▪ بەڕێوەچوونی سمیناری ناساندنی دوو کتێبی دوو نووسەری دەڤەری بەرانەتی

بێوارحسێن زێباری

ڕۆژی سێشەممە (٥/٩/٢٠٢٣) کاتژمێر (٨:٣٠)ی شەو، بەشەکەمان بە هاوکاری لەگەڵ «کتێبخانەی گشتیی بەحرکە» سمینارێکیان ڕێک خست بۆ ناساندنی دوو کتێبی دوو نووسەری بەڕێزی دەڤەرەکەمان کە بریتی بوون لە دیوانەشیعری «گرین و گرنژین» لە هۆنراوەی مامۆستا «محەمەدساڵح پێندرۆیی» (جگەرسۆز) و، هەروەها کتێبی «زانیاری و داتا لەسەر گشت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەرلەمانتارەکان لە نێوان ساڵانی (١٩٩٢-٢٠١٨)» لە نووسین و ئامادەکردنی مامۆستا «وەحید ڕەشید نوح».

سەردار سابیر بەرێوەبەری بەشی روشنبیری بەحرکە بۆ ماڵپەڕی “زێیێ بادینان” گوت ; شایانی باسە، کە جەماوەرێکی زۆر لە سمینارەکەدا ئامادە بوون؛ لەوانە چەند بەرپرسێکی حزبی و حکوومی و، هەروەها چەند سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی.

سەردار سابیر، بەڕێوەبەری بەش گوتژی ، سمینارەکەی بەڕێوە برد و یەکەم جار بەکورتی باسی ژیاننامەی هەردوو نووسەری بەڕێزی کرد بۆ میوانان و، دواتر داوای لە مامۆستا محەمەدساڵح پێندرۆیی کرد کە دیوانەشیعرەکەی بناسێنێت. ئەویش دیوانەکەی ناساند و دواتریش شیعرێکی خۆی لەو دیوانەدا بۆ میوانان خوێندەوە.

پاشان مامۆستا وەحید ڕەشید باسی ژیانی خۆی و وەزیفەکەی وەکوو مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کرد و تیشکی خستە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکەی. بەڕێزیان بەکورتی باسی گشت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و زانیاریی باشی بە میوانان دا سەبارەت بە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢ تاکوو ٢٠١٨.

ناساندنی ئەم جارە حەماسەتێکی دیکەی پێوە دیار بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی دوو کتێب ناسێنران و خەڵکێکی زۆریش بەشداریی کردبوو.

لە کۆتاییشدا لەلایەن کتێبخانەی گشتیی بەحرکەوە ڕێز و پێزانین بە هەردوو نووسەر بەخشرا، وەک سوپاسێک بۆ ماندووبوون و کاری زانستییان.

دواتریش لەلایەن بەشەکەمانەوە سوپاسنامەیەکی تایبەت بە مامۆستا «سەنگەر حسێن» بەخشرا، وەک پێزانینێک بەرامبەر ماندووبوون و زەحمەتکێشانی لە سەرپەرشتیکردنی چەندان خولی زمانی ئینگلیزی لە بەشەکەمان بۆ قوتابیانی دەڤەرەکەمان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە.

پاشان دڕعێکی ڕێزلێنان لەلایەن بەڕێوەبەری بەشەکەمانەوە بە بەڕێز «دلشاد سەلیم»، فەرمانبەری پێشووی بەشی ڕۆشنبیری و هونەری بەحرکە، بەخشرا، وەک وەفایەک بۆ هەوڵ و ماندووبوون و خزمەتی دڵسۆزانەی بەڕێزیان، کە لە ڕابردوودا پێشکەشی کردبوو.

پێویستە ئاماژە بەوەیش بدەین کە هەردوو نووسەر، کتێبەکانی خۆیان به واژۆی خۆیانەوە و بەدیاری پێشکەش بە سەرجەم میوانان کرد.

٦/٩/٢٠٢٣


ڕاگەیاندنی بەشی رۆشنبیری و هونەری بەحرکە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.