كێ کوێخا و ئاغایە و کێ خزمەتکاری میللەتە

نەوزاد محەمەد

هەرێمی کوردستان قۆناغێکی باشی بڕیوە لە پراکتیزە کردنی بنەماکانی دیموکراسی کە لەسەر ئاستی ناوچەکە بە گشتی دیارە و ئاماژەی بۆ دەکرێت.

هەڵبژاردن وەکو پرۆسەیەکی دیموکراسی، بوەتە نمونە و سیمایەکی جوانی هەرێمی کوردستان، کە هەر لە ساڵی ١٩٩٢ وە و تا ئێستا ئەم پڕۆسەیە بە بێ کێشە ئەنجام دەدرێت.

ئەو حالەتەی کە زیاتر جوانی دەبەخشێت، کاتی دەست پێکردنی هەڵمەتی هەلبژاردن و چالاکی حزبەکانە، کە بو شێوازێکی مۆدێرن و ئاشتیانە دەکەونە گۆڕەپان و هەوڵ دەدەن بەرنامەی کاری خۆیان بخەنە بەر چاوی جەماوەر لە پێناو وەرگرتنی متمانە و مسۆگەر کردنی دەنگەکانیان.

جگە لەوەش سیناریوی رخنە گرتن لە حکومەت یا حزبەکان و تا دەگاتە کەسایەتە سیاسیەکان وەکو بەشێک لە بەرنامەی حزبەکان، تا ڕادەیەک ڕێگە پردراوە بە مەرجێک لە چوارچێوەی گونجاوی خۆیدا بێت.

ئەوەی ئێمە بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە لە ١٠ی کانوکی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجام درا، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی و چالاکیەکانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان و لەسەر زاری بەرێز قوباد تاڵەبانی، تومەت و تەشهیر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کرا کە حزبی کوێخا و ئاغایە!، و خەڵکی هاندەدا لە دژی پارتی بوەستن و هەر خۆشی سوێندی لەسەر ئەمە خوارد!!.

ئەم لێدوان و تومەتە زۆر سەیر و نابەجێ بوو، دوور بو لە بنەما ئەخلاقی و رێز گرتن لە بەرامبەر، چونکە تومەت و تەشیرێکی بێ بتەما بوو، نەک رخنە گرتنێکی بەجێ بوو، ئەوە لە کاتێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و ناوەڕۆکیەوە بە حزبێکی جەماوەری نەتەوەیی ناسراوە، هێز و شەرعیەتی خۆی لەناو تەخ و چینەکانی کۆمەڵگادا دەدۆزێتەوە.

ئێستا با بزانین کێ کویخا و ئاغایە و کێ خزمەتکارە ..

لە شەپۆلی باران بارینی ئەم دوو رۆژەی دوایی کە هەرێمی کوردستانی گڕتەوە و بە تایبەت شاری هەولێر، کە بووە هۆی دروست بوونی لافاو لە چەند گەرەکێک و زیانی مادی بە موڵکی گشتی و هاوڵاتیانیش کەوت.

بینیمان کە چۆن دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتنە خۆیانەوە و بە هانای خەڵکەوە چوون، سەرەتا پارێزگاری هەولێر و شارەوانی و تیمەکانی فریاگوزاری، دواتر خودی سەرۆکی حکومەت کەوتە ناو گەرەکەکانەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی هاوڵاتیان بو و بەڵێنی چارەسەری تەواوی کێشەکان و قەرەبو کردنەوەی زیان لێکەوتوانی دا، دواتر لە پەیامێکدا لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەوە دووپات کرایەوە کە هەموو تواناکانیان دەخەنە گەر بۆ چارەسەری کێشەکان و قەرەبۆ کردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی زەرەرمەند بوونە.

ئەوە جگە لە رێکخراوی خێرخوازی بارزانی کە هەر زوو خۆیان گەیاندە ناو گەرەکەکان و ئەوەی لە توانایاندا بوو هاوکاری خەلک یان کرد.

ئایە بەم وێنەیە کە پڕاوپڕە لە خەمخۆری و هەست کردن بە پەڕپرسیاری و خۆ بە خزمەتکار زانین، پارتی چی سەلماند، ئایە حزبی کوێخا و ئاغایە یان حزبی جەماوەر و خزمەتکردنە؟.

لە هەمان کاتدا نەمانبینی جەنابی قوباد تاڵەباتی کە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە بەشداری لە چالاکیەکانی حکومەت دا بکات کە ئەرکی سەر شانیەتی ودەبا مل بە ملی سەرۆکی حکومەت بوایە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نە دەنگ و نە ڕەنگی هەبوو، ئەمەشیان لە نیشانەکانی خۆ بە کوێخا و ئاغا زانینە کە لە کاتی لێقەومان بە هانای خەڵکەوە ناچن و تەنها خریکی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆیانن!؟.

ئەو هەڵوێستانەی لە لایەن بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێندران نیشانەی پەروەردەی پارتی یە بۆ ئەندامەکانی، ئەوەی لە لایەن بەرێز قوباد تاڵەبانیەوە نوێندرا نیشانەی پەروەردەی یەکێتی یە بۆ ئەندامەکانی.

لەو بەینەدا جەماوەری کوردستان بڕیار دەدات کە کام لایەن شایستەی متمانە و وەرگرتنی دەستهەڵات و خزمەت کردنە، لە هەمان کاتدا ئەو لایەنانەش سزا دەدات کە خۆیان لە پێگەیەکی بەرزتر دەبینن و ئامادەش نین خزمەت بکەن.

ئەوەی چاڵێکیش بۆ براکەی هەڵدەکەنێ، هەر خۆی دەکەوێتە ناویەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.