▪تێگەیشتن لە مێژوو تێگەیشتنە لە ئێستای کورد

 

عبداره‌زاق مه‌هدی

( داگیرکاری تورکیا و بارودۆخی کەرکوک و عەفرین و هەرێمی کوردستان )

 

بەپێی سەرچاوەکان لە رۆژنامەی ( ئۆیزێزڤەری ) لەندەن لە ژمارەی رۆژی ٢٠/٥/٢٠٠٠ دا ئەنجامی ١٥ مانگ گفتوگۆی نهێنی نێوان ئیسرائیل و عێراق ئاشکرا دەکات، کە تێیدا سەددام حوسێن بەرامبەر هەوڵی تەلئەبیب بۆ رزگارکردنی بەغدا لەو گوشەگیریی و ئابڵوقەیەی تێیدا بوو، رازی بووە ( ٣٠٠ ) هەزار فەلەستینی نیشتەجێی لوبنان بۆ عێراق و کوردستانی عێراق بگوازێتەوە.[1]

هەمان باس بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندی ستراتیژی و ئابووری و سەربازی بەرفراوانی تورکیا و ئیسرائیل و هاوپەیمانی فەلەستینییەکان لە هاوتای تورک و ئۆپۆزیسۆنی عەرەبی، هاوردەکردنی عەرەبی فەلەستینی بۆ عەفرین، ئەکرێتن بە شتێک دابنێن کە هەموو لایەک رازین تورک و عەرەب و ئیسرائیلیش تەنانەت.

لەوبەر دەبینین هەم لەسەر ئاستی بنەمای نەتەوەیی دژە کوردن هەم لە ئاستی ئاینی، هەموویان کورد بە پارچەیەکی زیادە دەبینن لە ناوچەکەدا، هەم لە ئاستی سیاسی هەموویان لەسەر لێدان لە بونیادی نەتەوەیی و جوگرافی کورد هاوڕا و هاوبەرژەوەندین. کەواتە ئەم جەنگی ( عەلمانی و ئیسلامی ) جەنگی ( حیزبەکان و حیزبەکان ) جەنگی ( خەڵک و حیزبەکان ) لە هەر چوار پارچە لەسەر چ بنەمایەکمان دامەزراندووە؟! لە کاتێکدا عەلمانییەکان ئەگەر پشتگیری ئیسرائیل بکەن، ئەوە ئیسرائیل ئەم فاکتەیە! ئەگەر ئیسلامییەکان پشگیری فەلەستین دەکەن، ئەوە فەلەستین ئەم فاکتەیە! هەردوولایان هاوڕان کورد بکرێتە قوربانی. باشە بۆ ئێمە هاوڕانابین، کە خاوەن دۆزێکین و دەبێت بەرگری لێ بکەن نەک خۆمان خەریکی خۆمان بکەین!

ئەمە بۆیە نوسیم تا وەک سەرەتایەک بتوانین لە داڕوخاوی سیاسی و سایکۆلۆژی کۆمەڵگای کوردی تێبگەین.

سەرۆکێکی ئازەری حوکمی ئێران دەکات دوای مردنی سەرۆکی پێشوو، ئازەرییەکان وا خەریکن سەرمایەگوزاری دەکەن بۆ داهاتووی خۆیان. کارەکانیان بانگەشەکردن بۆ خاوەنداریەتیکردنی زۆرینەی خاکی کورد لە رۆژهەڵات، بە نەتەوەکردنی لورەکان و بە گژیەکدادانی لور و کوردەکان لە سۆشیال میدیاکان. ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری رۆژهەڵات دەناساند خەریکی هەمبەستگی یاخود پاڵپشتی لە پەیامی ژن ژیان ئازادی بوون کە لە کوتایدا بوو بە پەیامێکی فارسی ( ئێرانی )  و ژینا بۆ بە مەهسا و لە کوردستان  رووبەرووی دوشکە بوونەوە، تاران و فارس و نەتەوەکانی تریش تەماشای کاری مەیدان بوون. لە ڕۆژهەڵات کارێک کە دەبوو بکرێت بەهێزکردنی تاک و کۆمەڵگای رۆژهەڵات و بەهێزکردنی یەکڕیزی و دابنیکردنی یەکگرتوویی پێشمەرگە و بوونی سیاسەت و ستراتیژییە بۆ هەموو پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە بوونی نییە، کە ئەمە تەنها کار و لۆژیکی ترین ئەرکیان بوو.

لە باشوور، خەڵک ئەوەندەی خەریکی ئەو کچە مودێلە و تیکتۆکچییەکان و مووچە و شەڕە جنێون، کە بە هەموو لوژیکی ئەمانە بابەت نین بوو بوون بە بابەتی خەڵک دەبینین تەعریب و پەروەردە و خاک و کەرکوک و داگیرکاری لەبیری ئەو خەڵکەدا نییە. ٥١٪ خاکی کورد ناوی نراوە ناوچەی جێناکوک لەبن دەستی کورد نییە، زۆربەی وا تەعریب دەکرێتن، ئەو بەشەی ماویشە لە ئاستی سیاسی و سایکۆلۆژی  و تەنانەت ئاستی تریش بە قولی دابەشبووە،  خۆی لە زوون بەیان دەکاتن کە ئەو پارچەیەش چەند زوونێکە، عەرەب بە میلیۆن لەو پارچە بچووکەش هەن. لە ئاستی ئابووری و سیاسی ، لەو لەتبوونەش نیوە تری بە جەنگی پەکەکە و تورکیا خەریکی کورد لە دەستی دەدات. بەگشتی نازانین چەند دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو هەموو رۆشنبیر و ئەکادیمیست و قەلەم بە دەستە بارودۆخی کوردستانی گەورە و باشوور نابینن، بۆ تێز و شیکاری ناکەن مەگەر قەلەم بوو چییە!؟

ئەمە حاڵی باشوورە هەڵبەت هێشتا عەشیرەت زۆر چالاکە و گەیشتن بە نەتەوەیبوون، ئەستەمە تا ئێستا.

کەرکوک ماوەیەکی یەکجار زۆرە لەبن دەستی عەرەبە بە پارێزگارەوە، وەک دیارە دیسان بە وەکالەت دەکەوێتەوە دەستیان، بارودۆخی گەڕەکە کوردییەکان و پەلکانە و دوبز و ناوچەکانی تر، بە یەکجار دەبێتە کارەسات بەهاوپێچی پڕۆسەی تەعریبی چڕ.

کەرکوک و عەفرین و ئورمیە و سێواس، ئەو شارانەن، خەریکە جەنگی شوناس دەکەن باشە ستراتیژی کورد چییە بۆ داهاتووی خۆی و ئەو شارانە!؟

 نەتەوە هەیە بەبێ ناسیۆنالیزم؟ ناسیۆنالیزم هەیە بەبێ پرۆژەی دەوڵەت؟دەوڵەت بە نەتەوە دادەمەزرێت، یان ئیتنیکێکی بەربڵاو لەسەر ئاستی زمان و جوگرافی و ئیدۆلۆژیا ؟

تێگەیشتن لە مێژوو، بنەرەتمان دەداتێ تێبگەین لە ئێستا، لە کاتی هاتنی جەلائێری و تورکمان و سەلجوقییەکان، بە شاڵاو دەستیان کرد بە کوشتار و وێرانکردنی کورد و کوردستان کرد. کوردانیش دابەشبووبوون لە نێوان چەندین بەرە، هەریەکە لە ماڵی خۆی شەڕی دەکرد. هەبوو دەچووە بندەستی ئەوان بە ئاسانی، بەمجۆرە هەموو ئاترۆپاتین واتە باکوری رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە ژێر دەستی تورک. تورک هاتن و خەڵک و خاکی ئەوێیان داگیرکرد و بەتورککردن دەستی پێ کرد، هەمان شت ئەمەی ئێستا بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی دەکرێت، کە هیچ سیاسەتێک نابینین.

عەفرین و هەموو ناوچە دەریاییەکان، سەلجوقی و دواتر عوسمانی بە یەکجار کوردی لێ راگواستنەوە و تەنها عەفرینی دوور لە دەریا ماوە کە کوردی تێدا ماوە. هەموو میرنشین و هۆزەکان کە خەریکی یەکتر و خەریکی باج کۆکردنەوە بوون، یەک بە یەکە لە یەکتر دوورخران و لەناوبران. بەمجۆرە تورک تاک تاکە بەدلیس و هەکاری و بۆتان هەر جارە و دانەیەکی لەناوبرد تا هیچی نەهیشتەوە و کورد هاتەوە سەر ساجی عەلی. ئەمەی ئێستا لە باکوور و رۆژئاوا هەمان باسە، شتێک لە هێز و بونیادی کورد بوونی نەماوە لە باکوور تەنها خەباتی حیزبی مەدەنی. لە رۆژئاوا هەر جارەو قەیرانێکی بۆ ساز دەکەن.

لە کەرکوک و باشووری کوردستان دیسان هەمان باس، لە بابان هەر جارە و میرێک لەگەڵ بەغدا یان سەفەوی یان عوسمانی رێکدەکەوت دەچوۆە سەر ئەو میرەی خزمی خۆی لەسەر دەسەڵات. بەمجۆرە بۆ دەسەڵات هەموو تەسلیم بەو لایەنە دەکرد کە پاڵپشتی داگیرکەر بوو. بەمەش جەنگی بێ بڕانەوە رێژەی دانیشتووانی کەمکردەوە لەو جوگرافیایە و هێزیش لەناوچوو کە بە گژ داگیرکەر بچن. لە سەردەمی مەلیک مەحموود هەمان باس بوو، دابەشبوون و پەرتەوازەی و هۆزەکان و لایەنەکان بە ویستی خۆیان مامەڵەیان دەکرد. تا بەریتانیا جیای کردنەوە و هەر جارە لایەنێکی لەناوبرد. ئیتر ئەمە تا ئەنفال و کیمیاباران و ئەو هەموو جینوساید و تاوانەی کران لەبەرامبەر کورد، ئەوە سەدەی بیست و یەکە کورد هەر پارچەپارچە و دابەشبووە و دژی یەکن، هەر یەکە خەریکی ئەوی ترە، ئەمەش باشوور.

ئیتر شتێک لە مێژوو نەگۆڕاوە و هەر وەک خۆیەتی، چونکە ئەقڵییەتی کورد هەمان ئەقڵییەتی سەدەکانی ناوەڕاستە. خەریکی بابەتی لاوەکی و ئەفسانەی و میتافیزیکییە، بۆ شتی بچووک یەکتری پارچە پارچە دەکەن و دوژمنیش برای هەموو کوردان بووە لە مێژوودا. جارێک بە پاساوی ئاین و جارێک بە پاساوی خیانەت و شەری یەکتر.، لە هارپاگی ناپاکی میدی و یەزدانشێری ناپاکی بۆتان، بە میلیۆن نمونەی هاوشێوە.


[1] راگواستن ( لێکوڵینوەیەکی جوگرافی و مێژوویی راگواستنی زۆرە ملێی گوندنشینەکانی کوردستانە، پشدەر وەک نموونە) عومەر هەمزە ساڵح، ٢٠٠٩، چاپخانەی خانی ( دهۆک )، ٦٦.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.