▪ سویسرا”کارەساتی توانەوەی سەهۆڵ”

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە سویسرا تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا 10%ی سەهۆڵبەندانەکانی لەدەستداوە، کە هۆکاری سەرەکی پلەی گەرمی و کەمی بەفربارینی زستان بووە.

توێژەران باسیان لەوە کردووە کە وڵاتەکە لە ماوەی ٢٤ مانگدا بڕێکی زۆر سەهۆڵی لەدەستداوە، هاوشێوەی ئەوەی لە سێ دەیەی پێش ساڵی ١٩٩٠دا لەدەستیداوە و توانەوەی سەهۆڵەکەیان بە “کارەساتبار” وەسفکردووە.

سویسرا لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەسەدا ٤ی کۆی قەبارەی سەهۆڵبەندانەکان نەماون، کە دووەم گەورەترین دابەزینە لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی لەسەدا ٦ دابەزینی پێوانەیی تۆمارکردووە.

تیمێکی توێژەران کە چاودێری سەهۆڵبەندانەکان دەکەن لە سویسرا ئاماژەیان بەوە کردووە، لەدەستدانی زۆری سەهۆڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ زستانێک کە بڕێکی زۆر کەمی بەفر باریوە بەسەر سەهۆڵبەندانەکان و پاراستنیان لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر، هەروەها پلەی گەرمی بەرز لە وەرزی هاویندا.

هەموو سویسرا کاریگەری لەسەر بووە، چونکە بەرزاییەکانی ئەلب ڕووبەرێکی فراوانی لە زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا داگیرکردووە، هەرچەندە سەهۆڵبەندانەکانی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات نزیکەی بە هەمان خێرایی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەتوێنەوە.

ئەو وێنانەی کە لەلایەن سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، ماتیاس هاس، لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، لەکاتی گەشتەکانی کۆکردنەوەی زانیاری لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دەرکەوتووە کە توانەوەی سەهۆڵەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دەریاچەی نوێ و چەمی ئاو کە بەناو ئەشکەوتەکاندا تێدەپەڕێت.

هاس دەڵێت: ئەمساڵ کێشەیەکی گەورە بوو بۆ سەهۆڵبەندانەکان، چونکە لە زستاندا بەفر کەم بوو و هاوین زۆر گەرم بوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکەڵبوونی ئەم دوو هۆکارە خراپترین شتە کە دەتوانێت بەسەر سەهۆڵبەندانەکاندا بێت.

زیاتر لە نیوەی سەهۆڵبەندانەکانی بەرزاییەکانی ئەلب دەکەوێتە وڵاتی سویسرا کە گەورەترین سەهۆڵبەندانەکانی ئەوروپای تێدایە، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما بە خێرایی بەرز دەبنەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.