▪ چیرۆکێک لە ئەدەبیاتی تەنزئامێزی رووسییەوە

بێشتوون سالەیی

کوڕێک لە باپیرەی دەپرسێ:
باپیرە بۆچی تۆ بە درێژایی تەمەنت سێ جار کەوتوویتە زیندانەوە..؟!
باپیرە دەڵێ: کاتێک کە گەنج بووم لەگەڵ پلەدارێکیحزبی شیوعی سەردانی کۆشکی کرملینم کرد لە مۆسکۆ.
کاتێک گەیشتینە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی کرملین، پێی گوتم:
دەزانی… ئێمە دیواری کرملینمان بەرز دروست کردووە تاکو ولاخێک بەسەریدا خۆی ئاودیو نەکات…!
پێم گوت: مەبەستت ئەوەیە لە ژوورەوە ئاودیوی دەرەوە نەبن یاخود لە دەرەوە ئاودیوی ژوورەوە نەبن؟!
ئەم پرسیارە سەری خواردم و دەستگیریان کردم، چوومە زیندانەوە تا ئەو کاتەی زەعیمی حزب “ستالین” مرد و ئینجا لە زیندان ئازادیان کردم…
دڵخۆش بووم کە لە زیندان ئازاد بووم، هەر زوو وێنەیەکی جێگرەوەی (خرۆشۆف)م لە پاڵ وێنەی “ستالین”دا هەڵواسی…
پلدارەکە کە خۆی ڕقی لە ستالین بوو بە کارەکەمی زانی، بانگی کردم و پرسیاری لێ کردم:
هاورێ،، ئەوە تا ئێستاش هەر وێنەی ئەو وڵاخە هەڵدەواسی؟!
پرسیارم کرد : کامیان دەڵێی؟!
دیسان بە هۆی ئەم پرسیارم دووبارە گەڕێندرامەوە زیندان…
ئازاد نەکرام تاکو ئەوکاتەی خرۆشۆف لە دەسەڵاتدا نەما ئینجا ئازادیان کردم..
دواجار خەریکی ئاهەنگگێڕانی یادی لە دایکبوونی یەکێک لە کوڕەکانم بووم ،
ئەو ڕۆژە پلەدارە حزبییەکە تەلەفۆنی بۆم کرد ، گوتی بۆچی بەشداریی دووایین کۆوونەوەی حزبت نەکردووە؟!
لە وەڵامدا گوتم : ئەگەر دەمزانی دواین کۆبوونەوەیە، باوەرکە لەگەڵ خانەوادەکەم دەهاتم و ئاهەنگمان لەوێ دەگێڕا..!
جارێکیتر دەستگیریان کردم و بۆ دواجار فرێیاندامە زیندانەوە…
سەیر لەوەدا بوو هەر کاتێک دەستگیر دەکرام، لە لایەن ئەو پلەدارەی هاوڕێی خۆمەوە بوو….!

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.