▪  گرنگیی بەشداریی مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیھانیی حکوومەتەکان لە وڵاتی ئیمارات

فرسەت سەید شکور

بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگکارانەی بەردەوام، قورسە دۆخی ئابووری، یان کەشی سیاسی بەرەو ئاراستەی باشتر ھەنگاو بنێت، یاخود بە جێگیری بمێنێتەوە. لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەرھەنگی.. ھتد) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبێت ھەمیشە زیندوو بێت.
بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لوتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە وڵاتی ئیمارات، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و وەک ئەکتەرێکی کارای نادەوڵەتی، بەھا و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە. دەیسەلمێنێت كە ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کاریگەری ناوچەکەیە، پێگەی ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێودانگی خوێندنەوەی ڕۆڵەکانیەتی لە ڕووداو و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیھانییەکان لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراو و گرووپە جیھانییەکانەوە.

لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان بۆ ئەمساڵ بە بەشداری زیاتر 125 سەرکردە و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی دامەزراوەکانی کاریگەرەکانی وڵاتان بە ناونیشانی ئایندەبینی حکوومەتەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەدەچێت.

زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری لەم لووتکەیەدا دەکەن، هاوکات، 200 کەسایەتی ناوداری بواری تەکنەلۆژیا و 110 کۆمەڵەی هاوپەیمانی دیالۆگی دیاری جیهانی بەشداری دەکەن.
لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی ئیمارات بە هاوکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی عەرەبی میوانداری هەشتەمین کۆڕبەندی دارایی عەرەبی دەکات لە پەراوێزی لوتکەکەدا.
لەم لوتکەیەدا پوختەیەک لەبارەی ئابووری جیهانی عەرەبی لە چوار پانێڵی سەرەکیدا دەخرێتە ڕوو: ئابووری گشتی، پێشکەوتنەکان و پێشنیارەکان؛ گفتوگۆکردن لەبارەی کەموکوڕییەکانی قەرز و یارمەتی پیشەسازی چاکسازی دارایی.

گۆڕانکارییەکانی پیشەسازی و وزە

لەم لوتکەیەدا گفتوگۆی چڕ لەبارەی لە چیرۆکی سەرکەوتنەکان، وەکو گۆڕانکارییەکانی پیشەسازی وزە و تۆڕەکانی تری سەلامەتی کۆمەڵایەتی، یەکێکی دیکە دەبێت گرنگییەکانی لوتکەکە.

دوای گەیشتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە فڕۆکەخانە بە گەرمی پێشوازی لێکرا لەلایەن خەلیفە شاهین ئەلمەرەر، وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی ئیمارات، مزەفەر مستەفا جبووری، باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی ئیمارات، ئەحمەد زاهیری، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر و ئامەد عەبدولحەمید، کونسوڵی عێراق لە میرنشینی دوبەی، وا بڕیارە لە پەڕاوێزی ئەم لوتکەیەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دیدگا و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو پرسە گرنگانەی لەم لوتکەیەدا تاوتوێ دەکرێن بخاتە ڕوو؛ لەوانەش دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێگەی ئابووری هەرێم لە ناوچەکە، ڕێگری و ئاستەنگە دروستکراوەکانی پێش کاریگەرتربوونی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و وزە و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە ناوچەکە بخاتە ڕوو. ئەمە و چەندین دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک حکوومەت و بەرپرسانی دامەزراوە گرنگەکانی جیهان بەمەبەستی زیاتر نیشاندانی بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

کۆبەند

پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دیدار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا
ئەو پێکەوەژیان و ئاشتییەی، کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بووەتە نموونەیەکی بەھێز، کە وڵاتانی دیکەی جیھان بەردەوام ئاماژەی پێ دەدەن، دەکرێت ئەوەشمان لەپێشچاو بێت، کە پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژیەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.
دوایین بەشداریی کارای مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە داڤۆس و ھەموو مانۆڕە دیپلۆماسییە کاریگەرەکانی، جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکیین، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
فراوانترکردنی ڕەوتی دیپلۆماسیی ھەرێمی كوردستان
جیهانی سیاسەتی نوێ دروستکردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش بەندە بە مسۆگەرکردنی دانپێدانان، لە ڕێگه‌ی برەودانی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەتی ڕوون و گشتگیر و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان، وریایی لە مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێکدەھێنێت، کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامە لەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.
ھەرێمی کوردستان بەردەوام و ھەردەم پێویستی بە پاراستن و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەم شێوەیە دەتوانێت، جیا لە مسۆگەركردنی مانەوەی قەوارە یاسایی و دەستوورییەکەی، ھەوڵی پتەوکردنی پێگە ئابوورییەکەیشی لە ناوخۆ و دەرەوەدا بدات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.