وەزارەتى پەروەردەى هەرێم چەند بڕیارى تایبەت دەرکرد

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم حەوت بڕیارى تایبەت بە وەرگرتنى ڤاکسین و جێبەجێکردنى رێنماییە تەندروستییەکان لە قوتابخانەکان دەرکرد و تیایدا، “مۆڵەتی تەنها یەک مانگی داوە بە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناوەندەکانی خوێندن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین”.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا حەوت بڕیاری نوێی پاڵپشت بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەرکرد.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، “پیویستە گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران لە خوێندنگا حکومیی و ناحکومییەکان ماسک ببەست”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەرانی تەواوی ناوەندەکانی خوێندن تا رۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت”، دەشڵێت، “بەپێچەوانەوە بە پێی یاسای تەندرووستی گشتی و یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”.
لە درێژەی بڕیارەکانیدا، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم باسی لەوەشکردووە، “هەموو ئەو خوێندکارانەی تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە، پێویستە لە تاوەکو هەمان بەرواری پێشنیازکراو بۆ مامۆستایان، ڤاکسینیان وەرگرتبێت”.
هاوکات، وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دەسەڵاتی تەواو لای پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانە لەسەر بنەمای پێشنیازی دامەزراوە تەندرووستییەکان؛ بۆ بەردەوامبوون و راگرتنی پرۆسەی خوێندن”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.