▪ پرووشەکانی ئەوین


پرووشەی سێ

تێکست: ستیڤان شەمزینی

بیرم نایەت چۆن و کەی عاشقت بووم
تەنها ئەوەندە دەزانم
بوونی من لەو ساتەوە دەستپێدەکا
لە تۆدا بۆ هەمیشە خۆم دۆزییەوە
بیرم نەماوە چۆن و کەی ئاشقت بووم
هەر ئەوەندەم لە بیرە
گڕکانێک لە دڵما تەقییەوە و
بۆ ئەبەد خۆم لە تۆدا ون کرد


من وا راهاتووم تینووێتی چاوم
بە تەماشای باڵای تۆ بشکێنم
من وا راهاتووم لە مەعبەدی دڵی تۆدا
رۆژانە نوێژی عەشق دابەستم
من وا راهاتووم بە ژێی دەنگی تۆ
ژاوەژاوی رۆحم ئارام بکەمەوە
من وا راهاتووم رۆژی سەدجار خۆم بکوژم
بۆ ئەوەی لە باوەشی تۆدا زیندوو ببمەوە


وەکوو چۆن درەخت بە ئاوازی شنەبا سەما دەکا
وەکوو چۆن کێڵگە تاوە باران لە ئامێز ئەگرێ
وەکوو چۆن زەوی بە دەوری خۆردا تەواف دەکا
وەکوو چۆن رووبار دەڕژێتە باوەشی دەریاوە
منیش بە هەناسەکانی تۆ سەما دەکەم
ئازارەکانت لە ئامێز ئەگرم و
بە دەوری باڵاتدا تەواف ئەکەم
دواتریش بە هێمنی ئەڕژێمە چارەنووستەوە


دڵم وەک دەریا
بەرەو کەناری تۆ شەپۆل دەدا
رۆحم وەک باڵندە
بەرەو ئاسمانی تۆ دەفڕێ
هەناسەم وەک خوێنی شەهید
بۆ یادی تۆ هەنسکی لێ دەتکێ
جەستەم وەک داربەڕوویەک
دەیەوێ لە باوەشی تۆدا بڕوێ
شیعرەکانیشم وەک هاوارێک
بەناو بێدەنگی تۆدا تێدەپەڕێ


تۆ لە فریشتەوە فێری جوانی بووی
لە باخچەوە دڵنەرمی و لە دەریاوە ئەوین
تۆ لە ئازارەوە فێری بێدەنگی بووی
لە شاخەوە خۆراگڕی و لە منیشەوە عەشق

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.