▪ کێشە ئێران، ئیسرائیل نیە

نەوزاد محەمەد

ئەگەر کێشەی رژێمی ئێرانی ئیسرائیل بوایە، ئەوە ئیسرائیل ئەوەندە دور نیە و ئێران دەتوانێت بە درۆن و موشەک هێرشی بکاتە سەر.

لە ماوەی ٤٥ ساڵی حوکمی رژێمی ئێرانی و دروسمی مردن بۆ ئیسرائیل، نەمان بینی یەک بەردیشی تێ بگریت، نەک موشەک.

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی، ئێرانیش خۆی دەزانێت هیچ ئەسل و ئەساسی بۆ نیە، بەڵام تەنها پاساواێکە بۆ هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان کە مەبەستی تری لە پشتەوەیە.

بۆچی هەرێمی کوردستان ؟

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە ناوچوونی رژێمی بەعسی سەدامی و پەسەند کردنی سیستەمی فیدڕاڵی لە عیراق و دروست بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو ئەمری واقع، ئەمەیان بۆ رژێمی ئێران جێگای مەترسی بوو و هەر لە سەرەتاوە کەوتە خۆی بۆ دژایەیتی کردنی ئەم قەوارە کوردی یە.

لە سەرەتا هەوڵیان دا بە ڕێگای سیاسی و دیبلۆماسی یەوە قەناعەت بە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن ببنە بەشێک لە بەرەی ئێران لە دژی ئەمریکا و رۆژئاوا، مەبەستی ئێران بە دەست هێنانی ڕێگای ووشکانی بو لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سوریا و ناوچەکانی تر، بە پێی نەخشەی هیلالی شیعی.

ئێران بەردەوام بەرامبەر بە هەولێر شکستی هێناوە لەو بارەیەوە، هەر بۆیە قۆناغ بە قۆناغ دژایەتی خۆی توندتر کردووە، وە دوای گەیشتن قەناعەت کە هەرێمی کوردستان چۆک دانادات بۆ خواستەکانی، کەوتە دژایەتی ڕاستەوخۆ و دەستی لە هیچ نەپاراست.

لەو بەینەدا هەڕێمی کوردستان لە رووی پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسی، پشتیوانی نێو دەوڵەتی، ئابوری، ئاوەدانی و شارستانیەت، خۆشگوزەرانی، ئەمن و ئاسایش، ئازادی و دیموکراسی، بەردەوام لە گەشەکردن دا بووە.

بە هێز بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و فراوان بوونی پەیوەندیەکانی و بە دەست هێنانی پشتیوانی زیاتری نێودەوڵەتی لە لایەک و لە لایەکی تر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧، ئێرانی بێ هیوا کرد کە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە پلانەکانی، هەر بۆیە ئێران ئاستی دژایەتی خۆی بەرز تر کرد، چ بە ڕێگای فشارەکانی ڕاستەوخۆ، یان بە ڕێگای میلیشیا و بە کرێگیراوەکانی لە ناوخۆی عیراق و هەرێمی کوردستان.

ماوەیەکە کار گەیشتۆتە ئەو قۆناغە کە بە پاساوی هەبوونی بارەگای سیخوری مۆساد لە هەرێمی کوردستان هێڕشی مووشەک و دڕۆن بکرێت، کە هیچ ئەسل و ئەساسێکی بۆ نیە، بەڵام پاساوێکی گونجاوە بۆ رژێمی ئێرانی لەگەڵ دروشمەکانی لە دژایەتی کردنی ئیسرائیل.

ماڵی شێخ باز، ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر، شوێنە گشتیەکان، ئەمانە موڵگەی سەربازی و بارەگای مۆساد نین، بەڵام هەوڵی لێدانە لە ئارامی و ئابوری هەرێمی کوردستان.

بەو شێوازە و لەو ئاستەی رژێمی ئێرانی دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، گومانی تێدا نیە کە مەبەستی سەرەکی لاواز کردنی قەوارەی هەرێمی کوردسانە.

هەبوونی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ لە ناوچەکە، مایەی مەترسی یە نەک تەنها بۆ رژێمی ئێران، بێ گومان بۆ تورکیا و سوریاش، چونکە ئەوانیش داگیرکەری بەشێکی خاکی کوردستانن و هەرێمی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن.

ئەوەی ئێستا پێویستە لەسەر کورد بکرێت، یەک ریزی لایەنە سیاسیەکانە، رێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی و هاوڕابوونی تەواوە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندییەکانە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە بە گشتی، بە دەست هێنانی زیاتری پاڵپشتی و هاوسۆزی نێودەوڵەتی یە.

ململانێ وهاوکێشەکانی ئێستا هەن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە قۆناغی داهاتوو زۆر سەخت و دژوار دەبێت و پێویستی بە خوێندەنەوە و ئامادەکاری تەواو هەیە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.