▪  مەسرور بارزانی و شکاندنی تەنگژەکان

فرسەت سەید شکور

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە چەندین قۆناغی دژوار و سەختدا گوزەری کرد، تووشی نەهامەتی و پیلانڕێژی ناوخۆیی و دەرەکیش بووەوە.
مەسرور بارزانی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی کردە بەر بنەمای حکوومەتەکەی، بەشێوەیەک کە بنبڕی گەندەڵی و هەنگاوەکانی بۆ حکومڕانیی ڕەشید بێت.

لە سایەی سەرکردایەتی خۆڕاگرانەی مەسرور بارزانی، کابینەی نۆیەمی حکوومەت، بەسەر چەندین تەنگژە و قۆناغی دژواردا زاڵ بوو. سەرەڕای ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی ناوخۆ، كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، داشكانی نرخی نەوت، کورتھێنانی داھات، بەفیڕۆچوونی بەردەوامی بەشێك لە داھات، نابەرپرسیارێتیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، کۆسپ و تەگەرەی دەستئەنقەسدەکان و دروستکردنی گرفت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە ڕێگەی جوودا جوودا، لەگەڵ ھەموو ئەمانەش، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و دژواردا، توانیی حکوومەتێكی باش، لەسەر بنەمایەکی ڕێکی دادپەروەرانە بەدی بھێنێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر زوو ئەو تۆمەتانەی پووچەڵ کردەوە، کە ئەو ویستی ڕێککەوتنی نییە لەگەڵ بەغدا، بەڵکو بە کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا سەلماندی، کە ھەرێمی كوردستان لە ھەموو کات زیاتر پەرۆشی پەیوەندیی دروستە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بە مەرجێک، لەسەر بنەمای شکاندنی ئیرادە و جێبەجێکردنی مەرامی سیاسی نەبێت.

ئەم خاسیەتە لە سیاسەت کە پاراستنی ماف و داخوازیی هاووڵاتیانی ووڵاتەکەی لەگەڵدا بێت، و لە هەمانکاتدا، دژ وەستەی ئیرادە شکێنی بێتەوە، لە کەم سەرکردەدا هەیە، مەسرور بارزانی ئەو کەسەیە کە بوێرانە و ژیرانە لە بارودۆخەکان دەڕوانێت، چارەسەری قەیرانەکان دەدۆزێتەوە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئامادەی هەموو جۆرە دانوستاندنێکە کە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدا بێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.