▪ ئەوانەی خاوەن ژیانی بەهێزن دەبنە میللەتی بەهێز

حوسێن کوردنەژاد

هەر میللەتێک لە بەهێزترین تیۆری زانستی مرۆیی، واتا دێمۆگرافیک ترانزیشن، تێنەگات و بەپێی دێموگرافی بەرنامە و ستراتێژی پەرەپێدان دانەڕێژێت دەبێتە دۆڕاوی مێژوو. لە چەندین دەیەی ژیانی میللەتاندا پەنجەرەی دێمۆگرافیک جارێک دەکرێتەوە ئەو جارەش یا کەلکی لێ وەردەگرن یا ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست دەدەن.
لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا قۆناغ و سەردەمێک بۆ میللەتانی جیاواز، بەپێی هێزی گەنجان لە ناو کۆی ڕێژەی دانیشتوانیاندا، دێتە پێش کە بە قۆناغی زێڕین و سەردەمی هەستانەوەی مێژوویی ئەوان هەژمار دەکرێت. لەو سەردەم و قۆناغەدا ئەو میللەتانە هێڵی ئاسن و ژێرخانی پیشەسازی، بە تایبەت پیشەسازیی قورس، و پیکهاتە و ستراکچری پێویست لە بواری بوروکراسی حکوومی و سیستەمی فاینانس و بانکداری و زانست و زانکۆ بینا دەنێن.
ئەو میللەتانەی لەو قۆناغدا هەلیان لەدەست دا بوونەتە دۆڕاوی مێژوو و ئەوانەی دەرفەتیشیان قۆستەوە بردیانەوە. ئێران نموونەیەکی بەرچاوە لە ناو دۆڕاوەکاندا و بە پێچەوانەشەوە چوار وڵاتانی پڵینگ ئاسای ئاسیا (کۆریای باشوور، هۆنگ کۆنگ، سیگاپوور و تایوان) نموونەی پۆزیتیڤ و براوەی ئەم بوارەن.
ئەگەر لەو پەنجەرەیەوە لە گەشەسەندن بڕوانین و هەروەها ئەگەر ئەم بۆچوونە زانستیە بنەما بێت، ئەو دەم لێکەوتەکانی بریتی دەبن لە:

  • گەشەی سەرمایەی مرۆیی بە تایبەت لە ڕێگەی خۆێندنی پیشەیی؛
  • گواستنەوەی هێزی کار بۆ کاری بە بەرهەمهێنەرتر؛
  • ئەم خاڵەی سەرەوە تەنیا بە دامەزراندنی کۆمپانیای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنەر و داهێنەر دەکرێت؛
  • بە مەبەستی هەڵێنانی ئەم هەنگاوانە گونجاندنی بارودۆخی یاسایی شتێکی گرینگ و پێویستە؛
  • بۆ ڕێبەرایەتی ئەم ڕەوتە دەبێ دەوڵەتێکی بەهێز هەبێت؛
  • دەوڵەتی بەهێز دەوڵەتێکە کە چوارچێوەی بازاڕ بپارێزێت تاکوو ئاکتۆرەکانی بازاڕ و سەربەستیی جوولەی بازاڕ تەزمین و مسۆگەر بکرێت؛
  • ئەرکی گرینگی دەوڵەت نەهێشتنی مونوپۆل و قۆرخکاری و دابینکردن و سەربەست کردنی چالاکییەکانی ئابووریی خەڵکی جیاوازە لە بازاڕدا؛
  • دانانی ژێرخانی فیزیکیی پێویست بۆ هاتوچۆی خەڵک و شمەک لە پانتایی وڵاتدا؛
  • ڕێبەرایەتی پەروەردە و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمپانیاکانی وڵات؛
  • دامەزراندنی کۆمپانیای سەربەخۆی دەوڵەتی بۆ گەشەی هەموو بوارەکانی ژیان و وەجوڵەخستنی چالاکانی بچووکتری بازاڕ لە دەڤەری جیاوازدا؛
  • دابینکردنی ئاسایشی مرۆیی و گرتنە ئەستۆی ئەمنیەتی خەڵک و دانیشتوان لە لایەن دەوڵەتەوە.
    ئێستا کە کورد لە دنیایەکی ژیئۆپۆلیتیکی ئاڵۆزدا دەژێت و ڕەنگە بەرگی هەرە بەهێزی دیاریکردنی چارەنووسیشی هەر لە مەیدانی ژیئۆپۆلیتیکدا بێت، گرینگە ئەوە بزانین کە بەهێزترکردنی ژیانی میللەت سەرچاوەی هێزە، تەنانەت لە قورسایی سەنگی ئێمە لە دنیای ژیئۆپلیتیکیشدا خەڵک ڕۆڵ و دەوری کاریگەر و گرینگیان هەیە. واتە لە کیس نەدانی هەلی دێموگرافی دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی دۆخی ژیئۆپۆلیتیک. لەو ڕوانگەیەوە، گرینگە سیاسەتی کوردی ئەم بابەتە سەرەکییە بکاتە بەردی بناغەی ستراتێژی خۆی کە پشت نەکردنە لە یەکتر. بە واتایەکی زۆر سادەتر، ئەگەر ماڵ و نان هەبێ و ژیانێکی پەسەند هەبێ هەموو کەس ئامادەن بەرگری لە خاکەکەیان بکەن، دەنا، بەگوێرەی ئەزموون، زۆر لە میللەتان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن. ئەم ڕاستییە بە دروشمان ناگۆڕدرێت.


31/12/2023

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.