باوکە بە وریای و چاوڕوونی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بپارێزین لە هۆگربوون بە مادە هۆشبەرەکان. دایک و باوک دەبێ کاتێکی زۆر بۆ منداڵەکانیان تەرخان بەکەن و هاوڕێیانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. گرنگە دایک و باوک زانیاری تەواویان هەبێ لەسەر مادە هۆشبەرەکان و زەرەرەکانی و کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ، بە شێوازێکی هێمنانە و دۆستانە بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە لە کاتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر مرۆڤ چی بەسەردێت و چۆن خۆشیەکی بۆ ماوەیەکی کورت پێدەبەخشێ وبەڵام هەموو ژیان وێران دەکات. دەبێ دڵنەوایی و متمانە بە منداڵکانیان بدەین بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و بێ ترس قسە لەگەڵ دایک و باوکیان بکەن، هەر پرسیارەک یان هەر ڕووداوێکی نامۆیان بەرچاوکەوت بتوانن قسەی لەسەر بکەن. هەر زوو منداڵەکانیان فێربکەن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ شتیک لە کەس وەرنەگرن و نەیخۆن، تەنانەت لە نزیکترین هاوڕێشیان.
منداڵ و هەرزەکار کەسایەتیان بەتەواوەتی جێگیر نەبووە و باوەڕیان زۆر بەخۆیان نییە، بۆیە ئاسانە هەڵخەڵەتێن، ئەرکی دایک و باوەکە کار لەسەر بەهێزکردنی کەسایەتی و متمانەبەخۆی منداڵەکانیان بکەن.
لە کاتی تووش بوونی گەنجەکانمان بە مادە هۆشبەرەکان، چۆن هەستی پێبکەین و چارەسەر چییە؟
منداڵەکان یان گەنجەکان هەڵسوکەوتیان دەگۆڕدرێ (زوو توڕەدەبن، گوێ بەهێچ نادەن، ناتوانی تێیبگەیت، بۆنی ناخۆشیان لێدێت).
توشبوو هاوڕێکانی زوو زوو دەگۆرێت. هەستی بەرپرسیاریەتی لەدەست دەدات، درەنگ دەگەڕێتەوە ماڵەوە یان درەنگ دەچێت بۆ قوتابخانە، پەیوەستی بەڵێنەکانی نابێت.
قسە کردن لەگەڵی قورس دەبێ و گوێڕایەڵی دایک و باوک و مامۆستای نابێ، بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕدرێت.
ئەگەر هات و هەر گۆرانکاریەک لە منداڵەکانتان بەدی کرد، دوودڵ مەبن لە هاوکاری کردن و پەیوەندی بە کەسی شارەزا و شێوێن و لایەنی پەیوەندی دار.
سەرەتا دەبی پەیوەندی بە مامۆستای منداڵەکەت بکەیت بۆ ئەوەی قوتابخانەش بە ئەرکی خۆی هەستێ و ئەو دیاردەیە لە ناو قوتابخانەکەیان کۆنتڕۆڵ بکەن و هاوکاری دایک و باوکی قوتابی تووشبوو بکەن و ڕێنمای و یاریدەدەربن بۆ چارەسەر و ڕزگارکردنی قوتابیەکە لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر. هەر چەند زوو درک بە توشبوونی منداڵەکانتان بکەن و بێ دوودڵی هەوڵی چارەسەری بدەن، شەنسی ڕزگاربوونی لە هۆگربوون بە مادەی هۆشبەر زیاتردەبێ، بە پێچەوانەوە ئەگەر بشاردرێتەوە، لەبەر قسەی خەڵک و شەرم کردن لەوەی بزاندرێت، ئەوە تاکە زەرەرمەند ئەو گەنجەیە کە تووشبووە و هەموو ژیانی دەفەوتێ.
بەداخەوە بەکار هێنانی جگەرە و جگەرەی ئەلکترۆی و مادەهۆشبەرەکان زیادی کردوە لەناو گەنجەکانمان و لە ناو قوتابخانەکان بەکاردهێندرێت، ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە تووشی خێزانن و کۆمەڵگاکەمان بووە، دەبێ هەموو کار بۆ کەمکردنەوەی بکەین و گەنجەکانمان لە فەوتان ڕزگار بکەین.
حکومەت ئەرکی سەرەکی لەسەر شانە بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە و هاوکاری خێزانەکان بێت.
خێزان کەمترین هاوکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵەکانی بەشێوازێک پەروەردە بکات لەگەڵ ئالانگاریەکانی ئەو سەردەمە بگونجی.
دەبێ سەنتەری خێزانی لە هەموو گەڕەکێک هەبێ، بۆ ئەوەی هەر خێزانێک پێویستی بە هاوکاری و رێنمایی بوو شوێنەکی دیاری کراو هەبێ پەنای بۆ ببات.
بنکەی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی مادەهۆشبەرەکان لە هەموو شار و شارۆچەیەک هەبێ و وەک نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک تاوانبار. لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن تێشک بخرێتە سەر مەترسیەکانی بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکان و ڕێنمایی خێزان و کۆمەڵگا بکرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن. قوتابخانەکان زیاتر گرنگی بەم دیاردەیە بدەن و نەهێلن قوتابخانەکان ببێتە شوێنی بلاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
لەهەمووی گرنگتر سنورەکانمان زیاتر کۆنتڕۆڵ بکرێت و نەهێلدرێت مادەی هۆشبەر بێتە ناو هەرێم و گەنجەکانمانی پێ سەرگەردەن بکەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.