راگەێیندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

ئەمشەو ۳۰ ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای ۱۰ی پیادە لەسنووری شارۆچكەی پردێ، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای ۱۰ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی ( خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر ) شەهید بوون.

پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادەو هاوسەنگەرانی دووپاتدەكەینەوە.

بەخەڵكی كوردستان رادەگەیێنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.

لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.

نەمری بۆ شەهیدان

سەربەرزی بۆ خانەوادەكانیان

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

۳۰ی ۱۰ی ٢٠٢٠

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.