▪  مەترسییەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە بۆ پەرلەمان

پەری محەمەد

بەرەو هەڵبژاردنەکانی کورستان دەچین، لایەنە سیاسییەکان وا بەستەی رێکخستنی لیستی کاندیدەکانن، (گەرچی بە روونی دیارە کاندیدان کەوتوونەتە خۆ!)تا کۆمەڵیک کەس بنێرنە پەرلەمان کە گرنگترین دامەزراوەیی نوێنەرایەتی راستەقینەی هاووڵاتی دەکات.
لە خولەکانی رابردو و، تەواوی هێزە سیاسییەکان هێندەی کاریان لەسەر کاندیدی نەشیاو بەم دامەزراوەیە کردووە، هەوڵی دانانی کەسی شایستەو بە ئەزموونیان نەداوە ئەمەیش وای کردووە دامەزراوەکە کاری خۆی لەبیربچێتەوە کە نوێنەرایەتیکردنی دەنگی دەنگدەرەو بۆی دامەزراوە! بەڵکو زێدەتر وەک شوێنێکی پەیداکردنی پارەو خۆ پێگەیاندن و کۆکردنەوەی سامان وێناكراوە.

لە مێدیا سێبەرەکان ناوو لیستی زۆرینەی کاندیدانی پارتەکان بڵاوکراوەنەتەوە، هەست دەکەیت هەوڵیان داوە هەر لیستەکە پڕبکەنەوەو هیچ گوێیان نەداوە بە کوالێتی و ئاستی هۆشیاری و زانستی و ئەکادیمی و شیاوبوونی کەسێتییەکە، دەیان کاندیدی تێدا هەن، هیچ مەرجێکی کاندیدبوونی نیەو خودی کاندیدەکەش بڕواو متمانەی بە دەرچوون و سەرکەوتنی خۆی نیە! بەڵام وەک چانسێکی تەمەن و ژیان لێی دەڕوانێت، بەڵکە ئێ! (بوو،بوو نەبوو ، بە گ….) ئەگەر دەرچوو قازانجەو دەبێت بە خاوەنی مووچەیەکی باش، ئەگەر نا کێشەی نیەو هیچ نییە تالەدەستی بدات.
دەبوو تەواوی پارتە سیاسییەکان رێگر بن لەوەی ، کاندیدان وەک دەخیلەو بانکی دەوڵەمەندبوون لەم دامەزراوەیە بنۆڕن.

هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە بۆ پەرلەمان ،دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی دوور مەودای لەسەر حوکمڕانی و داڕشتنی سیاسەت و متمانەی گشتی هەبێت. لایەنە سیاسیەکان بەرپرسیارێتییەکی بەرچاویان هەیە لە دڵنیابوون لەوەی کە کاندیدەکانیان شایستەن. ئەمەش بریتییە لە پرۆسەی وردی پشکنین، پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پێویست، و بەرزکردنەوەی پلەی ئەو کاندیدانەی کە پێشینەیەکی سەلمێنراوی لێهاتوویی و دەستپاکییان هەیە. هەروەها دەنگدەران ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن کە بزانن دەنگ دەدەن بە کێ بۆ ئەوەی نوێنەر ئەوان بکات لە پەرلەمان.

بۆیە زۆر گرنگە بڕوانامەی کاندیدەکانی پەرلەمان بریتی بیت لە خوێندن و ئەزموونی پیشەیی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. ئەم سیفەتانە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دروست، تێگەیشتن لە پرسە ئاڵۆزەکان و نوێنەرایەتیکردن بە شێوەیەکی کاریگەر زۆر گرنگن.

دواجار متمانەی گشتی بە حکومەت بۆ سەقامگیری و کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان زۆر گرنگە. هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە دەتوانێت ئەم متمانەیە لەناوببات، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بێباکی و کەمبوونەوەی بەشداریکردنی مەدەنی و لاوازبوونی پرۆسەی دیموکراسی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.