9ی نیسانی 2003 ئەو ڕۆژەی توڵەکردنەوەی مەزهەبی جێگای دکتاتورییەتی گرتەوە

وەلید محەمەد


9ی نیسانی 2003 چیە؟
9ی نیسان ئەو ڕۆژەیە کە ڕژێمی بەعسی دڕندە لە عێراق کەوت و خۆری سەددامی دکتاتوری عێراق ئاوابوو، گەلانی عێراق بوونی ئازادی یان هەڵمژی. لەو ڕۆژەدا لەلایەن هاونیشتمانیان پەیکەری دکتاتوری عێراق لە گۆڕەپانی فیردەوسی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت هێنرایە خوارەوەو ڕۆخێنرا.

کێ ڕژێمی بەعسی دڕندە لە عێراق ڕۆخاند؟ کەی هێرشەکە دەستی پێکرد؟
چەند ڕۆژی خایاند؟
دوای تێپەڕبونی 21 رۆژ، بەغدای پایتەخت لەلایەن هاوپەیمانان بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراو پەیكەری سەدامی دکتاتور روخێنرا لە كاتژمێر 5:30 خولەكی بەرەبەیانی 20ی ئازاری 2003 هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەكەم گورزی ئاسمانیان لە ڕژێم وەشاند بەمەبەستی لەناوبردنی، لە 9ی نیسانی 2003، دوای تێپەڕبوونی 21 رۆژ، بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن هاوپەیمانان بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرا.

ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان چەندبوون؟
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا بۆ شەڕی لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی عێراق توانی هاوپەیمانی لەگەڵ 49 ووڵات دروستبكات شەڕەكە لەژێر ناوی‌ پڕۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق بەڕێوەچوو، هەردوو ووڵاتی‌ بەریتانیاو ئوسترالیا هاوكاری‌ سەرەكی‌ ئەمریكا بوون، بەڵام زیاتر لە 90%ی هێزە سەربازییەكان لە هێزی ئەمریكی و بەریتانی پێكدەهاتن.
ژمارەی گشتی سەربازانی هاوپەیمانان زیاتر لە 300000 سەرباز بوون،
لەو ژمارەیەش 250000 سەربازی ئەمریكی و 45000 هەزار سەربازی بەریتانی بوون لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی دیکەی وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانیە.

پێش هێرشەکە ئەمریکا چ داوایەکی لە دکتاتوری عێراق کرد؟
جورج بووشی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوتارێكدا داوای لە سەدامی دکتاتور کرد دەست لە دەستەڵات هەڵبگرێت و خۆی و كوڕەكانی عێراق جێبێهڵن، بەڵام سەدامی دکتاتور بەداواکەی ڕازی نەبوو.

دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس چی ڕوویدا؟
بەداخەوە دوای چاوەروانیەکی دوورو درێژ گەلی عێراق چاوەڕێی دەکرد لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئیدی گەلی عێراق بەئازادی و خۆشی و ئاسوودەیی بژیت و لێبورەدەیی و خۆشگۆزەرانی و ئاوەدانی و بەدامەزراوەیی کردن جێگای دکتاتورییەت و تاکڕەوی بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەناوەڕاست و باشووری ووڵات دەست کرا بەتۆڵەکردنەوەی مەزهەبی و بەهەزاران هاووڵاتی کۆژران و تائێستاش کەلتووری تۆڵەکردنەوە لەم ناوچانە بەردەوامە.

هەڵوێستی گەلی کوردستان چی بوو؟
لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەوڵ درا بەتەواوی گەلی تێکۆشەری کوردستان لەناو ببرێت، ڕژێمی بەعس تاوانی هەڵەبجەو کۆمەڵکۆژیی و ئەنفال و زیندەبەچاڵ کردن و ڕاگواستن و خاپوورکردن … لە دژی گەلی کوردستانی ئەنجامدا، بەڵام گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان هەمیشە بەسەربەرزی مایەوەو ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە ڕیسواو شەرمەزاربوون. ئەوەی جێی شانازی و دلخوشییە گەلی کوردستان هەمیشە لێبووردەو ئاشتی خواز بوو، هیچ پەنایەکی بۆ تۆڵەکردنەوەی نەناو بەپێچەوانەوە کوردستان بووە جێی حەوانەوەی ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
9ی نیسان ڕۆژێکی مێژوویی گرنگ و پرشنگدارەو بۆ هەمیشە لە یادەوەری گەلانی عێراق دەمێنێتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.