70 ساڵ خەبات و داھێنانی زانستیانە

فرسەت سەیدشکور

لەو ساتانەی کاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی قورس بوو و پڕ کێشە و ئاستەنگ بوون، قۆناغ پێویستی بە تەحەددا و قوربانی ھەبوون، لە وەختێکی ھەستیار و کوردانەی مێژوویدا لە ١٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ (بارزانیی نەمر) یەکێتی قوتابیانی کوردستانی دامەزراند و بووە نوێنەری خواست و داواکارییەکانی جەماوەری قوتابیانی کوردستان.

دامەزراندنی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” و لەو کاتەدا کۆمەڵێک لایەنی گرنگی خۆی ھەبوون بەتابیەت پێویست بوونی بوونی “قوتابیان و لاوان و گەنجان” لە کایەکانی سیاسی بەرەو پێشچوون و فراوان بوونی شۆڕش ئەگەر بە نھێنیش بووبێت، ھەروەھا برەودان بەو ڕەوتە نەتەوەییەی کوردی لە عێراق و ناوچەکە و پێشڕەوی کردنی قوتابیان لەو قۆناغە.

ھاندان و فێرکردنی “قوتابیان” بۆ بەشدارییان لە کایەکانی سیاسی خەباتدا لە پاڵ زانست و مەعریفەدا بەو پێیەی “بارزانی نەمر” (قوتابیانی بە سەری ڕم )ناساندووە لە خەبات و ڕاپەڕینەکاندا.

سەرەتای کاری ڕێکخراوەیی؛

سەرەتای کاری ڕێکخراوەیی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” بە نھێنی بەھۆی ڕێگری ئەو کاتی حکومەتی عێراقی کە کاری ڕێکخراوەیی بۆ حیزبێکی گەورە و فراوانی وەک پارتی قەدەغە بوو، چونکە ڕژێمی ئەو کاتی عێراقی دەترسا لەوەی کە ئەگەر حیزبێکی کارای وەک پارتی، ڕێکخراوێکی وەک قوتابیانی ھەبێت بێگومان بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە، بەڵام ورە و ئیرادەی پۆڵاینی ئەو کارە ئەو کۆسپ تەگەرانەی تێپەڕاند.

لەو پێناوەدا یەکەم “کۆنگرەی” خۆی بە نھێنی لە شاری “بەغداد” بەستووە کە تێیدا سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی سکرتارییەت ھەڵبژێردراون.
(یەکێتی قوتابیانی کوردستان) لە ماوەی “٧٠” ساڵی تەمەنیدا (١٤) کۆنگرە و (٦) کۆنفرانسی بەستووە.

ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد؛

“یەکێتی قوتابیانی کوردستان” لە قۆناغە سەخت و دژوارەکانیدا ڕۆڵی کوردانەی خۆی زۆر بەباشی گێڕاوە لەگەڵ ھەڵگیرسانی “شۆڕشی ئەیلولی مەزن” کە ساڵی (١٩٦١) پێشمەرگە ئاسا لە شۆڕش و خەبات و زانستدا دژی حکومەتی زوڵمداری عێراق وەستاوەتەوە، لەپاڵ خەباتی چەکداریی و سیاسییدا، مەدەنیانە دەستی لەسەر برین و کەموکوڕییەکانی ئەو سەردەمەی قوتابیان و گەنجان داناوە.

شەھیدانی (ی.ق.ک)؛

شەھیدانی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” لە قۆناغە جیاوازەکان شاھیدی ئەو ڕاستیەن.
بۆ ئەمەش ڕژێمی ئەو کاتی عێراق، ھەموو ھەوڵێکی بۆ گرتنی کادیر و ئەندامانی (ی.ق.ک) داوە، ھەمیشە لەدوای کادیرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە بۆ ئەوەی قۆڵبەستییان بکات و ئازاریان بدات، یان ساردیان بکاتەوە لەو خەباتەی ئارمانجیان بووە.شەهید (لەیلا قاسم) و چوار هاوڕێکەی نموونەی دیار و خۆبەخشینی کادیرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانن.

‎شەهید مەئمون دەباغ، کادیری (ی.ق.ک)، یەکێکە لە نموونە باڵاکانی ڕۆشنفکریی و گیانفیدایی کادیرانی یەکێتییەکە.

قۆناغی دوای ١١ـی ئازار؛

لە دوای رێککەوتنی ١١ ـی ئازاریش زەمینەیەکی دیکەی لەبار ڕەخسا بۆ بەردەوامی کار و چالاکیەکانی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” لەو ماوەیەشدا دوای ڕێککەوتنی شوومی “جەزائیر” یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەردەوام بووە لە ڕێڕەوی خزمەتی قوتابیان و لاواندا.

شۆڕشی گوڵان؛

لە “شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتخوازیشدا” لە بێ ھیوا بوونی میللەت و باڵ کێشانی نا ئومێدی بەسەر ووڵات (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) بەھەمان ڕووحیەت و فۆڕمی کارکردنی لەگەڵ پێشمەرگەکاندا خەبات دەکەن لە دژی زووڵمەکانی حکومەتی عێراقی بەو شێوەیە دەیان ڕێگەی ھەوراز و نشێووی لە کاری ڕێکخراوەیی و حیزبیدا دێتە ڕێگە، بەڵام دەرئەنجامی خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـی لێ دێتە بەرھەم کە “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” سەرتۆپی چالاکیەکان بوون دژی ڕژێمی بەعس و ڕۆڵی کاریگەر و گرنگ دەبینێت لە ڕاپەڕیندا.

لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی (٢٠٠٣) زەمینەیەکی دیکەی کاری ڕێکخراوەیی ھاتە کایەوە، وەک ڕێکخراوێکی جەماوەری و پیشەیی کاریگەر ھەتا “ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی”
ڕۆڵ کارا و گەورەی لەپێگەیاندن و فێرکردن و بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری ھەنگاوی گەورەی نا، دەیان چالاکی جۆراجۆر لەماوەی ساڵانەدا ئەنجامدران.

ڕیفراندۆم؛

لە ساتەوەختی “ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی” کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٧دا، (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) وەک ڕێکخراوێکی کاریگەر و کارا و نەتەوەیی و کرداری لە ڕێگەی چالاکی نەوعی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری نەتەوەیی و بڵاو کردنەوەی بیری ئازادیخوازی، کاریگەری گەورە لە سەرکەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم ھەبوو.

لە پیلانی شوومی ١٦ـی ئۆکتۆبەریش بەداخەوە کە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان لە دەست دەچن، یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە سۆنگەی ھەست کردن بە دڵسۆزی و ئیتیکی کاری ڕێکخراوەی لە ڕێگەی کادر و ئەندامانیەوە لە کەرکوک بەردەوام دەبێت لە کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی سەڕەرای ڕێگرییەکان.

ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە برەودان بە بواری زانستیی:

ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەرگەی ڕێگەیەکی نوێی تێکۆشانی بەڕووی (ی.ق.ک) کرایەوە.
بە فیکر لە بەرپرسیارییەتی مێژوویی، بە بە ھاوکاریی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی لە پێناو بەرەوپێشبردنی خوێندن و پەروەردە دداوە.
ڕێگە سەرەکییەکانیش بریتی بوون لە؛(وریاکردنەوەی قوتابیان بەوپێیەی خوێندن و زانست سەرچاوەی یەکەمی خۆپێگەیاندنە، ئەمەش بە ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار لە دەرەوە و ناوەوەی قوتابخانە و زانکۆکان). (دەرکردنی چەندین گۆڤار و ڕۆڤار و ڕۆژنامەی قوتابییانە و ڕۆشنبیریی). (چاپکردنی بڵاوکراوەی ڕۆشنبیریی و کتێب و نامیلکە).

“یەکێتی قوتابیانی کوردستان” لە مێژووی خۆیدا چەندین سەرکردەی بەتوانا و ڕۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە، ھەریەکە لەم سەرکردانە لە ڕیزەکانی (ی.ق.ک) ڕۆڵی باڵایان ھەبووە، وەک قوتابخانەیەک کانگای پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و بەرپرسی باڵایە، کە لە ڕیزەکانی حکومی سیاسیی و ئیداریی درێژە بە خەبات دەدەن.

ڕۆژنامەگەری یەکێتی قوتابیانی کوردستان دوای ئازادی عێراق:

‎لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ئازادی عێراق، قۆناغێکی تر هاتە پێش، کە وای دەخواست یەکێتییەکە نوێبوونەوە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی ئەنجام بدات، بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی.

‎لەو سۆنگەیەوە یەکێتییەکە (سەنتەری خانە، بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاگەیاندنی قوتابیانە) لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕاگەیاند و ڕچەشکێنێکی گەورەی ئەنجامدا و توانی لە ماوەیەکی کەمدا میدیایەکی خوێنراوی گەورە وەبەر بێنێ. کە بەشێکیان بریتین لە:

‎-ڕوانین، کە ڕۆژنامەیەک بوو مانگانە دووجار دەردەچوو و تێیدا زۆرترین ڕەخنە ئاڕاستەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرا.

‎-خەباتی قوتابیان، کە گۆڤاری ئۆرگانی یەکێتییەکە و مێژوویی ترین میدیای یەکێتییەکەیە.

‎-خامە، کە باشترین توێژینەوەی قوتابیانی تێدا بڵاو دەکرایەوە.

‎-ئۆزۆن، بۆ یەکەمجار ڕێکخراوێکی قوتابییانە، توانی گۆڤارێکی زانستیی و تەکنەلۆژی دەربکات.

‎-پرمە و پلار، ڕۆڤارێکی تەنزئاسا بووە و دەرگای ڕەخنە و تەنز تێیدا کراوە بووە.

‎یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئێستاشدا خاوەنی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیایەکی بەهێز و باوەڕپێکراوە، لە سۆشیال میدیا جێگەی متمانە و ژێدەری زانیاری و ڕێنمایی و هەواڵە بۆ قوتابیان و لە ڕێگەی دەرکردنی گۆڤاری خەباتی قوتابیانیشەوە درێژە بە مێژوویترین بڵاوکراوەی خۆی دەدات و لەپێناو چاکترکردتی سێکتەری پەروەردە دەنووسێ و ڕەخنە دەگرێت

دوای تێپەڕبوونی (٧٠)ساڵ، بڕینی دەیان قۆناغی سەخت و دژوار و قورس لە کاری ڕێکخراوەیی، بە فۆڕمێکی جیاواز لە ووزە، توانا، ڕۆشنبیری، فیکر بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشانی خۆی، بە دروشمی بەردەوامی و نوێبوونەوە، لە ڕێگەی مەکتەبی سکرتاریەتی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” و لق و نووسینگە و سەرجەم ئۆرگانەکانی لە سەرتاسەریی کوردستان و عێراق و ئەوروپا و دەرەوە بە گشتی بەردەوامە لە خەبات و زانست و مەعریفە و چالاکی نەوعی و ھاوکاری زیاتری قوتابیان.

(یەکێتی قوتابیانی کوردستان)، لە یادی ٧٠ ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا، به‌رده‌وام دەبێت له‌سه‌ر ڕێبازی كوردایه‌تیی و داواكردنی ئەو مافانەی کە به‌ده‌ستنه‌هاتوون و پاراستنی ده‌ستكه‌وت و مافه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان و ئارامیی و سه‌قامگیری كوردستان.
ئامانجیشی دابینکردنی کەشێکی تەندروستە بۆ تەواوی قوتابیان بێ جیاوازی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئاینیی و مەزهەبیی و سیاسی، لەم پێناوەشدا پشتیوانی ھەموو ھەوڵ و پێشڤەچوونێک دەبێت.

ھەزاران ئەندام لە (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) لە پاڵ خوێندن و فێربوونی زانست و مەعریفیدا، لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و بەرژەوەندیەکانی نیشتمان تێدەکۆشن بەپێی ئەو پرەنسیپانەی لەسەری دامەزراوە.

بە گشتی لە ئێستادا کارەکانی کارەکانی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) بە شێوەیەک فراوان بووە کە سەرجەم سێکتەر و بوارەکانی گرتۆتەوە، ھەوڵدان بۆ کوردستانێکی بەھێزتر و بەردەوامی لە خزمەتی قوتابیان لە پێناوی ئایندەیەکی ڕوون و سەربەخۆ لە کارە ھەمیشەییەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانن.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی ١٩/٩/١٩٩٩ بڕیاری دا بە دانانی ڕۆژی ١٨ـی شوبات بە ڕۆژی قوتابیان و لاوان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.