کوردستان لە پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکاندا و پڕۆژەیی یەکگرتن و سەربەخۆی
عەبدولڕەزاق مەهدی
فاکتەری جیۆپۆلەتیک لە ژیانی نەتەوەکان وەک شتێکی کاریگەر و گرینگ هەمیشە دەمێنێتەوە، کەواتە خاکی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دوای شەڕی چاڵدێران بۆ یەکەمجار و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ دووەمجار بەئاشکرا لە نێوان ” تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا” دابەشبوو، بەڵام ئەو گرنگییەی کە شوێنی ستراتیجی کوردستان هەیەتی لە سەردەمە کۆنەکانەوە هەتا ئەمڕۆ وەکوو خۆی ماوەتەوە، گرینگی شوێنی ستراتجی کوردستان بووەتە بەڵایەک بەسەر گەلی کوردەوە، کە وایی کردووە کوردستان بەم شێوەیە بە داگیرکراوی و دابەشبووی بمێنێتەوە، وایی لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان کردووە بە هاوکاری دەوڵەتە زلهێزەکان ڕێگە نەدەن کە دەوڵەتی کوردستان دروست بێت.
بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا دوای نەمانی جەنگی سارد و هەڵوەشانی سنووری نێوان دەوڵەتان کە جاران ” ئەستەم بوو” دادەنرا، قۆناخێکی نوێی هاتە پێشەوە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە جیهاندا و هاتنە پێشەوەی سیستەمی نوێی جیهانی، نەتەوەی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە فاکتەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی لە بەرژەوەندییەتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
ئەگەر بمانەوێت لە کرۆکی کێشەی ئاڵۆزی کوردستان و نەتەوەی کورد تێ بگەین دەبێت ئاماژە بۆ ڕوانگە جیۆستراتیجییەکان بکەین، ئەگەر ئێمە سەیری نەخشەی کوردستانی مەزن بکەین، ئەو کاتە تێ دەگەین، دابەشکردنی کوردستان بۆ ئەو هەموو پارچەیە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هێندەی بەشێک بووە لە دابەشکردنێکی جیۆپۆلەتیکی ناوچە هەستیار و گرینگەکانی ئۆڕاسیا، هێندە دابەشکردنێکی نەتەوەیی نەبووە، ئێمە کە بەرەو قووڵایی پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان دەرۆین لەمە تێ دەگەین کە کوردستان کلیلی بەشە ئاسیایەکەی ئۆڕاسییە و لە ناوچەی قەوقازەوە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی کوردستانەوە، بە پارچەکانی ئاسیا دەبەسترێتەوە ئەم بەشە ئۆراسییە، ئەگەر لە نەخشەیەکەوە سەیری ئۆراسیا بکەین، دەبینین کوردستان دەکەوێتە دڵی بەشە ئاسیاییەکەی و ئەو هێڵەیە، کە لە لایەک ئاسیایی ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز بە ئێران و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەبەستێتەوە تا ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا درێژ دەبێتەوە، لە لایەکی تریشەوە پردێکە بۆ بەستنەوەی ئەورووپا بە ئاسیاوە، لە خوارەوەش ناوچەی کەنداو بە دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەڕاست و خوارووی قەوقاز دەبەستێتەوە، واتە چەمکی ئۆراسیا بەبێ کوردستان هیچ واتایەکی نییە، پرۆژەی ئۆڕاسیا بەبێ کوردستان هەرگیز سەرناکەوێت، لە بەشەکانی داهاتوو بە وردی باسی گرینگی ” ئۆڕاسیا” دەکەم بۆ ئێوە لە چوارچێوەی پرۆژە و تیۆرییە جیۆپۆلەتیکییەکان.
هەر ئەم پێگە جیۆپۆلەتیکییە گرینگە فاکتەر بوو کە ستراتیژی ” بەریتانیا” بە ئاراستەی ئەوەدا بڕوات کە پاڵپشتی لە پارچەپارچەکردنی کوردستان بکات، تا پێگە گرینگە جیۆپۆلەتیکییەکانی وەک ” ئەسکەندەروونە” و ” کەنداو و لوڕستان” بگرێت و کورد لە دەریا دوور بخاتەوە، هاوتا ئەم سیاسەتە بەریتانیا چەند دەوڵەتێکی دەستکردنی دروستکردن، بە پاڵپشتی کردنی دەسەڵاتی ناوەندی ئەم دەوڵەتانە هەوڵی دەدا هەژموونی کۆمۆنیزم ڕابگرێت و لەمپەر لە بەردەم سۆڤیەت دروست بکات، فاکتەری کورد لەو بەینەدا بۆ بەریتانیا تەنیا وەک فاکتەری تێکدەر و دژبەر دەبینرا، کە دەبووایە بە هەموو شێوەیەک دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و دروستبوونی کوردستان، بە هاوبەشی دەوڵەتە ناوەندییە دروستکراوەکانی هەنگاو بهاوێژێت و کورد سەرکوت بکات، ئەمەش هەمووی بە فاکتەری عەقڵیەت و سیاسەتی ستراتیژی بەریتانیا بەرکار دەبوو، کورد لە هەموو سەدەی بیست بوو بە قوربانی ئەم حەقیقەتە جیۆپۆلەتیکییەکە کە سیاسەتی بەریتانیا پەیوەست بوو پێیەوە و بە هەموو هێزییەوە دژی بچووکترین ویستی ئازادبوون و سەربەخۆی کوردستان دەوەستایەوە.
ئێستا ئێمە ئەگەر پێناسەی جیۆپۆلەتیک بکەین، دەگەڕێنەوە لای کلن “Rudolf kjellen” کە لە ساڵی ١٩١٧ ئەم زاراوەیەی وا پێناسە کرد ” ئەو زانستەیە کە لە دەوڵەت وا تێ دەگات بوونەوەرێکی جوگرافیایی ئۆرگانیکییە یان دیاردەیەکە لە بوارەکەدا”، ئەگەر بەپێی پێناسەی میکۆل “R.W.Mcoll” لە ساڵی ١٩٧٨ بەم جۆرە دەڵێت ” بە سادەیی جیۆپۆلەتیک، ئەو زانستەیە کە ڕاستییە جوگرافیاییەکان دەستنیشان دەکات، ئەو ڕاستییانەی خۆیان حەشاردراوە، ئەوانەی بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە جا هەستی پێکەییت یان نەکەیت” بە بۆچوونی جفری پارکر جیۆپۆلەتیک ” زانستێکە پەیوەندی نێودەوڵەتی لەڕووی شوێن یان جوگرافیاوە لێک دەداتەوە”
ئێستا کە جیۆپۆلەتیکمان پێناسە کرد دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پێناسەی دەوڵەت، دەوڵەت بە گوێڕەی کلن کە ئەویش کەوتبووە ژێر کاریگەری هزرەکانی فرێدریک ڕاتزلەوە، سەرسام بوو بە بیردۆزەکانی سەبارەت بە پەرەسەندن، لە ساڵی ١٨٩٦دا پەرتووکێکی دەکرد بە ناونیشانی جوگرافیای سیاسی، دەوڵەتی شی کردەوە و لێکی دایەوە وەک ئەوەی بوونەوەرێکی ئۆرگانی بێت لەسەر زەوی، بیرۆکەکانی لەسەر دەوڵەت لەوەدا پوخت دەبێتەوە کە دەڵێت دەوڵەت پێویستی بە خۆراکە لە شێوەی بواری ژیواریدا “Lebensraum”، لە شێوەی دەرامەتدا چونکە بوارەکە کلیلی سەرکەوتنە، دەوڵەتیش لەناو کایەیەک یان بوارێکی دیاریکراودایە، بۆیە پێویستی بەوە هەیە بوارەکەی فراوان ببێت، ئەویش لە ڕێگەی بە یەکبوون داگیرکەری و کۆڵۆنیالیزمەوە دەبێت.
کەواتە ئێمە دەگەین بەو حەقیقەتەی لۆژیکی دەوڵەت لۆژیکێکی جیاوازە، دەوڵەت بەردەوام دەبێت گەورە بێت، بۆ ئەمەش یان دەبێت داگیر کاری بکات یان دەبێت یەکبوون بکات تا ناوچەی بواری و ژیاری خۆی فراوان بکات و بەهێز ببێت، بەم جۆرە جیۆپۆلەتیک زانستی پشت کارکردن و پراکتیکردن و خوێندەوەی ئەم لۆژیکی دەوڵەتەیە، بۆیە هەموو دەوڵەتان بە گوێڕەی ئەم لۆژیکە سیاسەت و ستراتیژی خۆیان ئاراستە دەکەن.
یەکێک لە بیردۆزە بەهێز و کاریگەرەکانی ناو زانستی جیۆپۆلەتیک بریتییە لە ( بیردۆزی ڕیملاند) کە بیرمەندی بواری پەیوەندی نێودەوڵەتییە، سپایکمان خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لە بواری جیۆپۆلەتیک، سپایکمان تیۆری ( لاکان – ڕیملاندی) داڕشت.
لە چوارچێوەی تیۆری ( ڕیملاند) ئێمە دەبینین کە ناوچەکانی ئۆراسیا لە وانە ( ئەورووپای کەناری، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای باشووری و چین) بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و فراوانی دەرامەتە سروشتییەکانە لە هێڵی دەریایی ناوخۆییی و کلیلی کۆنترۆڵی جیهانە.
لە ڕووی جیۆوستراتیژییەوە ( ڕیملاند ) گرنگترین ناوچەی دڵە، ئەم هەرێمە جیۆستراتیژییە بە کردەوە بە درێژایی ماوەی شەڕی سارد ( ١٩٤٥-١٩٩٠) جەمسەری هەموو ناکۆکی جەنگە هەرێمایەتییەکان بوو، کە لە ناوچەکەدا ڕوویدا ئەوە ئەنجامی ڕکابەری نێوان یەکێتی سۆڤیەت ( هێزە و شکانی یەکە) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ( هێزە ئاسمانییەکان)، ئەوەی کە دەناسرا بە ( شەڕی نوێنەرایەتی) یان شەڕی لەبری، بۆ نموونە شەڕی کۆریایی ١٩٥٠-١٩٥٣، شەڕی سوێس ١٩٥٦، شەڕی هیندی – چینی ١٩٦٢، شەڕی ڤێتنام ١٩٦٥-١٩٧٣، شەڕی شەش ڕۆژەکە ١٩٧٦، شەڕی هیندی پاکستانی ١٩٧١، شەڕی ئێران – عێراق ١٩٨٠-١٩٨٨، ناکۆکی لە ئەفغانستاندا لە ١٩٧٩ و هەتا ئێستا. ڕیملاند لەلای سپایکمان بە جیۆپۆلەتیکی ململانێ جیهانی دادەنرێت، سپایکمان دەڵێت:
“هەرکەس کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات کۆنترۆڵی جیهان دەکات”
ناوچەی پێکدادان، لە هێڵەکانی ڕیملاند، کۆمەڵە ناوچەی دیاریکراون، کە لە ئەورووپا ( جگە لە ڕووسیا) و ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا و نیشتمانی عەرەبی و ئێران و ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و کۆریا و ڕۆژهەڵاتی سیبیریادا، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ( کوردستان) شوێنێکی گرنگ و مەرکەزی هەیە لە ناوچەی پێکدادان، بەم جۆرە کە ڕیملاند ناوچەی سەرەکی پێکدادانە، ئۆراسیا دڵی ئەم ناوچەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە تیۆرییەکەی سپایکمان دەبینین ئەمەیە، هەرکەسێک کۆنترۆڵی ڕیلاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات کۆنترۆڵی جیهان دەکات.
ناوچەی پێکدادان، لە هێڵەکانی ڕیملاند، کۆمەڵە ناوچەی دیاریکراون، کە لە ئەورووپا ( جگە لە ڕووسیا) و ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا و نیشتمانی عەرەبی و ئێران و ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و کۆریا و ڕۆژهەڵاتی سیبیریادا، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ( کوردستان) شوێنێکی گرنگ و مەرکەزی هەیە لە ناوچەی پێکدادان، بەم جۆرە کە ڕیملاند ناوچەی سەرەکی پێکدادانە، ئۆراسیا دڵی ئەم ناوچەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە تیۆرییەکەی سپایکمان دەبینین ئەمەیە، هەرکەسێک کۆنترۆڵی ڕیلاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات، کۆنترۆڵی جیهان دەکات.
پێگەی کوردستان لە جیۆپۆلەتیکی ڕیملاند: زۆرترین پێکدادان و بەریەککەوتنەکانی نێوان زلهێزەکان لە سەدەی نۆزدەیەم لەسەر خاکی کوردستان بوونە، بە شێوەیەک کە ستراتیژیشت و عەقڵانی دارێژەریی سیاسەت لە بەریتانیا، لە ستراتیژی خۆیان بە وردی باسیان لەوە کردووە کە دەبێت بەریتانیا دەست بەسەر دوو بەندەر بگرێت کە (ئەسکەندەروون) و (کەنداوی فارس و خوارووی لوڕستان و کرماشانە) بۆ ئەوەی بتوانن لە ئەسکەندەروون کە تاکە بەندەر و دەرچەیە لە ڕێگەوە میسر بخرێتە مەترسییەوە، لەو بەر کەنداو و لوڕستان تاکە دەرچەیەکە کە بەریتانیا بەسرا و ڕێگەی هیندستانی لە ڕێگەوە بپارێزێت، هەڵبەت هەردووک هەرێمەکە ناوچەی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی سروشتی کوردستانن. بەم جۆرە بەهۆی پێگەی جیۆپۆلتیکی کوردستانەوە، زلهێزەکان بە هەموو جۆرێک دژایەتی هەموو بوونێکی کوردیان دەکردن لەسەر خاکی کوردستان، چونکە هەر دەسەڵات و سەروەرییەک لەسەر ئەم دوو خاکە، یەکسانە بە کێشەی ستراتیژی و ئاسایشی ئاست بەرز بۆ زلهێزەکان لە ئاستەکانی هەژموونی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتی. لەو بەر ستراتیژیشت و بیرمەندە ئەڵمانییەکان، دوای گەڕان لە کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تر، درکیان بە گرنگی ئەو سەرچاوە سروشتییەی ئەم ناوچەیە کرد، لە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، هەر کەس کۆنترۆڵی نەوتی میزۆپۆتامیا بکات، لە داهاتووی نزیک کۆنترۆڵی سەرچاوەی وزە دەکات لە جیهاندا، کە نەوت دەبێت بەو سەرچاوەی وزەیە کە خاوەن پێگەیەکی گرنگە لە سیاسەت ئابووری و پیشەسازی زلهێزەکاندا. بۆیەش دەبینین بەریتانیا و فەرەنسا هەستییان دەکرد، کە دەبێت ئەم دوو ناوچەیە بکرێتە ناوچەی هەژموونی ئەوان، لە سەدەی بیستەم، توانیان ئەم ستراتیژی و بەرنامانەیان بکەنە واقیع و لە چوارچێوەی (سایکس پیکۆ) و (سیڤەر) و (لۆزان)، تەواوی هەژموونی خۆیان سەپاند بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
زلهێزەکان تێگەیشتن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن گرنگییەکی تایبەتە لە ئاستی ناوچەکانی ( ڕیملاند)، هەر بۆیە گرنگی تایبەتییان پێی دەدا، کوردستان دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کوردستان، توانیان کوردستان بکەنە کۆلۆنیاییەکی نێودەوڵەتی، کە بچێتە خزمەت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ستراتیژییەکانی کۆلۆنیالیستەکانەوە، بۆیەش وەک لازاریف دەڵێت “یەکەم تەقەی جەنگی جیهانی لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست، لە کوردستاندا بووە”، بۆیەش بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کوردستان، بوونی پێکدادانی بەردەوام لەسەر ئەم خاکە، هەر لە جەنگی عوسمانی – بەریتانیا تا جەنگی عێراق – ئێران، نیشانەی زیندووی ئەم ناوچە جیۆپۆلەتیکییە پیشان دەدات، کە هەروەها بۆ بە ناوچەی ململانێی هەژموونی بەریتانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ڕووسی، ئەمریکی، لەر سەدەی نۆزدەیەم، دواتر لە سەدەی بیستەم ناوچەی ململانێی نێوان دوو ئیمپراتۆری و کۆلۆنیالیستی مەزنی جیهان ( بەریتانیا – فەرەنسا)، دواتر ناوچەی ململانێ و هێڵی ململانێی (سۆڤیەتی – ئەمریکی ) بووە.
بەم جۆرە ئێمە تێ دەگەین کە کوردستان خاوەن ستراتیژی ترین پێگەیە لە ئاستی جیۆستراتیژی لەناو ” ئۆراسیادا” هەر کەس کۆنترۆڵی کوردستان بکات، دەتوانێت کۆنترۆڵی گەورەترین ناوەندەکانی وزە و ستراتیژیترین پێگەی جیۆپۆلەتیکی بکات لە چوارچێوەی جوگرافیای ئۆڕاسیادا، بۆیەش لە ئێستادا زۆرترین لە دەوڵەتانی هەرێمی و زلهێزەکان هەوڵ دەدەن کورد وەک نەتەوە بۆ لایی خۆیان کێش بکەن، پرۆژەی جیاجیا و ڕوانگەی جیاجیا پێشکەشی کورد دەکەن، لە هەمان کاتدا لە ئاستی تردا هەوڵ دەدەن تا دوا ئاست کورد لاواز و دابەش بکەن، تا بتوانن کورد بکەنە بەشێک لە پلانە ستراتیجییەکانی خۆیان و بەکاری بهێنن، تا کورد نەبێتە ئەکتەر و خۆی ستراتیجی نەتەوەیی خۆی ئاراستە بکات.
ئەگەڕ بگەرێنەوە بۆ لایی دۆگینی ستراتیژیست و فەیلەسوفی رووسی، دۆگین دەڵێت ” لە سەردەمی پێداچوونەوەی سیاسی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بە تایبەتی لە ماوەی دروستکردنی ( رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن)ی ئەمریکییەکان کە کۆندەلیزا رایس لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی پێکرد، پرسیار هاتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکییەکان هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی دەکەن یان نە، لەو ساتەوە کە کۆلۆنیالیزمی سیاسی نوێی وڵاتانی رۆژئاوا بە دیارکەوت، بەڵام ئەمجارە لە جیاتی ئینگلیزەکان، ئەمریکییەکان بوون، ئەوان بڕیاریاندا نەخشەی نەتەوەیی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکێشنەوە و لەوەشدا نەخشەی دەوڵەتی کوردی بەدیارکەوت.
” هەڵبەت لێرەدا دۆگین وا باسی ئەم بابەتە ئەکات کە ئەمریکا هەڵدەستێت وەک ئامراز کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت لێرەدا ئێمە ئەبێت ئەو روونکردنەوەی بدەین کە دەوڵەت مافێکی سروشتی نەتەوەی کوردە و ئەبێت جیهان قەبوڵی بکات، نەک ئەوەی دەوڵەتی کوردی بابەتێک بێت، لە ململانێێ نێوان دەوڵەتەکانی تر لە ڕێگەیەوە کورد فریوبدرێت، ئەم دیدگایە زۆر ئایدۆلۆژییە و ئێمە تەنها باسەکەمان وەک خۆی ورژاند تا لە تێفکرینی دۆگین شارەزابین”
دۆگین دەڵێت ” ئێمە لەناو ئەو پلانە جیهانییە کوردییە داین کە کورد بریتین لە نەتەوە و بە دڵنییایەوە لە قوناغی ئێستەدا لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان بسازێت.
- لە بواری ئابووریدا خاکی کوردانی باشوور دەوڵەمەندە بە نەوت.
- سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی هەموو عێراق دەکەونە ناوچە کورردییەکان، لەبەر ئەوە بەدڵنیایەوە کورد دەتوانن زۆر بەجدی ئیدارەی کارۆباری سرووشتی و ئیدارەی سیاسی ئەو جوگرافییە بکەن و لە یاریی جیۆسیاسیدا کۆمەڵە بژاردەی لەبەر دەستی کوردن وەک:
- دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەی، دەتوانن سوود لە پشتیوانی ئەمریکا ببینن.
- پەسەندکردنی ناسنامەی کوردی بە دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بە بێ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەی دابمەزرێت.
ئەگەڕ بگەرێنەوە بۆ لای کۆهەن، هێزی جیۆستراتیژی کورد وەک پێگەی جوگرافی و خەڵک و بونیادی دەزگاکان، لە سەدەی بیست و یەک گەیشتووە بە قوناغێکی زۆر هەستیار و گرنگ، هێزی جیۆستراتیژی و هێزی جیۆپۆلتیکی کە لە ( کۆهەن) وەریبگرین، کۆهەن پێی وایە کە زلهێزە جیهانییەکان هێزی جیۆستراتیژین و بریتین لەوانەی خوارەوە
- زلهێزی دەریای ئەتلەسی کە ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکات
- زلهێزی کیشوەری ئۆراسیای کە رووسیایە.
- زلهێزی کیشوەری ـ دەریایی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە چینە.
لە دەرئەنجامی داروخانی دەوڵەتانی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد وەک نەتەوەی بێدەوڵەت خەریکە دەبێتە هێزێکی ژێرناوچەی کارا، ستراتیژی نەهێشتنی تیرۆریش ئەم پێگەی کوردی بەهێز کردووە، لە لایەکی تریشەوە دینامیکیەتەکانی دەرەوە بە تایبەت پشتیوانی ئاسمانی هێزی جیۆستراتیژی ( ئەمریکا) پێگەی ئەم هێزەی جیۆپۆلتیکییە ناوخۆییەکانی بەهێزتر کردووە.
بەم جۆرە ئێمە دەتوانین بڵێن کە کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکان خاوەن پێگەیەکی جیاوازە و وەک نەتەوە و دەزگا و دامەزراوە تەواو توانیی گەشە بکات، بۆیە جیهان لە پۆتانسیلی کورد وەک نەتەوە کە دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک کە هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرەنتییەک بێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان و تیرۆری بێ پسانەوە، تێ دەگات. هەروەها زلهێزەکان تێ دەگەن، کە خاکی کوردستان و پێگەی جیۆستراتیجی کوردستان خاوەن گرنگییەکی ئەوەندە زۆرە، هەر لایەنێک بتوانێت کورد بەلای خۆیدا کێش بکات ئەو لایەنە براوەی یەکەمە لە ئۆراسیا و بە دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆیە دەتوانین بڵێن هەر کەس کوردستان کۆنترۆڵ بکات، کۆنترۆڵی ڕیملاند دەکات، هەر کەس کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەر کەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات، کۆنترۆڵی جیهان دەکات.
بۆیەش گرینگە کورد هۆشیار بێتەوە، کورد پێویستە قبووڵی ناسنامەی ” کوردستانیبوون ” بکات کە کورد وەک نەتەوە بە خاکەوە گرێ دەدات و ناسنامەیەکی بەهێز و تۆکمە دەدات بە مرۆڤی کورد، هاوکات دەتوانین بڵێن کورد دەکاتە خاوەن ناسیۆنالیزمێک کە پرۆژەی دەوڵەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە، هاوکات دەبێت کورد وەک نەتەوە بیر لە خۆی بکاتەوە و سیاسەت بکات، کاتێک کورد توانی وەک نەتەوە سیاسەت بکات و ناسیۆنالیزمی قبووڵ کرد، دەتوانێت ئیتر پرۆژەی دەوڵەتی هەبێت وەک نەتەوە، بە بوونی دەوڵەت داری، کورد دەتوانێت دۆست و دوژمن جیا بکاتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد دیاری بکات، ئەمەش سەرەتایییەکی بەهێز دەبێت، کە کورد بتوانێت پێگەی جیۆستراتیجی خۆی، پێگەی دیمۆگرافی و جوگرافی و ئابووری خۆی لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنیت تا دواجار بتوانێت لە پرۆژە جیۆپۆلەتیکییەکان گەورەترین سوودی بەر بکەوێت، لە ئێستادا سەربەخۆی و دەوڵەت داری و بوون بەهێز و سەروەری، تاکە ئامانج و ویستی لۆژیکی و دروستی کوردن، کە دەبێت کورد خۆی پێیەوە پابەند بکات، بە پابەندبوون بەم چەمکانەوە دەتوانێت قۆناخە سەرەتایییەکان ببرێت و لە ئاستی شارستانییەت لە قۆناخەکانی دواتردا بگەشێتەوە.
سەربەخۆی و دەوڵەت داری و ناسیۆنالیزم، چارەنووس و حەتمییەتی کوردن بۆ گەیشتن بە دان پێدانان و گۆڕانی جەللادەکانی کورد بە مرۆڤی ئاسایی، ئەمانە حەتمییەتن کە کورد بگات بە سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و شکۆمەندی، ئەمانە حەتمییەتن کە کورد لە ڕێگەیانەوە دەتوانێت کاریگەر بێت لەسەر ئاشتی و گەشانەوە و دژایەتی ستەمکاری و دیکتاتۆری و جینۆساید و فاشیزم لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا ببێت بە برای نەتەوەکانی تر، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا ببێت بە فاکتەری گەشەپێدان بە ناوچەکە، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا بگات بە دان پێدانانی ئەمانی تر، ئەمانی تر دان بە مێژوو و زمان و خاک و کولتووری نەتەوەی کورددا بنێن، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا لە کۆیلایەتی دەربازی بێت و ببێتە ئاغا و دیالێکتێکی هیگڵ دەرباز بکات، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا بە یاسایی دانی پێ دابنرێت وەک مرۆڤ کە خاوەن کەرامەت و بوون و زمان و کولتوور و نەریتە.
بە لەپێش چاوگرتنی ڕووخا سووریا و عێراق و سازنەبوونی دەوڵەت، بە لەپێش چاوگرتنی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بە ئەگەرێکی زۆر پارچەپارچەبوونی ئێران، بە بوونی دەیان قەیرانی ئابووری و سیاسی قووڵی تورکیا، کورد دەبێت دۆخی خۆی لەپێش چاو بێت و وەک نەتەوە سیاسەت بکات، یەکگرتوو و بەهێزبوون ئەرکی کورد بێت و کورد دەبێت بە لۆژیکی دۆخەکان هەڵبسەنگێنێت، کورد دەبێت وەک نەتەوە بیر لە خۆی بکاتەوە و خۆی لەگەڵ پرۆژە جیۆپۆلەتیکییەکان بگونجێنیت، وەک نەتەوە دەرفەت ڕەخسا، دەبێت کورد بەرزترین ئامانجی نەتەوەیی خۆی بەدەست بهێنێت.
سەرچاوەکان
- دەروازەیەک بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیک، هاوڕێ یاسن محمدامین.
- جیۆپۆلەتیک چەمک و پراکتیک، فواد حەمەخورشید، وەرگێرانی ـ جەزا تۆفیق تالیب و ئەحمەد عەلی ئەحمد.
- کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و رەققە، کۆمەڵێک نووسەر.
- کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی سیستەمی جیهانیدا کوردستان لە پڕۆژەی ئۆڕاسیادا، کامەران مەنتک.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.